سەرەکی » وتار » هەلپەرستی‌ و سەنگەر گواستنەوە

جا قوربان مەسەلەیەک هەیە

هەلپەرستی‌ و سەنگەر گواستنەوە

سروشتی‌ ئادەمیزاد وایە کە هەمیشە بەدوای‌ قازانج و بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێ و حەز بە دەسکەوت و قازانجی خۆی‌ دەکات. ڕەنگە کەسانێک هەبن تا ڕادەیەک جڵەوی‌ ئەو حەز و ئارەزووەی‌ خۆیان بگرن و نەهێڵن سەرەڕۆیانە ملی‌ ڕێ بگرێ بۆ ئەوەی‌ نەبێتە مایەی‌ زمانکورتی‌ وببنە بنێشتە خۆشەی‌ سەر زاری‌ خەڵک وەکو نەنگی وشوورەییەک باس بکرێت. لەوانەشە خەڵک زۆر بە ئاشکرا باسی‌ نەکەن، بەڵام خۆ زاری‌ خەڵک کونە دیوار نییە تۆپەڵە قوڕێکی پێدا بدرێت و بگیرێت، ئەو شتانە بە ئاشکرا یان بە نهێنی هەر باس دەکرێن. لە بەرانبەردا کەسانێک هەن حەزی بەرژەوەندخوازییان هێندە زاڵە کە گوێیان لە هیچ نییەو هەوڵ دەدەن حەزو ئارەزووەکانیان بێتە دی‌، ئیدی‌ هەرچی‌ دەبێ با ببێ و وەکو پەندە کوردییەکە دەڵێن: (کفن بە من ببڕێ، مردوو گۆڕ بە گۆڕ چێ). ئەو جۆرە کەسە لە کام لا سوود و قازانج هەبێ، ڕوو لەو لایە دەکەن و کورد گوتەنی‌(شەماڵ لە کوێ هەڵکات، ئەوان لە ئەوێ شەن دەکەن) و بە پێی بەرژەوەندی‌ خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن و چۆن جڵ وبەرگ وشتی‌ دیکە دەگۆڕن، بە هەمان شێوە قەناعەتی فیکریی خۆیان دەگۆڕن و وەکو دەڵێن سەنگەر دەگوازنەوە، نەک سەنگەری‌ خەبات، بەڵکو سەنگەری‌ دەسکەوت و پلەو پایەو پۆست. ئەو جۆرە کەسانە پێیان دەگوترێ هەلپەرست. ئەوانە بۆ مەبەستی‌ تایبەتیی خۆیان حزبگۆڕکێ دەکەن و کوێ چەور بێ، ڕوو لەوێ دەکەن. خوای‌ پەروەردگار لە قورئانی‌ پیرۆزدا باسی‌ ئەوانەی‌ کردووە کە ئایین دەکەنە پیشە و بازرگانی‌ بۆ مەبەستی‌ تایبەتیی خۆیان و دەفەرموێ (الذین یتخذون من الدین حرفه‌ أو تجارة). ئەوەی‌ مایەی‌ سەرسوڕمانە ئەوانەی‌ تا دوێنێ خۆیان لەسەر حزبەکەیان بە کوشتن دەدا و بە پیرۆزیان دەزانی‌، دوای‌ ئەوەی‌ کە سەنگەرگۆڕکێ دەکەن دەبن بە نەیاری‌ سەرسەختی حزبەکەی‌ دوێنێیان و بە شێوەیەک وەسفی دەکەن کە پێشتر حزبەکانی‌ دیکەیان پێ وەسف کردووە و تۆمەتی‌ ناڕەوا دەدەنە پاڵ هاوڕێکانی‌ پێشتریان دوور لە هەموو گیانێکی‌ وەرزشیانە. یاریکەرێک کە یانەکەی‌ جێ دەهێڵێ و پەیوەندی‌ بە یانەیەکی‌ دیکەوە دەکات، ئەگەر لە یارییەکدا ڕوو بەڕووی‌ یانەکەی‌ پێشووی‌ ببێتەوە و گۆڵی لێ بکات پووزشی بۆ دێنێتەوە و داوای‌ لێ بوردنی‌ لێ دەکات. دەبینین هەندێک کەس پۆستی‌ باڵایان هەبووە بەڵام ڕەنگە دڵیان شکاندبن، یان لە هەندێ بەرپرسایەتیی لابرابن، یەکەندەردوو سەنگەری‌ خەبات دەگوێزنەوە بۆ نێو سەنگەری‌ ئەوانەی‌ دوێنێ تەنانەت سێبەرەکانیشیان تیرباران دەکردن، کەچی‌ ئەمڕۆ هەمان تیر دەگرنە هاوسەنگەرەکانی‌ پێشووی‌ خۆیان و وەک دوژمنی‌ باوەکوشتەی‌ خۆیان سەیریان دەکەن. من پێم سەیرە چۆن قەناعەت و بیر و باوەڕ بەو ئاسانییە لە نێو مێشکی‌ مرۆڤدا هەڵدەکەنرێ و پێچەوانە دەبێتەوە و دەگۆڕێ.
لێرەدا شـتێکم بیر دێتەوە، کە زۆر گەنج بووم بیستوومە و رەنگە کەم کەس بیستبێتی. ڕۆژنامەنووسێکی‌ عەرەب هەبوو ناوی‌ (یحیی قاسم بوو). ئەو پیاوە بە بیروباوەڕ چەپخواز بوو. دوای‌ ماوەیەک حکوومەتی‌ مەلەکی‌ توانی‌ بۆ لای‌ خۆی ڕایکێشێ و لە هاوڕێکانی‌ دووری‌ خاتەوە. ئیدی‌ نانی‌ کەوتە ڕۆنەوەو ژیان و گوزەرانی‌ هەتا بڵێی‌ باش بوو و ڕۆژنامەی‌ خۆشی هەر دەردەکرد و لافی نیشتماپەروەریشی‌ لێ دەدا. ڕۆژێک تووشی‌ یەکێک لە سیاسەتمەدارە کوردەکانی‌ خۆمان دەبێ و یحیی قاسم دەیناسێ و دەزانێ کە سەروساختی‌ لەگەڵ بزووتنەوەی‌ کوردایەتی‌ هەیە. دادەنیشن و قسەی‌ زۆر دەکەن و باسی‌ یەکێک لە سیاسییە کوردەکان دێتە پێشەوە و یحیی قاسم دەڵێ لەوەتی‌ پۆستێکی‌ باشی‌ دراوەتێ ئەو گەرم وگوڕییەی‌ جارانی‌ نەماوە. کوردەکە پێی دەڵێ (مایخالف خلی هو هم یکون یحیی قاسم مالنا) و بە جۆرە تۆپەڵە قوڕێک بەدەمی‌ دادەدا. لە کۆتاییدا دەڵێم: ماشەڵلا لەم سەردەمە (یحیی قاسم) گەلێک زۆرن. من وا دەڵێم، ئەی‌ ئێوە دەڵێن چی‌؟!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عوسمان عوزێری

خەلیل عەبدوڵڵا شاعیر‌و نوسەرێكی دیاری كوردستانە‌و لەرێی بەرهەمە ئەدەبییەكانییەوە خزمەتێكی ...