سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » كاردانه‌وه‌ی ناواقیعی و چاره‌نووسی هه‌رێم

كاردانه‌وه‌ی ناواقیعی و چاره‌نووسی هه‌رێم

ئه‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێت، به‌گشتی ده‌ره‌نجامی كاردانه‌وه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی چه‌ند مانگی رابردووه‌، كاردانه‌وه‌ی جیاواز له‌وێنه‌ی گه‌وره‌و بچووكدا به‌ته‌واوی ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستانی نه‌خشاندووه‌، سه‌رجه‌می ئه‌و پێشهاتانه‌ی له‌چه‌ند مانگی رابردوودا بینران ده‌رنجامی كاردانەوه ‌بوون، كاردانه‌وه‌كان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌ستیان خستۆته‌ بینه‌قاقای قۆناغه‌كه‌وه‌، ده‌رچوون لێی هه‌روا كارێكی ئاسان نییه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، هه‌ر كاتێك كاردانه‌وه‌ شوێنی لۆژیك‌و سیاسه‌تی دروستی گرته‌وه،‌ ئه‌وا بێگومان دووچاری رۆژگارێكمان ده‌كات كه‌ خوڵقاندنی چه‌ند كارێكی ئاسان بێت، به‌بارته‌قای ئەوە چارسه‌ركردنیشی مه‌حاڵه‌.
پارتی له‌كاردانه‌وه‌ی پێداگریی یه‌كێتی بۆ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌ناچاری رێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ گۆڕان ئیمزا كرد كه‌ خۆشی باوه‌ڕی به‌شێوازه‌كه‌ی نه‌بوو، گۆڕانیش وه‌ك كاردانه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر شكستی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا جارێكی تر ئاماده‌بوو هه‌موو جۆره‌ رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ ئیمزا بكات كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ده‌رگای په‌رله‌مانی به‌ رووی سه‌رۆكه‌كه‌ی داخست‌و وه‌زیره‌كانیشی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ سلێمانی، له‌هه‌موو ئه‌و كاردانه‌وه‌ ناواقیعییانه‌ش جیاوازتر، كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بوو، كه‌ پارتی له‌به‌رامبه‌ر شكستی كاندیده‌كه‌ی له‌به‌غدا هه‌وڵی كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌ی داو ئه‌م هه‌نگاوه‌ش چه‌ند كاردانه‌وه‌ بوو له‌به‌رامبه‌ر شكستێك له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا، ئه‌وه‌نده‌ش راگرتنی باڵانسی نێوخۆیی پارتی بوو، بۆ دابه‌شكاری سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و هه‌رێم له‌نێوان دوو كاره‌كته‌ردا، كه‌ ده‌بوو له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره‌ (كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌رۆكایه‌تی جه‌مسه‌رێكی نێو پارتی ده‌كات)، بڕیار به‌ده‌ستی دوو ناوه‌ندی بڕیاری هه‌رێم بن‌و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخی هه‌رێمی كوردستان‌و كه‌شی گفتوگۆكانیان ئاڵۆزاند، كه‌ به‌هه‌نگاوی حه‌كیمانه‌ نه‌بێت هه‌رگیز ناتوانرێت هه‌روا به‌و ئاسانییه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
كاردانه‌وه‌ی نابه‌جێ بۆ پیشاندانی هێزو هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی كه‌شێك كه‌ عینادی سیاسی تیایدا باڵاده‌ست بێت، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م قۆناغه‌ به‌شێكی گرنگی ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ بێت، ئه‌وا بێگومان بۆ دواتریش به‌رده‌وامی ده‌بێت‌و رۆژ له‌دوای رۆژ له‌دوای پێكهێنانی حكومه‌تیش ئاسته‌نگی تری نوێ دروست ده‌بێت.
چونكه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی ناواقیعی ئه‌وله‌ویه‌ت بێت، ده‌بێت هه‌وڵبدرێت بیركردنه‌وه‌ی دروست كه‌ دواجار بناغه‌ی بنیادنانی داهاتوویه‌كی دروستیشه‌، بكرێته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت‌و كاری له‌پێشینه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ قۆناغ له‌دوای قۆناغ له‌بری چارسه‌ری پێویست، قه‌یرانی نوێ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ داهاتوو، به‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی كرد‌نه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی جۆراوجۆر ده‌بین، هه‌رگیز ناتوانین واقیعییانه‌ هه‌نگاو بنێین. له‌ڕاستیدا به‌ده‌ر له‌چه‌ند مانگی رابردوو كه‌ كاردانه‌وه‌ شوێنی هه‌موو شتێكی تری گرتۆته‌وه‌، چه‌ند ساڵێكیشه‌ هه‌رێمی كوردستان گیرۆده‌ی هه‌مان ده‌رده‌و ده‌وای ئه‌م ده‌رده‌ش به‌ته‌نها ده‌رچوونه‌ له‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ هیچی تیادا سه‌وز نابێت.
كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌ره‌نجامی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان پارتی و گۆڕانیش كه‌ دواجار زیانی زۆری له‌ناوبانگی هه‌رێمیش دا، تا ده‌گات به‌ ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداو دواتریش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی هه‌رێمیش بوو، هه‌مووی كاردانه‌وه‌ بوو له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتری، ئاخر كاتێك چاره‌نووسی هه‌رێمێك كه‌ به‌رهه‌می خوێنی هه‌زاران شه‌هیده‌(به‌ به‌رارود به‌ به‌شه‌كانی تری كوردستانیش ئارامترو پڕ به‌رهه‌متریشه‌) مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌و نابێت هه‌روا به‌و ئاسانییه‌ راگوزه‌ر لێی بڕوانین، چونكه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌موو كاردانه‌وه‌یه‌ك یه‌كسانه‌ به‌ دۆخێكی چه‌قبه‌ستوو، كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیشی زه‌مه‌نێكی زۆرمان پێویسته‌ تاوه‌كو بیگه‌ڕێنینه‌وه‌ قۆناغی پێش كاردانه‌وه‌كه‌.
نه‌بوونی مه‌رجه‌عێك بۆ بڕیاردان (جا ئه‌م مه‌رجه‌عه‌ تاكه‌ كه‌سێك بێت یان ناوه‌ندێكی بڕیار) گرفتی سه‌ره‌كیی ئێستای هه‌رێمی كوردستانه‌و به‌م پێیه‌ش بێت هه‌موو ساتێك ده‌بێت له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دابین كه‌ كێ له‌به‌رامبه‌ر كێدا كاردانه‌وه‌یه‌ك ده‌كاته‌ پێش مه‌رج‌و دواتریش چه‌ند مانگی تر ده‌بێت له‌چاوه‌ڕانی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ردا بین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت، كه‌ سه‌ره‌نجامی كۆی ئاسته‌نگه‌كان به‌ ته‌نها كاردانه‌وه‌ی پارتی‌و گۆڕانه‌ به‌شێوازو قه‌باره‌ی جیاجیا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌پێناوی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوودا

سه‌ركه‌وتنی هه‌ر حكومه‌تێك په‌یوه‌سته‌ به‌شێوازی بیناكردن‌و جۆرو ستراتیژی كاركردنی، بێگومان ...