سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » باس باسی سودانە

باس باسی سودانە

دوای جەزائرییەكان، سودانییەكانیش بەزمەكەیان گەرم كرد و بوونە پێشەنگی مانشێتی میدیاكانی جیهان، ئەمەش دوای ئەو رووداوانەی لە وڵاتەكەدا رویاندا و لەسەركالابردنی سەرۆك عومەر حەسەن بەشیریان لێكەوتەوە.
سودانییەكان هەر بەو دەستكارییە سەرپێییەی جەنەڕاڵەكانی سوپا رازی نەبوون، بەڵكو داواكاریی و داخوازییەكانیان زیاتر كرد و گۆڕانكاریشیان لە دەستەی ئەنجومەنی ئینتیقالی و ئەو سەركردانەدا كرد كە لە دوای راماڵینی حەسەن بەشیر و دوورخستنەوەی لە دەسەڵات، هاتبوونە پێشەوە و
لەئێستادا باس باسی سودانە و باسی ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەیە كە لەو وڵاتەدا ڕویدا، باسی دوورخستنەوەی ئەو سەرۆكەیە كە دەیان ساڵ حوكمڕانی وڵاتەكە كرد و لە سەردەمی ئەودا جەستەی سودان پارچەیەكی گرنگی لێبووەوە، بەبێ‌ ئەوەی لە دەستی یاخیبوون و جەنگی باشوور قورتاری ببێت.
رەنگە چارەنوسی سەرۆكی لەسەركارلادراوی سودان جیاوازتر بێت لە چارەنوسی سەدام و قەزافی و بن عەلی، بەو پێیەی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان تۆمەتبارە بە كۆمەڵكوژی و قەتڵوعامكردنی گەلەكەی لە دارفۆر و سودانی باشوور، خۆشاردنەوەشی لەئێستادا قۆناغێكە لە قۆناغەكانی رۆیشتنی بەرەو ئەو چارەنوسەی پێشتر بۆی دیاریكراوە، روو وەرگێڕانی سعودییەكانیش لە هاوپەیمانەكەیان، بە دەستەواژەیەكی تری ئەو پێشبینییە دادەنرێت.
زۆرێك بەشێوەیەكی روكەش و سەرپێی دەڕواننە ئەو رووداوانەی لە سوداندا روودەدەن، بەبێ‌ ئەوەی درك بەو نەخشە و هاوكێشە پێشینانە بكەن كە بۆ ناوچەكە دانراون و گەر ئێستاش نەبێت لە دەیان ساڵی داهاتوو نۆبەی جێبەجێكردنیان دێت.
سودانییەكان پێیانوایە ئایندەیەكی باشتر لەئێستا لەڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەوە چاوەڕوانیان دەكات، ئەمەش رەنگە لە چوارچێوەی خۆزیایەكی دوورمەودا بێت و بواری هێنانەدی لەم قۆناغەدا تا رادەیەك ئەستەم بێت.
باس باسی سودان و بەهارێكی تری عەرەبییە كە سوپا لە دوای خۆپیشاندانەكان رۆڵی باڵای تێدا بنیوە، رۆڵێك كە تەنیا خۆی لە قۆزاخەی سیناریۆیەكی بێ‌ تەم و مژاویدا دەبینێتەوە و ئەركی لابردنی سەرۆك و گرتنەدەستی قۆناغی ئینتیقالی دەگێڕێت، ناوبەناویش لە هەیبەت و شكۆی كەمدەكرێتەوە.
ئەم باسەی سودان وەك باس و خواسەكانی تر، ماوەیەك دەخایەنێت و رەنگە وەك هەندێك لە زنجیرە دراماكانیش، كۆتاییەكەی بۆ بینەر بەجێبهێڵدرێت كە جگە لە تراژیدا چاوەڕوانكراوەكان، پێناچێت هیچ شادییەی لە ئاسۆكانییەوە دەربكەوێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئیخوانیشی هاتەسەر

ئیدارەی ئەمریكایی، كار بۆ ناساندنی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین دەكات وەك ...