سەرەکی » مانشێت » ״قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی تاوانی بۆردومانكردنی قەڵادزێ״

״قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی تاوانی بۆردومانكردنی قەڵادزێ״

پەیامی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی بۆ یادی (45) ساڵەی بۆردومانكردنی قەڵادزێ
خەڵكی خۆڕاگری قەڵادزێ!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان!
چل‌وپێنج ساڵ لەمەوبەرو لەرۆژی 24/4/1974، كاتژمێری (9:45)ی سەرلەبەیانی، فڕۆكە جەنگیەكانی رژێمی بەعسی لەناوچوو كوێرانە بۆردومانی (قەڵادزێ)یان كرد‌و بە چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی (ناپاڵم) شوێن‌و جێگا مەدەنیەكانیان كردە ئامانج‌و لەماوەیەكی دیاریكراودا، ژمارەیەك شوێن‌و جێگای مەدەنی وەك شوێنی حەوانەوەی خوێندكاران، سەرۆكایەتی زانكۆ، بەشێك لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ، قایمقامییەت‌و فەرمانگەی شارەوانی‌و خوێندنگاكان‌و نزیكەی (27) ماڵ‌و (40) شوێنی كاركردنی هاووڵاتیان ئامانجی ئەم هێرش‌و پەلامارە دڕندانە بوون.
لەو پەلامارە دڕندانەیەدا (134) هاووڵاتی شەهیدبوون‌و (152) هاووڵاتی تریش برینداربوون. زۆربەشیان لەژن‌و مناڵ‌و بەساڵاچوو بوون، لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكارو مامۆستا، كە بەمەبەستی خوێندن و وانەوتنەوە روویان لە شارەكە كردبوو.
تاوانی بۆردومانكردنی قەڵادزێ ئەگەرچی لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، وەك بەشێك لەكەیسی تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال ئەژماركراوە، بەڵام لە ڕاستیدا خۆی تاوانێكی نەخشە بۆ كێشراو بوو، لەدرێژەی ئەو تاوانانەی بەعس بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستان جێبەجێیدەكرد، كە لە ٢٠/٦/١٩٨٩ دەستیكرد بەڕاگواستنی شاری قەڵادزێ‌و ناوچەی (پشدەر) بۆ ئۆردوگاكانی خۆرئاوای هەولێرو سلێمانی، دوای چۆڵكردنی ناوچەكە لەهاووڵاتیان بەماددەی(TNT) سەرجەم خانوو و قوتابخانەو مزگەوتەكان تەقێنرانەوەو ناوچەكەش بە (خاكی قەدەغە كراو). ئەنجامی ئەم سیاسەتەش لەساڵی 1974 بۆ 1989 خاپوركردنی (125) گوندی سنورەكەی لێكەوتەوەو دانیشتوانەكەشی بە زۆرەملێ ڕاگوێزران.
ئێستا كە یادی (45) ساڵەی ئەم تاوانە دەكەینەوە، جەخت دەكەینەوە، لەسەر قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی تاوانی بۆردومانكردنی قەڵادزێ‌و ئاوەدانكردنەوەی زیاتر شارەكە‌و ناحیە‌و گوندەكانیشی. پێویستە لە ئاستی هەرێمی كوردستان‌و دەوڵەتی عێراق وەك كەیسێكی نیشتمانیی هەوڵەكان چڕ بكرێتەوە بە گوێرەی گەورەی تاوانەكە لەرووی مرۆیی‌و ماڵیەوە وەك تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە ئاستی ناوچەكەو دنیا بناسێنرێ‌و توێژینەوەو هەوڵی دۆكومێنتكردنی تاوانەكە‌و مۆزەخانەیەكی تایبەتیش بۆ بەڵگەكانی تاوانەكە بكرێتەوە.
یادی ئەم تاوانە‌و تەواوی تاوان‌و بۆنە نیشتمانیەكان، پێویستە هاندەرمان بێت بۆ پتەوكردنی یەكێتی ریزەكانی گەلەكەمان‌و لایەنە سیاسیەكان، بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە دیموكراسی‌و دەستوری‌و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان‌و رووبەڕوبونەوەی مەترسیەكان.
سڵاو لە شەهیدانی قەڵادزێ و پشدەر، شەرمەزاری بۆ تاوانبارانی بۆردومانكردنی قەڵادزێ.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کاتێک ئینسان لە ئەخلاق دادەبڕێت بۆ عەرەبە هاوردەکانی کەندێناوە

شێرکۆ کرمانج 10 ساڵ پێش ئێستا لە تێزی دکتۆراکەم پێداگریم ...