سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » ئەوەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەكرێت

رونتر

ئەوەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەكرێت

هەموو هەنگاوێكی هەڵە یەكسانە بەدەرنجامێكی هەڵە، وەك چۆن هەمیشە هەموو بنیادنانێكی ناتەندروست داهاتوویەكی تاریكی دەبێت، لەدایكبوونی ئۆپۆزسیۆن‌و حەماسەتی سەرەتای دروستبوونی لەلایەن لایەنێکەوە، دواتریش تێگەیشتن لەو راستییەی كە ئەم شێوازی كاركردنە هەڵەیەو خزمەتی داهاتوو ناكات، كۆی پێناس‌و ناساندنی ئەو بەرەیەیە لە هەرێمی كوردستان كە سەرئەنجام خودی ئەو هێزەی كە لە قۆناغێكدا پێیوابوو سەرمەشقی گۆڕانكارییە، دواتر خاڵی كۆتایی بۆ ئەو خواستەی داناو لە كابینەی هەشتەم هاوبەشی پێكهێنانی حكومەت‌و بۆ كابینەی نۆیەمیش داوایی برابەشی ئەو دەسەڵاتە دەكات كە لە سەرەتای دروستبوونییەوە وەك مەترسی جددی دەیناساندو بانگەشەی رووخاندنی دەكرد.
ئێستا گۆڕان لە جوڵانەوەیەكی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەوە، ئیدی بۆ داهاتوو دەبێت بە بەشێك لە هەنگاوەكانی حكومەت‌و بەپێی قورسایی ئەو پۆستانەی پێ دەدرێت (كە زۆر زیاترە لە سەنگی پەرلەمانی) پشكی سەرەكی دەبێت لە سەرجەمی هەورازو نشێوییەكانی چوار ساڵی داهاتوو، بەتایبەت كە ئیدی دەنگدەرانی خودی بزووتنەوەكەش لەوە تێگەیشتوون كە گۆڕان چی لە هەگبەیدایەو بۆ داهاتووش چی دەكات.
ئێستا گۆڕان بە هەموو كەموكورتییەكانییەوە دروشم‌و بەرنامەو ئەجێنداكەشی بووە بە رابردوو، ئەمە تائێرە چیرۆكی بزووتنەوەیەكە، كە دوای خۆی بۆ ئەبەد خەونی ئۆپۆزسیۆنبوونیشی خستە تاریكییەكی ئەوتۆوە، كە هەروا بەو ئاسانییە رووناكی نابینێتەوە، نەك هەر ئەمەش، بەڵكو سەرجەمی ئەو هەنگاوانەشی لە دوای كۆتایی گۆڕانەوە بە ئاراستەی هاوتابوونی سەرەتاكانی ئەو بزووتنەوەیە بنرێن، لەلایەن هەر جووڵانەوەیەكەوە كە بانگەشەی نوێگەری‌و دیدی جیاواز بكات، هەنگاوێكی تەواو ناتەندروست دەبێت، چونكە ئەوانەشی لە دوای گۆڕانەوە خۆیان كردووە بە بڵندگۆی ئۆپۆزسیۆن، ناتوانن بەردێكی زیاتر بخەنە سەر ئەو بیناكردنەی كە گۆڕان لە دەستپێكەوە نەخشاندوویەتی.
ئەوەی لە رابردوودا بینراوە، لە سەرەتاوە تاكۆتایی بە جۆرێک لە جۆرەکان یاریكردن بووە بە چارەنووسی هاووڵاتیان‌و پیشاندانی وێنەی گەورەی بێ ناوەرۆك، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو ئەوانەشی لە دوای ئەوانەوە دێن، ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەرهەم دەهێنێت كە هەر لە سەرەتای یەكەم ئەزموونی پەرلەمانی خۆیدا سیماو رەفتارەكانی جێگەی هەڵوەستەیە. كە پێویستە زۆر بە وردی كاری لەسەر بكرێت‌. چونكە راستە ئۆپۆزسیۆنبوون گرنگەو هەمووانیش لەسەر ئەوە كۆكن، هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام دەبێت بزانین چۆن هێزێك‌و كام ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەی بە ناوو ناونیشانی گەورەوە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەكەن، خۆیان چین‌و چییان كردووەو ئەگەر داهاتوو بخرێتە مستیانەوە چی لەم وڵاتە دەكەن؟ ئاخر جوڵانەوەیەك تەنها لە بەرامبەر رەخنەی هەڵبژێردراوەكانی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڕەشەی كەسیی‌و تایبەت‌و قێزەون بكات، ئەگەر بۆ داهاتوو (كە ئەمە هەرگیز روونادات بەم كەرەستەیەوە)، چارەنووسی هەمووانی لە دەستدا بێت، دەبێت چۆن بتوانرێت رەخنە لە شێوازو هەڵسوكەوتەكانی بگیرێت؟
لە واقیعدا گرفتی سەرەكیی ئەو هێزانەی لەم دواییەدا وەك هێزی ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەناسێنن، بەشێكی پەیوەستە بە لاوازیی ئەو جوڵانەوەیەو ئەو لایەنە سیاسییانە، بەشێكی تریشی پەیوەستە بە بەردەوامیدان بەم شێوازەی كە لە رابردوودا شكستی هێناوە، ئەوانەی ئێستا بەناوی نوێگەرییەوە بوونەتە هەڕەشەی جددی لەسەر ژیانی ئەندامەكانیان (وەك ئەوەی خۆیان دەیڵێن‌و ئاماژەیان پێی داوە) هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە، وەك هێزێكی تەقلیدی‌و بە كەرەستەی كۆن‌و ناوو لۆگۆی نوێوە هاتنە گۆڕەپانەكەو ئەمەش هەر لە دەسپێكەوە ئاماژەی كۆتایی ئەو هێزانە پیشان دەدات، كە نەك هەر ناتوانرێت جیاوازی لە ستراتیژەكەیاندا ببینرێت، بەڵكو لەو هێزانەش لاوازتر دەبن كە رۆژگارێك بە لە شكرێك پەرلەمانتارەوە نەیانتوانی هەنگاوێكی جددی بنێن‌و تەنها ناونیشانی گەورەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان كرد بۆ هێمای پیشاندانی جیاوازییەكانیان. ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێت جارێكی تر بە تەنها دووبارەكردنەوەی ئەزموونێكە كە دوورونزیك پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروستی خاوەن ستراتیژەوە نییە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌پێناوی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوودا

سه‌ركه‌وتنی هه‌ر حكومه‌تێك په‌یوه‌سته‌ به‌شێوازی بیناكردن‌و جۆرو ستراتیژی كاركردنی، بێگومان ...