سەرەکی » زانست » با تۆو بڕاو نه‌بن به‌ده‌ردی سالمه‌ نه‌چن

كنگر و ڕێواس دوو رووه‌كی خۆڕسكی به‌سوودن

با تۆو بڕاو نه‌بن به‌ده‌ردی سالمه‌ نه‌چن

ئاماده‌کردنی:سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

له‌كۆنه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ ڕووه‌كه‌ خۆڕسكه‌كان ، خۆراكی خه‌ڵك بوون ، كنگر ، ڕێواس ، گۆزه‌روان ، كاردۆ ، لوشه‌ ، پاڕه‌زا وپیچك و تۆڵه‌كه‌ ……هتد ، جاران هه‌ركه‌س ده‌چوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌وڕووه‌كانه‌ ، ته‌نها بۆ خواردنی خۆی و خێزانی بوو . وه‌هه‌ركه‌س له‌ سنورێكی جوگرافی دیاری كراودا ، له‌نزیك ئه‌و گوندو شارۆچكه‌یه‌یی لێ ده‌ژیا ، بۆیه‌ بۆ پاراستنی ڕه‌گه‌زی ئه‌و ڕوه‌كانه‌ ، تاڕاده‌یه‌ك ده‌ستی ده‌پاراست .به‌ڵام ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ئاسان بووه‌ ، وه‌ ئه‌و سنوره‌ی جاران خه‌ڵك له‌ده‌وری گونده‌كه‌ی خۆی تێی نه‌ده‌په‌ڕاند به‌هه‌ند ناگیرێ ، خه‌ڵك له‌وه‌رزی به‌هارا ، له‌هه‌ر شوێنێ ده‌ستی پیا بگات ، بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و ڕووه‌كه‌ تۆو بڕاو ده‌بێت یان نا . ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵكه‌ندن و ڕنینه‌وه‌ . دواتر وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می باخ و بێستانی خۆی بێ ده‌یهێنێته‌ بازاڕ بۆ فرۆشتن . جاله‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ، ئاره‌زوی خواردن وبه‌كار هێنانی ، ئه‌م ڕوه‌كه‌ خۆڕسكانه‌ ده‌كه‌ن . پاره‌یه‌كی باش ده‌كه‌ن . بۆنمونه‌ نرخی كیلۆیه‌ك كنگر ، دووهێنده‌ی نرخی مۆزه‌ ، كه‌چه‌ند له‌و ڵاتێكی دوره‌وه‌ دێت و كرێبارو چه‌ندین جۆر باجی ده‌چێته‌ سه‌ر .
هه‌ندێك له‌م ڕوه‌كان كه‌ گه‌لاكانیان ده‌خورێت ، به‌هۆی نه‌شاره‌زایی له‌ كۆكردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌و هه‌ڵگرتنی ، زوو خراپ ده‌بێت ، له‌وانه‌ پیچك كه‌ جۆرێكه‌ له‌ پیازه‌كان ،كه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی مێرگدا نه‌بێت ناڕوێ ، وه‌ گه‌ر كۆمه‌ڵ بكرێ به‌سه‌ریه‌كدا و بئاخنرێته‌ ناو نایلۆنه‌وه‌ ، نه‌ك هه‌ر سیس و ژاكاو ده‌بیت ، به‌ڵكو ماده‌ی ژه‌هرینیشی تیا درووست ده‌بێت
كاتی خۆی له‌ سه‌رده‌می قه‌یرانی ساڵی نه‌وه‌ده‌كاندا سالمه‌ كه‌ به‌هایه‌كی بازرگانی هه‌بوو ، سه‌دان مێرگی پڕ سالمه‌ كه‌وته‌ به‌ر شاڵاوی هه‌ڵكه‌ندن و بنج بڕ كرا ، ئێستا مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن ببینرێت .
گژوگیا خۆ ڕسكه‌كان له‌ دوای بارانی په‌ڵه‌ی پایز تۆوه‌كانیان ده‌ڕوێته‌وه‌ ، له‌پاش كۆتایی چله‌ی زستان هندێكیان پێده‌گه‌ن ، یه‌كێك له‌و ڕوه‌كه‌ خۆڕسكانه‌ی ، له‌ بازاڕه‌كانی كوردوستاندا به‌دی ده‌كرێ ، كنگره‌ . یەکێک ‌ لە گیا بەهاریەکانه‌ ، کە لە کوردستان بەگشتی ده‌خورێت، کنگر کە بە چەندین شێوه‌ ئاماده‌ده‌کرێت و ده‌خورێت باشترینیان ته‌ها كوڵاندنه‌ به‌ ئاوێكی كه‌م و خواردنه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌شی.
كنگر ڕوه‌كێكه‌ گه‌ڵاو به‌ڕه‌كه‌ی دڕكاویه‌ ،ئه‌وه‌ی ده‌خورێت ، بنجی كنگره‌ كه‌ ڕه‌نگی سپیه‌ و هه‌ڵده‌كه‌نرێت ، دواتر گه‌ڵاكانی لێ ده‌كرێته‌وه‌ . به‌ری كنگر تۆپزی و دڕكاویه‌ ، له‌هاویندا كه‌ وشك بوو ، تۆوی كنگر وه‌ك چه‌ره‌س سودی لێوه‌رده‌گیرێ ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.
كنگر پۆتاسێوم و ئاسن و مگنیسیۆمی و ڤیتامین B. C .K تیایه‌ و جۆرێك له‌ كاربۆهیدراتی ئاڵۆز و ڕێشاڵی تیایه‌ ، دژی هەوکردنی جەستەیە، هاوکات ئاره‌زووی خواردنی زیادده‌کات، چونکە کرداری هەرس چالاک ده‌کات.
میزه‌ڵدان چالاک ده‌کات، وزه‌ بە لەش ده‌بەخشێت و دڵ بەهێزده‌کات. بۆ ئەو کەسانەی کەم خوێنن یان شەكره‌یان هەیە، بەسووده‌ بیخۆن. بەپێی توێژینەوه‌ زانستیەکان مادده‌یەک لە گەڵای کنگردا هەیە بەناوی «سینارین»، کە یارمەتی توانەوه‌ی کۆلیسترۆڵی خوێن ده‌دات .هه‌روه‌هاو مادده‌یەکی «کاربۆهێدراتی تیایه‌ بەناوی ئینۆلین» کە یارمەتی چالاکبوونی ریخۆڵە ده‌دات، هاوکات دژه‌ ئۆکسانە، ئەمەش بەرگری لەش دژی شێرپەنجە زیاد ده‌کات، بەتایبەت شێرپەنجەی پێست ، وه‌ خۆپاراستن له‌ نه‌رم بونه‌وه‌ی ئێسك و نه‌خۆشی الزه‌هایمه‌ر و كه مكردنه‌وه‌ی گرژی ماسولكه‌ .
سەره‌ڕای هەموو ئەو سوودانە، کنگر زیانی بۆ ژنی دووگیان و منداڵان و تووشبووانی نەخۆشیە قورس و درێژخایەنەکانی گورچیلە و جگەر یان زراو هەیە .
كنگر و هه‌موو گیا به‌هاره‌كان به‌ كولاوی خواردنیان باشه‌ ، وه‌گه‌ر هه‌ڵگیرا كه‌ زۆرینه‌ی سوده‌كانی نامێنێ ، ده‌بێت به‌شی كه‌م كه‌م بێت و زه‌رد كراو بێت وه‌ك باوه‌ له‌ موجه‌میده‌دا ، ده‌بێت گه‌ر توایه‌وه‌ بخورێت ، نابێت جارێكیتر هه‌ڵبگیرێته‌وه‌. له‌ درووستكردنی كنگر ماسیشدا ،چاكتره‌ زیته‌كه‌ی كه‌م بێت .
ڕێواس كه‌ له‌قه‌د پاڵه‌ سه‌خته‌كان نه‌بێت نابینرێت به‌تایبه‌ت نزیك ڕه‌نووی به‌فر . ڕێواس وه‌ك كنگر نیه‌ دڕكاوی بێت ، بۆیه‌ خه‌ریكه‌ تۆو بڕاو ده‌كرێت . به‌تایبه‌ت ئه‌ولاسكی ڕێواسه‌ی لێ ده‌كرێته‌وه‌ ، هه‌ڵگری به‌رو تۆوه‌كه‌یه‌تی ، بۆیه‌ مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن بنجه‌ ڕێواسێك به‌رچاو ده‌‌كه‌وێت ، تۆوه‌كه‌ی بڵاو بێته‌وه‌ .
ڕێواس، كه‌ تۆلەترش، ربێز، ربێس، رمبێز، رمێز، رێواو، ڕێواوی، ریڤاس، ڕێوج یان ریس، پێ ده‌وترێت گیایەکی سروشتی و خۆڕسکه‌.
یەكێك لەگرنگترین تایبەتمەندییەكانی لاسكی ڕێواس ئەوه‌یە كەپەنكریاس هانده‌دات بۆ ڕشتنی ئەنسۆلین و بەو هۆیەشەوه‌ شەكری ناو خوێن كەم ده‌بیێتەوه‌ بۆیە ئەو كەسانەی دووچاری نەخۆشی شەكره‌ن، رێواس بخۆن كەلكێكی زۆریان پێ ده‌بەخشێ.
خواردنی ڕێواس سستی و تەمەڵی لاده‌بات و شەوق و خۆشی ئەبەخشێت ، ڕێواس گەده‌و ڕیخۆڵەكان بەهێز ده‌كات و رێكخەرێكی باشی گلانده‌ ڕژێنەكانی گەده‌شە ، هەروه‌ها باشترین چاره‌سەری گیاییه‌ بۆ نەهێشتنی ترشەلۆكی گەده‌ ڕێواسە.
گەر بەرده‌وام بیخۆیت خوێنی كەسەكە پاك ده‌كاتەوه‌و هەروه‌ها بۆ چاره‌سەركردنی دومەل كاریگەرییەكی باشی هەیە ، ڕێواس بۆ ئەوانەی تایان هەیە یان كەم ئیشتیهان بەسووده‌ ، هەروه‌ها بۆ چاره‌سەری رارایی و چاره‌سەری زه‌ردوویی بەكەڵكە بۆ ئەم مەبەستەش ده‌تواندرێ بری (100) گرام ئاوی ڕێواس بخۆیتەوه‌ ، چەند دڵۆپێكی خاوێن لەئاوی ڕێواس ئەگەر بكرێتە چاو بۆ بەهێزكردنی بینین و لابردنی پەڵەی سپی سەرچاو بەكەڵكە ، زیاده‌خۆری ڕێواس ئەبێتە هۆی دروست بوونی بەرد لە گورچیلەو میزه‌ڵداندا.
لەبەرئەوه‌ ڕێواس خواردن رێژه‌ی شەكری خوێن دائەبەزێنێت و بۆ ئەو كەسانەی دووپشك پێوه‌یداون خواردنی مەترسی داره‌، بۆ ئەو ژنانەی كە سك پڕن یان شیرده‌رن پێویستە زۆری لێنەخۆن.
رێواسی چەند ساڵەی باڵا بەرزی کوێستانەکانی کوردستانە. لە سەره‌تای بەهار و تاکوو هاوین لە کوێستانە سارده‌کان و بناری چیاکاندا لەو شوێنانەی بەفری لێیە، ده‌مێنێتەوه‌. بەرزیی تاکوو یەک مەتر هەڵدەچێ، گەڵای پان و گەوره‌ و پەنجە پەنجە و ددانەداره‌ و هه‌ندێك نزیكه‌ی مه‌تره‌ دوجایه‌ك ده‌بێت . لە نێوه‌ڕاستی گەڵاکانیدا نێرکێ قیت ده‌بێتەوه‌ کە جاری واهەیە تاکو ٣ مەتر بەرز ده‌بێ و لە سەره‌کەیەوه‌ گوڵێکی سەوزی مەیلەو زه‌رد و مەیلەو سوور ده‌گرێ. تامی ترشە و لە تیره‌ی حەوت گرێکان (Polygonacées) و لە جنسی ڕێواسەکانە (Rheums).

سوودەکانی ڕێواس کۆمەڵێک سوودی هەیە کە بریتین لە :
دەبێتە هۆی لەناوبردنی کرم و ڕه‌وانکەره‌ . ده‌ێتە هۆی ده‌ردانی ئەنسۆلین لە پەنکەریاسدا و ڕێژه‌ی شەکری خوێن کەم ده‌کاتەوه‌ ، شەکره‌ و چەوری و پەستانی خوێن کەم ده‌کاتەوه‌. بۆ لەناوبردنی زیبکە و پەڵەی ڕووخسار بەسووده‌.ئازاری گەده‌ ناهێڵێت و بۆ نەخۆشییەکانی جگەر بەسووده‌ ، گەده‌ و ڕیخۆڵە بەهێز ده‌کات و ڕێژینەکانی گەده‌ ڕێکده‌خات. ده‌بێتە هۆی زیادکردنی ئیشیها و ده‌رمانێکی باشە بۆ قەبزی ، چاره‌سەری هەناسەبڕکێ ده‌کات ، ده‌بێتە هۆی پاڵاوتنی خوێن و پاککردنەوه‌ی سەرچاوه‌یەکی باشی کالیسیۆمە و ڕێژه‌یەکی زۆر کالیسیۆم بەلەش ده‌بەخشێت. ڕێواس ڕیشاڵێ زۆی تێدایە،ڤیتامینەکانی A,B,C و کالسیۆمی زۆری تێدایە. هەربۆیە لە مێژه‌ لە کورده‌واریدا بۆ ده‌رمانی زۆر ده‌رد و نەخۆشیە ، بەڵام بە پێچەوانە گەڵاکانی باش نین و هێندێکیشیان ژه‌هراوین. رێواس بەتایبەتی بۆ دژی کرمی نێو ڕیخۆڵە. رێواس شەکر و چەوری خوێن داده‌بەزێنێ و خوێن خاوێن ده‌کاتەوه‌، زیپکە و جۆشی لەش لاده‌با، بۆ گەده‌ و ریخۆڵە ده‌رمانی باشە، ئەشتەها هێنەره‌. خواردنی رێواس وه‌ک کورد ده‌ڵین خەفەت بەر و شادی هێنەره‌. لە هێندیک وڵات و لەوانە بریتانیا رێواس بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی كێش واته‌ قه‌ڵه‌وی به‌كار دێت .
ئێستا بۆ دابینكردنی داخوازی خه‌ڵك له‌م دوو ڕوه‌كه‌ ، له دیوی ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ كه‌مێك له‌ نرخه‌كانیان دابه‌زێ .
ئه‌وه‌ی كه‌مێ شاره‌زایی له‌ كنگر بێت ، ده‌زانێ كه‌ كنگری ناو وه‌رد ، به‌شه‌ سپیه‌كه‌ی كه‌ ده‌خورێت درێژو ناسكه‌و داخوازی له‌سه‌ر زۆره‌ . كه‌واته‌گه‌ر زه‌وی وه‌رد كراو نه‌ك خۆڕسك لێره‌و له‌وێ ، به‌ڵكو به‌ مه‌به‌ست تۆوی كنگر بكرێ ده‌شێ به‌رهه‌مێكی زۆری ببێ . بێگومان بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمان به‌ هاندانی خه‌ڵكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی تۆو چاندنی ئه‌و ڕوه‌كه‌ خۆرسكانه‌ی كه‌ خواستی له‌سه‌ره‌ .
هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ڕێواس كه‌ وه‌ك ئاگادارین ئێستا كێڵگه‌ی گه‌وره‌ی ڕێواس له‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌ .
پێویسته‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ پێناو هه‌مه‌ جۆری وپاراستنی ڕه‌گه‌زی ئه‌ودوو ڕووه‌كه‌دا یاساو ڕێسای پێویست دابڕێژن . چونكه‌ سروشت و گیا خۆڕسكه‌كان هه‌روه‌ك دارو ده‌وه‌ن موڵكی گشتین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مانوكا هه‌نگوینێكی گران و..

مانوكا هه‌نگوینێكی گران و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندیی ناوازه‌ هه‌نگوینی مانوكای نیوزله‌ندیی ...