سەرەکی » راپۆرت » پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پەسەندكرا

پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پەسەندكرا

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا، پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان- عیراق‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور، پەسەند كرا.

مادەكان بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكران
بەپێی هەواڵێكی سایتی پەرلەمانی كوردستان، لە پرۆسەی دەنگداندا، سەرەتا ناونیشانی پێشنیازی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان- عیراق‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور، وەكو خۆی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا. دواتر دەنگدان لەسەر مادەو بڕگەكانی پێشنیازی یاساكە دەستیپێكردو مادەی یەكەم كە تایبەتبوو بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 10ی ساڵی 2018، وەك خۆی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا. مادەی دووەمیش هەڵوەشاندنەوەی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 2ی ساڵی 2018، وەكو خۆی بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.
مادەی سێیەمیش تایبەتبوو بە میكانیزمەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم تا پەسەندكردنی دەستووری هەرێم، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕگەیەك بۆ ئەو مادەیە زیادكرا، كە تێیدا هاتووە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت‌و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەسەڵاتەكانیان دیاری دەكرێت. ئەو مادەیەش بەو گۆڕانكارییەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.
مادەی چوارەم، رێكارییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان‌و پەسەندكردنی ئەو مادەیەش بەزۆرینەی دەنگ بوو. مادەی پێنجەمیش تایبەتبوو بە ویلایەتی سەرۆكی هەرێم‌و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.
مادەكانی شەشەم تا هەشتەم تایبەتبوون بە حوكمە كۆتاییەكان‌و لەگەڵ هۆكارەكانی دەرچوواندن بە جیا خرانە دەنگدانەوەو وەك خۆیان بە زۆرینەی دەنگ پەسندكران.
لە كۆتایشدا كۆی یاساكە بە هۆكارەكانی دەرچوواندنیشییەوە خرایە دەنگدانەوەو بە 89 دەنگ پەسەندكرا.
هەریەك لە فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی دەنگیان بە یاساكە نەدا و فراكسیۆنی نەوەی نوێ-ش لە ناوەڕاستی كۆبوونەوەكەدا، بایكۆتی كرد.

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی هەرێم دەكرێتەوە
سەلما فاتیح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای پەسەندكردنی یاساكە، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی هەرێم دەكرێتەوەو ئەگەری هەیە لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت، دواتر سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو رادەسپێردرێت، كە پێویستە لە ماوەی سی رۆژدا تەواوبێت. وتیشی: خواستی فراكسیۆنی سەوز لە ناو پێشنیازەكەدا جێگیر كراو بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.

سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵسەنگاندن بۆ كاندیدەكان دەكات
هەروەها سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: دوای پەسەندكردنی ئەو یاسایە، لە ماوەی سێ رۆژدا دەرگای خۆپاڵاوتنی كاندید بۆ سەرۆكی هەرێم دەكرێتەوە، دوای دوو رۆژیش لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە هەڵسەنگاندن بۆ كاندیدەكان دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ململانێی ئەمریکا و ئێران بە کوێ دەگات؟

بارودۆخی گرژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران ...