سەرەکی » ئابووری » داوا لە پەرلەمان دەكرێت یاسای هاوردەكردن ئامادە بكات

بۆ كۆنترۆڵكردنی شمەكی ساختەو لاساییكراو

داوا لە پەرلەمان دەكرێت یاسای هاوردەكردن ئامادە بكات

ئا: فەتاح حەسەن قەڵاتی

دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی هەولێر بەهاوكاری كۆنسوڵگەری گشتی فەرەنسا لەهەولێر بەبۆنەی رۆژی جیهانی (خاوەندارێتی هزری) كۆنفرانسێكی رێكخست كە تێدا ژمارەیەكی زۆر لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم‌و كەرتی تایبەت ئامادەبوون، لەم راپۆرتەدا بیرورای چەند كەسێك لەشارەزایان و لایەنە پەیوەندیارەكان لەهەردوو كەرتی گشتی‌و تایبەت دەخەینەڕوو.

وەكو پێویست كۆنترۆڵ نەكراوە
گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان، سەبارەت بە ئەنجامدانی كۆنفرانسەكە رایگەیاند، سازكردنی كۆنفرانسی لەم شێوەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستا كە بازرگانان‌و خاوەن كۆمپانیاكان چەندین گرفت‌و كێشەی تایبەت بە خاوەندارێتی هزری‌و كۆپیكردن‌و لاساییكردنەوەی براندو بەرهەمەكانیان هەیە، بەتایبەتی بەرهەمێكی بیانی كە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەكرێت‌و كۆمپانیا خۆماڵیەكان لەهەرێمی كوردستان لاسایی دەكەنەوە یاخود هەندێ گۆڕانكاری رووكەشی تێدا دەكەن.
وتیشی: «هەندێك جاریش ئەم كارە لەنێوان خودی كۆمپانیا بیانیەكان لەوڵاتێكەوە یاخود لەنێوان كۆمپانیایەكی وڵاتێكەوە لەگەڵ وڵاتێكی تردا ئەم كارە ئەنجام دەدرێت، لەئەنجامی ئەمەش كاڵایەكی زۆری ساختەكراو و لاساییكراو دێتە هەرێمی كوردستان كە هیچ مەرجێكی یاسایی‌و تەندروستی تێدا نییە، بەمەش بەپلەی یەكەم خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم دەبێت ئینجا خاوەن كۆمپانیاكان، لەهەمان كاتیش سەرمایەیەكی زۆری هەرێم بەفیڕۆ دەڕواتە دەرەوە».
روونیشیكردەوە، تائێستا بابەتی ساختەكردن‌و لاساییكردنەوەی بەرهەمەكان لە وڵاتانی دەرەوەش وەكو پێویست كۆنترۆڵ نەكراوەو بەڕوونی هەیەو جێگەی داخیشە كە ئەم بابەتە ئێستا لەهەرێمی كوردستانیش بۆتە دیاردە، بەتایبەتی لەڕووی دزینی هزری بەرهەمهێنان‌و لاساییكردنەوەو ساختەكردنی كاڵاو شمەكەكان، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم چاودێرییەكی توند لەسەر كۆمپانیاكان دابنێت‌و رێوشوێنی توند لەڕووی پشكنین‌و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هاوردەكراوەكان لەڕێگەی تیمەكانی كواڵێتی كۆنترۆڵەوە دابنێت، هەروەها دەبێت لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە سزای هەموو ئەو بازرگان‌و خاوەن كۆمپانیانە بدات كە ئەم جۆرە كارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن.
راشیگەیاند، وەكو لقی هەولێری یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان مانگانە راپۆرتی خۆمان تایبەت بەساختەكاری‌و لاساییكردنەوەی بەرهەمەكان‌و هەموو ئەو زانیاریانەی تایبەت بەكاری بازرگانی‌و جموجۆڵی بازاڕ لەسنوری پارێزگای هەولێر ئاراستەی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی ئەوانیش كاری یاسایی خۆیان لەسەر بكەن.

مافی خاوەن كۆمپانیاكان‌
هاوكات، د.ئەیوب گەڵاڵی بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، سازكردنی كۆنفرانسی لەم شێوەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە بەرەو پێشبردنی پڕۆسێسی گەشەكردنی ئابووری‌و كۆمەڵگە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەنگاوێكە بەرەو پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری یاخود هەموو ئەوانەی كە داهێنەرن جا لەهەر بوارێكەوە بێت، بۆیە دەكرێت مافیان بپارێزرێت‌و ئەم مافەش لەدەستووری هەموو وڵاتان بەیاسا بۆ بازرگانان‌و خاوەن كۆمپانیاكان رێكخراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەهەرێمی كوردستان یاسای لەم شێوەیە بوونی نییە.
وتیشی: «بۆ ئەم مەبەستە ئێمە وەكو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم داوامان لەبانكی نێودەوڵەتی كردووە كە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە لەهەرێم ئامادە بكات بۆ ئەوەی بتوانین یاسایەك دابڕێژین كە تێدا مافی خاوەن كۆمپانیاكان‌و خاوەندارێتی هزری لەكاری بازرگانی پارێزراو بێت، خۆشبەختانە ئێستا كارەكانی ئەم پڕۆژەیە لەگفتوگۆی پێویستدان‌و هەنگاوی باشیان بڕیوەو كاری پێویستیان لەسەر دەكرێت».

كاڵاو بەرهەمی هەرزان‌و خراپ‌
لای خۆیەوە، وائیل كەعدان بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمپانیای (بیۆریو ڤیریتاس) بۆ بازرگانی گشتی، كە وەك كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بەشداریان لەم كۆنفرانسە كردبوو، رایگەیاند، سازكردنی ئەم كۆنفرانسە دەستپێشخەرییەكی گرنگی ژووری بازرگانی هەولێرو كۆنسوڵخانەی فەرەنسایە لەشاری هەولێر، ئومێد دەكەم كە كارەكانی ئەم كۆنفرانسە ئەنجام‌و راسپاردەی باشی لێ بكەوێتەوە.
وتیشی: «پێشتر بەهۆی سەختی بارودۆخی ئابووریی هەرێم‌و بوونی قەیرانی دارایی‌و شەڕی داعش لەعیراق‌و هەرێم، وایكرد كە هەندێك لەبازرگانان‌و خاوەن كۆمپانیاكان كاڵاو بەرهەمی هەرزان‌و خراپ‌و ساختە هاوردە بكەن، ئەمەش وایكرد هاووڵاتیان‌و چینی هەژارو كەمدەرامەت زیاتر زەرەرمەند بن، چونكە لە بارودۆخی سەختی ئابووری‌و هەژاری هاووڵاتیان روو لەكڕینی شمەكی هەرزان دەكەن بەبێ ئەوەی بیر لەلاسایی كردنەوەی بەرهەمەكە (تقلید)و بەسەرچوونی ماوەكەی بكەنەوە».
وتیشی: «بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن چەند كارێك ئەنجام بدەن لەوانە، دانان‌و هەمواركردنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی كە پەیوەندییان بەم بابەتەوە هەیە، سوود وەرگرتن لە ئەزموون‌و شارەزایی كۆمپانیا بازرگانییە جیهانیەكان لەم رووەوە، هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان بەتایبەتی لەبواری جموجۆڵی بازاڕو كاری بازرگانی‌و شێوازی بازاڕكردن‌و كڕینی شمەكەكان، لەگەڵ پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم بۆ كۆمپانیاو بەرهەمە خۆماڵییەكان».

قەیرانی دارایی‌و شەڕی داعش
هاوسەر نعمان هاواری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئیحسان بۆ بازرگانی گشتی، روونیكردەوە، ئەم كۆنفرانسە گرنگیەكی زۆری هەیە، چونكە یەكێك لەو كێشانەی كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان هەستی پێ دەكریت هاوردەكردنی كاڵاو شمەكی ساختەو ماوەبەسەرچووە، كە رۆژانە لەمیدیاكان باسی لێوە دەكرێت و هاوڵاتیان بەدەستیەوە گیرۆدە بوون، بەتایبەتی بەهۆی بوونی قەیرانی دارایی‌و شەڕی داعش كە رووی لەعیراق‌و هەرێم كردو وایكرد كە ئەم كیشەیە زیاتر سەرهەڵ بدات‌و ببێت بەدیاردەیەكی مەترسیدار.
وتیشی: «پێویستە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی روون‌و تێروتەسەلی بۆ كێشەی هاوردەكردنی كاڵاو شمەك‌و چۆنێتی كۆنترۆڵكردنی لەبازاڕ و سزادانی سەرپێچیكاران دەربكات، بۆ ئەوەی هەنگاو بەهەنگاو كاری بازرگانی‌و چۆنێتی هاوردەكردنی كاڵاو شمەكی بیانی رێكبخرێتەوەو رۆژانەش چاودێرە جموجۆڵی بازرگانان‌و بازاڕەكان لەهەرێم بكرێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئێكسۆن مۆبیل؛ عیراق تەنگەتاو دەكات

سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی هەموو ستافە بیانییەكانی ...