سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی یانزەیەم

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیهێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

ئەو ماوەیەی لە گوند مامەوە کە چوار ساڵێك دەبوو، ژیانێکی تەواو جیاوازم بەسەربرد.
گوندی وەسان لەگەڵ زیاتر لە دە دوانزە گوندی دیکە دەکەوێتە دۆڵی باڵەییانی خۆرئاوای چیای سەرکەشی قەندیل، لە قەندیلەوە روبارێکی سازگاری بەفراوی لە گۆمێ سپیان دێتەخوارێ، گوندەکانی چۆمەو زەنگەڵین دەبڕێ تا دەگاتە دۆلی خانەقا زیاتر لە دە گوندی دەکەوێتەسەر، لە رۆژهەڵاتەوە دراوسێی هەر یەك لە گوندەکانی ئیسکاوە و رەزوێکەو قەڵات و ماونان و خەزێنەو کۆیلەو سەرکانە و لەخۆرئاواش چۆمساك و دیلمان و سەرنێل.
ژیانی تەواوی گوندنشینان لە دوای ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ساڵی ١٩٩١ تەواو جیاواز کەوتەوە لەگەڵ پێش راگواستن لە ساڵی ١٩٧٧. گەورەکانی پێش راگواستن، تەمەنیان لەگەڵ دووری زێدی باو و باپیرانیان گەورەتر بوو، سەرو سیمان سپی داگەڕاو هەندێکیان هەرزوو کەنفت بوون و ماڵئاواییان کرد بێ ئەوەی بە زێدی خۆیان شادببنەوە، تەنانەت تەرمەکانیشیان هەر نەگڕانەوە کە خەون و ئاواتیان بوو بە مردوویش بێت لەو خاکەدا ئارام بنوون.
گەنجەکانیش ئەزموونێکی وەهایان لەگەڵ خاکەناس و پێمەڕەو تەوردا نەبوو تا وەکو داێك و باوانیان لەگەڵ سروشت و خاك و ئاو و هەوای دڵڕفێن رابێن، بەڵام رێنمایی ئەوانەی کە توانای جەستەییان هەبوو یان بۆیان گەڕابۆوە کاریان دەکردوو گەنجەکانیان بە زوویی راهێناو تێیان گەیاندن کە؛ ئێرە دەبێ ئاوەدان بێتەوە.
بەندە لەناو خانەوادەی خۆمان کە ساڵێك بوو خوێندنی ئامادەیی پیشەسازی – بەشی میکانیکیم تەواو کردبوو، بڕیارمدا لەگەڵ باوک و دایکم بەرەو گوندی وەسان زێدی لەدایکبوونم بگەڕێمەوەو رێگایەکی دیکە بگرمەبەرو تاقیبکەمەوە کە نازانم چۆن دەگوزەرێ؟!.
دوای چواردە ساڵ دەربەدەریی، لەبارودۆخێکی ناجێگیرو تەواو جیاوازی دوای راپەڕین و شکستهێنانی فیلمەکەمان، گەڕامەوە زێدی خۆم، ئەو شوێنەی بە منداڵی شەڕ و میوزیکم تیا ناسی و گوێچکەکانم لەپاڵ دەنگی بولبول وقاسپەی کەو، بە دەنگی سیخۆ و باجەرو کەمانچەی مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی کرایەوە.
ژیانی منداڵیم لە گوندی وەسان نزیکەی حەوت ساڵێك بوو، ساڵێكی لە شارۆچکەی قەسری-م بەڕێکرد، لەوێ لەگەڵ نەنکم و براکانم؛ ئازاد و عەباس و وشیار شوێنێکمان بوو بۆ خوێندن تیایدا دەماینەوە، من تەنها ساڵێكم لە قوتابخانەی قەسرێ خوێند ئیدی پرۆسەی «راگواستن» دەستی پێکردو قۆناخی دووەمم لە ئۆردوگای زۆرەملێی پیرزین تەواوکردوو تا کۆتایی قۆناخی سەرەتایی لەوێ خوێندم، ناوەندیم لە شاوێس تەواو کردو ئامادەیی پیشەسازیش لە هەولێر.
هەر لە قەسرێ چەندین شەوم بە دیار شەڕی نێوان سەرباز و پێشمەرگە، روناک دەکردەوەو بەیانیانیش کە بەرەو قوتابخانە دەڕۆیشتم ترس و لەرزم لە سەرماو سۆڵەی قەسرێ و سەربازەکانی رژیم بە زەحمەت دەیگەیاندمە قوتابخانە، هەتا رۆژێکیان بە باشی لەبیرمە هێندە ترسام سەرباری ئەو ترسە سەگێکی گەورەش هاتە سەر رێگام ئێستا و ئێستاش نەمزانی چۆن گەڕامەوە ماڵ.
لە قوتابخانەی قەسرێ دوو وانە هەبوو بە عەرەبی دەمانخوێند، ئاین و پەروەردە، ئاینەکە ناسیاوێکمان پێی دەگوتین مەلا بوو،پەروەردەش نازانم بیرم نەماوە کێ بوو، بەڵام من لە سەربازێك فێربووم» دوده‌» چیە، ئەویش یەکەمجار کرمەکەی لەسەردەستی دادەناو ئینجا پێی دەگوتم ئەوە «دوده‌»یە، منیش بەوە دەمزانی کرم بە عەرەبی واتە؛ دوده‌.
هەرچۆنێك بێت مامۆستا مەلا عەبدوڵا بەگوێیداداین کە دەبێ زۆر ئاینپەروەربین، ئێمەش منداڵی چڵمن و لەسەر تەنەکەیەکی رەق و تەق دادەنیشتین و بەو جزمە گەورەو جلی زۆری بەرمان، واقمان وڕ دەماو ئەو نەبوایە هەر نەماندەزانی باسی چی دەکات، ئەگەر لەماڵیش دایك و باوکی موسڵمانم نەبوونایە دیسان نەماندەزانی ئەو زمانە چیە ئایینی پێدەخوێنین، ئەگەرچی ئەوانیش بەئێستایشیەوە هەر بەباشی نازانن شرۆڤەی ئایەتە عەرەبیەکان بکەن بە کوردیی و خۆکردیی.
لە بیرمە جارێکیان ترسمان لە سەربازەکان شکابوو کە دەچووینە قوتابخانە لە رێگا پسکیتیان دەداینێ کە پێمان دەگۆت» نانۆکە»واتە وەکو نانی تیری خڕ بوو بەڵام چوونکە زۆر بچکۆلەبوو وەهایان فێرکردبووین کە ئەوە نانۆکەیە، بەتایبەتیش من ئەوسا فێری ئەو ووشەیە بووم کە پورە زولەیخام لە زیندان بوو و کاتێ دەهاتەوە ماڵی ئێمە» نازانم مۆڵەت بوو یان هەر لەناو ماڵی ئێمە دەست بەسەربوو»ئەوەندە دەزانم پسکوێتەکانی خڕ و هەندێکیان چوارگۆشەبوون لەگەڵ خۆیدا دەیهێناو ئێمەی منداڵ دەمانخوارد، بۆ ئێمە تازابوو بۆیە تامیان خراپ نەبوو ئەو نانۆکانە.
بیرەوەری منداڵیم لە گوندی وەسان، بە چەند دیمەنێكی رەش و سپی مۆنتاژ نەکراو دێتەوە یادم، نازانم هەست بە رەنگ ناکەم و نایەتەوە یادم ئەو گوندە جوان و رەنگینە بۆ بە ڕەش و سپی دێتەوە بەرچاوم.
گوندی وەسان دوایین گوندبوو لەو دۆڵەدا راگوێزرا، بە بیری مندا نایەت، بەڵام گەورەکان دەیانگووت؛ ئێمەیان کردبووە بارمتەو قەڵغان، بۆ ئەوەی بێ گرفت بتوانن گوندنشینانی سەروترمان رابگوێزن ئینجا ئێمە.
چەند دیمەنێکی ئەو ساڵانەی هەرگیز لەیادم ناچن؛-
– جارێك تۆپێک بەر ماڵی ئێمە کەوت و بەقەد مەترێك سەربانی هەڵدڕی، زۆرجار لەوێوە تەماشای ئاسمانمان دەکردو دەترساین جارێکی تر دووبارە بێتەوە.
– سەربازیم دیوە بەڕۆژ دەهاتنەناو گوندو بە دوای پیاوەکاندا دەگەڕان، بە شەوانیش باوک و کەس و کارم دیوە هاتوونەتەوەو بڕنەو هاوەڵیان بووە.
– جارێك لە سەرگۆڕستانی گوندی وەسان بەرەو ماڵ دەگەڕامەوە، سەربازێکم دی لقێکی گەورەی دار گوێزی بە هەردوو دەستی بلند دەکردو دایدەناویەوە بەمشێوەیە بەترسەوە لێی تێپەڕیم و کاتێ نزیکی ماڵ بوومەوە، بە غاردان خۆم هاویشتەوە ماڵێ.
– بیرمە بە قوڕ ئۆتۆمبێلمان درووست دەکرد، هەموومان لەچاو جێبی باوکمان دەکردەوە، چوون هەر ئەو ئۆتۆمبێلەمان دیتبوو کە کابرایەك شۆفێری بوو، هەندێك لێی دەگەڕاین تا ووشك دەبوو، ئینجا هەر لە نزیك خۆمانەوە گوڵە هێرۆ هەبوو، ناوکەکەیمان دەردەهێناو هەر دەتگووت بۆ تایە درووست کراوە یەکسەر چیلکە دارێکمان دەهێناو لەم دیو و ئەودیوی ئۆتۆمبێلە قوڕینەکەمان ئاودیو دەکردوو یەکسەر لەهەردوو دیوەیەوە تایەی» گوڵە هێرۆ»مان تێدەگرت و زۆر دڵخۆش دەبووین. زۆری پێنەدەچوو کەیف و شادیمان بە دەنگی تۆقێنەری فڕۆکەی جەنگی کە پێیان دەگۆت «سیخۆ یان باجەر» دەشێواو بەراکردن دەهاتینەوە ماڵ، بۆ رۆژی دواتر دەمانویست سۆراخێکی ئۆتۆمبێلەکانمان بکەین بزانین ماون یان نا، کەچی لەجێگای خۆیان نەجولابوون بەڵام پێی رەشە وڵاخەکانی لادێ هیچی بەسەر هێچەوە نەهێشتبوون نەماندەزانی بگریێین یان درووستیان بکەینەوە، یانیش لەبەر ترس چۆن جارێکی تر درووستیان بکەینەوەو وەکو رۆژانی تر بە زوویی بەجێیان بهێڵین و تێر گەمە نەبین.
– ئەوەی لەهەمووی زیاتر کاریگەری هەبوو، ئەو دیمەنە بوو کاتێك لە گوند دووریان خستینەوە، بە بەرچاومان گوندەکەیان ئاگرداو ئێمەیان بە سواری ئیڤا گواستەوە، من لە دورەوە ئەوەندەی گوندمان لێ دیارمابوو، بۆ ئەو کادینە دەگریان کە کاکم هەمووجار بە دەسکی پێمەڕەیەك دەیهاویشتینە «کادین» و هەر بەو جۆرەش یەك یەك دەیهێناینەوە دەرەوە.
ئەو دیمەنانە لەگەڵ راکردن بۆ ئەشکەوت و تێکچڕژانی دەموچاوی ژنەکان بەتایبەتی، بۆ ئێمەش رەنگدانەوەی هەبوو، دەمانزانی ئەوانەی لە ئێمە ناچن لە جل و بەرگ و زمان و شێوە، دوژمنەکانمان.
سەیرە؛ کاتێك ئێمە دەگەڕێینەوە لادێ، دوژمنەکەمان وەها تێکشکاوە بە سەدان میل لێمانەوە دوورە. گەرچی وێنەی لادێیەکە بۆ ئێمە نامۆیەو هیچ دیمەنێکیمان وەکو خۆی نایێتەوە بەرچاو و لەسەر سکرین روون نیە. لێ گەورەکان بیرەوەرییان رۆشن بوو، بە ئاسانی دەیانزانی ناوی کۆڵانەو رەز و باخ و دارگوێز و کەندو کۆسپ و هەوراز و نشێوەکانیان چیەو دەیانناسیەوە، بەڵام بۆ بەندە ئەو ناسینەوەیە یەکجار قورس بوو.
رۆژێکیان دوای درووستکردنی کەپر لە نزیك رووبار، باوکم ووتی ؛ بەر لەوەی پاییز بێت و بارانی بەخوڕ هەراسانمان بکەن، واپێویست دەکات چەند ژوورێك نۆژەن بکەینەوەو ئیدی تازە خۆ ئێرە نیشتمانمانە. لەگەڵ ئەودا بەرەو شوێنی خانوە داڕوخاوەکە رۆیشتین کە دەکەوتە نزیك جۆگەلەی ناو گوندیی، ووتی؛ ئێرە ئاوەدان دەکەینەوە، ئەوێ چاڵێك بوو پڕ لە گژ و گیای وشك. ووتم؛ جا باشە ئێرە چیە تا نۆژەنی بکەینەوە، خۆ هیچی لێ نیە ئەو چاڵ و چۆڵە. بە پێکەنینەوە ووتی؛ تۆ بیرت نەماوە، ئەو گژو گیایە بسوتێنن، پاشان دەردەکەوێت .
دوای دۆزینەوەی دیوارە رماوەکان، هەر دوو سێ ریزی تر، بە بەردە کۆنەکانی خۆی دیوارەکەمان بەرزکردەوەو دواتر دارە ڕێمان کرد و شەوێکی فێنک بە زبارە» هەرەوەز»ی خزمان هەندی لەدەمێ خۆڵەبانمان کردوو بێ ئێوەش ناخۆش ساوارو گیسکێکی تەواویشمان خواردوو چایەکی کتریە رەشەکەشمان بێ ئێوە نۆشکرد.
سەرەتای ئاوەدانکردنەوەی گوندی وەسان بە سێ ماڵ دەستی پێکرد، من و وەستا حاجی دوو ژوور و هەیوانێکمان ئاوەدانکردەوە، وەستا حاجی و پێشمەرگەی رەوانپاك برایمی حەمەدی حوسێنیش دوو ژوورو هەیوانێك، وەستا حاجیش» گەر هەڵەنەبم»مایەوە، بەمەش سەرەتای ئاوەدانی گوندی وەسان لە ساڵی یەکەمیدا بە سێ ماڵ دەستی پێکردو ساڵی دووەم بووە حەوت ماڵ و ئێستاش نزیکەی پەنجا ماڵ دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید بەشی نۆزدە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە ...