سەرەکی » مانشێت » یادی شەهیدانی باڵەكایەتی کرایەوە

یادی شەهیدانی باڵەكایەتی کرایەوە

حاكم قادر: هەمووان قەرزاری ناوچەی گەڵاڵە و باڵەكایەتین
قوباد تاڵەبانی: شەهیدان هەمیشە هێزمان پێدەبەخشن ‌و هەرگیز لە یادمان ناچنەوە
بافڵ تاڵەبانی: باڵەكایەتی ناوێكی پرشنگدارە لە مێژووی گەلەكەمان ‌و یەكێتی دا

لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە حەسەن كوێستانی و هاوڕێكانی، لەسەر مەزاری شەهیدی سەركردە حەسەن كوێستانی، یادی شەهیدانی باڵەكایەتی کرایەوە.
لەڕێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و كەسوكاری شەهیدان‌و نوێنەری حزب‌و لایەنە سیاسییەكان ئامادەبوون، حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) وتارێكی بەناوی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسییەوە، پێشكەشكردو وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە لەشاخ‌و ئێستاش هیچ درێغی نەكردووە‌و هەڵقوڵاوی ناو كۆمەڵگەكەمانە، وتیشی: باڵەكایەتی، شەهیدو قوربانیی زۆری بەخشیوە، بەڵام بەداخەوە كەمترین خزمەت كراوە، بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە خزمەتی تەواوی ناوچەكان بكات، بەتایبەت سنووری باڵەكایەتی‌و ئەوەشی ئەركە لەسەر شانی نوێنەرانی یەكێتی لەحكومەت، گەیاندنی باشترین‌و پێویستترین خزمەتگوزارییەكانە بەم ناوچەیە، ئاشكراشە هەموومان لە حكومەت‌و لە یەكێتی‌و لەتەواوی لایەنەكان، قەرزاری ناوچەی گەڵاڵەو باڵەكایەتین.
ئاماژەی بەوەشكرد یادكردنەوەی شەهیدەكانمان دەبێتە هاندەری زیاترمان بۆ ئەوەی سووربین لەسەر خەبات‌و تێكۆشانی پڕ قوربانیمان.
لەدرێژەی وتەكەیدا، باسی لەوەشكرد لەم سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا، یەكێتی بەكاریگەریی زیاترەوە بەشداردەبین لەحكومەتدا، بەجۆرێك حكومەتی خەڵك بێت‌و بەبێ جیاوازی كاربكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پێشمەرگەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و تەواوی چین‌وتوێژەكانی گەلەكەمان‌و شارو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی وت: كاری سەرەكیی یەكێتی لەحكومەتی نوێدا، بەرنامەو پلانی نوێی پڕ خزمەتكردن‌و خزمەتگوزاریی دەبێت بۆ تەواوی ناوچەكان بەبێ جیاوازی، بەتایبەت ئەو ناوچانەی وەك پێویست خزمەت نەكراون.
پاشان هەر لەڕێوڕەسمەكەدا، پەیامی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ یادی شەهیدانی باڵەكایەتی، خوێنرایەوە، تیایدا تەئكیدی لەسەر خزمەتكردنی زیاتری ناوچەی باڵەكایەتیی كردبۆوە، بەتایبەت خزمەتكردن‌و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كەسوكاری سنوورەكە، ئەوەشی خستبووەڕوو كە لەم رۆژەدا رۆژی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسنووری باڵەكایەتی، سڵاوی زۆر تایبەت بۆ شەهیدان‌و كەسوكارو خێزانیان دەنێرم، دەستی ماندوویان دەگوشم، هیچ كاتێك قوربانییەكانیان لەیادمان ناچنەوە، وتیشی: شەهیدان هەمیشە هێزمان پێدەبەخشن‌و هەرگیز لەیادمان ناچنەوە.
لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمی رۆژی شەهیدی باڵەكایەتی، پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی، خوێنرایەوە، كە تێیدا رایگەیاندبوو لەم رۆژەدا، سەری رێزو نەوازش، لەسەر شكۆی كێلی شەهیدان دادەنەوێنم، لەئاست گەورەیی‌و نەمرییان، بەڵێنی وەفاو درێژەپێدان بۆ رێبازەكەیان دوپاتدەكەمەوەو لێرەوە، پێتان دەڵێم، ئاسودەبن یەكێتییەكەتان، یەكێتییەكەی مام، یەكڕیزو یەكهەڵوێست و یەك ئاڕاستەو یەك بیروباوەڕە، بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەكێتییبوونمان، لەبەردەم ئێوەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و حزوری رۆحی پاكی شەهیدان بەڵێنتان پێدەدەم هەموو هەوڵێكمان بۆ یەكێتیی ناو یەكێتیی و رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان و تەواوكردنی بەرنامەكەی هەڤاڵ مام جەلال بێت، چەپكەگوڵەكەش بكەینە هەوێنی تەبایی‌و یەكڕیزیی نێوانمان، وتیشی: دەرفەتم بدەن، لەم رۆژەدا لەبەرامبەر هەر كەموكوڕی‌و كەمتەرخەمییەك، داوای لێبوردنتان لێبكەم‌و ئێوەی سەربەرزیش بمانبوورن.
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، بافڵ تاڵەبانی، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە باڵەكایەتی ناوێكی پرشنگدارو بێشەی كەڵەپیاوان‌و شۆڕەسوارانی خەباتی كوردایەتی بووە، لەشۆڕشەكانی گەلی كورد بەتایبەت شۆڕشی نوێ پشكی شێرتان بەركەوتووە لەقوربانیدان‌و ماڵوێرانی، دەیان سەركردەو فەرماندەو سەدان قارەمانتان بەخشی بەكوردستان‌و یەكێتییەكەتان، بەخوێنی گەشیان نیشتمانی باڵەكایەتییان سەوزتر كرد، بۆیە ئەمڕۆش حەقی خۆمانە رۆژێكمان هەبێت بۆ شەهیدانی یەكێتی لەباڵەكایەتی، تا یادی ئازیزانمان بكەینەوەو یادو یادەوەرییان بەرز رابگرین، هەڵوەستە بكەین لەسەر لاپەڕە پرشنگدارەكانی باڵەكایەتی‌و خەباتی شەهیدانمان بكەینە وانەو دەرفەت بۆ خزمەتكردنی زیاتری كوردستانەكەمان‌و پتەوكردنی گیانی برایەتی‌و پێكەوەژیان، پێكەوە هەموومان بەدەنگ‌و بۆچوونە جیاوازەكانیشمانەوە، لەخزمەتی ئایندەیەكی رۆشنتر بین بۆ هەرێمەكەمان، ژیانێكی شەرەفمەندانەتر، بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان فەراهەم بكەین.
لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، بروسكەی ماتەمینیی سكرتاریەت‌و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی خوێنرایەوە، تیایدا بەگرنگییەوە باس لە قارەمانێتی‌و شۆڕشگێڕیی خەڵكی سنووری گەڵاڵەو باڵەكایەتی كراو خەبات‌و تێكۆشانیان بەرزنرخێنرا.
دواتر، بروسكەی ماتەمینی، لاهور شێخ جەنگی، خوێنرایەوە، تیایدا ئاماژە بەوە كرابوو كە سنووری باڵەكایەتیی ژمارەیەكی زۆر لە رۆڵەو تێكۆشەرو قارەمانەكانی بەخشیوەتە بزووتنەوەی كوردایەتی‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتیشی: ئەم سنوورە هەمیشە سەوزپۆش بووەو بەئەمەك بوون بۆ رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال.
پاشان، پەیامی مەڵبەندی چەمچەماڵ‌و ژمارەیەك كەسایەتی‌و لێپرسراوی باڵای حزبی بۆ رۆژی شەهیدانی باڵەكایەتی، خوێنرانەوەو لەكۆتایی رێوڕەسمەكەشدا وتاری كەسوكاری شەهیدان پێشكەشكراو بەدانانی تاجەگوڵیش، كۆتایی بەڕێوڕەسمەكە هێنرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قوباد تاڵەبانی: چارەسەری دەروونیی قوربانیانی شەڕی داعش زۆر گرنگ ‌و پێویستە

قوباد تاڵەبانی، جەختدەكاتەوە لەسەر گرنگیدان‌و بەهێزكردنی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ...