سەرەکی » ئابووری » دانانی پێوەری زیرەك چارەسەری سەرەكی بەفیڕۆنەدانی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكانە

بریكاری وەزارەتی كارەبا:

دانانی پێوەری زیرەك چارەسەری سەرەكی بەفیڕۆنەدانی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكانە

ئا: تەها هەبدوڵڵا

لەبارەی رەوشی كارەبای هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی هاوین، هاوكات لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، تیشكدەخاتە سەر دوا پێشهاتەكان بۆ باشتركردنی كارەبا لەهەرێمی كوردستان و رایدەگەیەنێت، «چارەسەری سەرەكی بەفیرۆنەدانی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان دانانی پێوەری زیرەكە».

(3300 – 3500) مێگاوات
سەرەتا سەبارەت بە كارەبا لەمانگی رەمەزاندا، هۆگر شاڵی وتی: «لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە، زۆر پڕۆژەو پلانی وەزارەتی كارەبا نەتوانرا كاری لەسەر بكرێت، ئەمەش كاریگەریی هەبوو لەسەر ژێرخانی كارەبا و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی كارەبا و كرێكارو فەرمانبەرانی ماندوونەناسانە توانیان بەسەر ئەو گیروگرفتە قورسەدا زاڵ بن و رێگە نەدەن قەیرانێكی توندی كارەبا دروست بێت.
وتیشی: «سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و ماوەكانی پێدانی كارەبا لە مانگی رەمەزاندا، وەزارەتی كارەبا بە هەماهەنگی و پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ (3300 – 3500) مێگاوات بەرز بكاتەوە، بەم بڕەش لەم مانگەدا وەزارەتی كارەبا دەتوانێت بە تێكڕا (18 – 20) كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان بدات، بۆ كۆنترۆڵكردنی كارەباو رێكخستنی سیستمی بەڕێوەبردنی كارەباش لەم مانگەدا ئاگاداری سەرجەم تیمەكانی چاككردنەوەو كۆنترۆڵی كارەبا و سیانەی یەكە ئیدارییەكانمان كردووە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن لەكاتی كەوتنەوەی هەر كێشەو گرفتێكی كارەبادا».

بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر
لەبارەی هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا و بەرنامەی تازەیان بۆ وەرزی هاوین، هۆگر شاڵی وتی: «بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماو هەڵكشانی خواست لەسەر كارەبا یەكێكە لەو كێشە گەورانەی رووبەڕووی وەزارەتی كارەبا دەبێتەوە، لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكەین تۆڕباین و وێستگەكانی كارەبا سیانە بكرێت و ئامادە بێت بۆ بەگەڕخستنی زۆربەی یەكەكان، ئەمە وێڕای بەردەوامی كاركردنی تیمەكانی نەهێشتنی سەرپێچی كارەبا، لەدوای جەژنی رەمەزانیشدا بەرنامە بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی هۆشیاری كارەبا ئەنجام دەدەین، بەڵام چارەسەری سەرەكی بەفیڕۆنەدانی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی تۆڕی زیرەك دەبێت».
هەروەها بریكاری وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەچەند هەنگاوێكی دیكە كرد بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەتایبەتی بە وزەی خۆر و لەو بارەیەوە ئاشكرایكرد، بەپێی ئەو توێژینەوەو بەدواداچوونانەی لە وەزارەتی كارەبا لەبەردەستماندایە وزەی خۆر لە هەرێمی كوردستان داهاتوویەكی زۆر باشی هەیەو دەكرێت سودی لێ وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، بەتایبەتی كە رێژەی تیشكی خۆر لە هەرێمی كوردستان لە سەرووی 1800 كیلۆوات/سەعات/م٢/ لەساڵێكدا، ئەمەش رێژەیەكی باشە لە سەر ئاستی جیهان.

كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی كارەبا
روونیشیكردەوە، وەزارەتی كارەبا 3 سیستمی سۆلار لە 2 قوتابخانەو یەك بنكەی تەندروستی میللی دامەزراندووەو لەسەرەتای ساڵی 2017 كار دەكەن و بۆ ئەم سێ شوێنە نیو مێگاوات كارەبایان لێ بەرهەم دێت و لەڕۆژانی پڕ خۆر لەسەرووی 95 %ی قەبارەی پڕۆژەكە وزەی كارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنەكان هان دەدات كە بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر پڕۆژەكانیان جێبەجێ بكەن بەمەرجێك بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی دارایی‌و هونەری و سیستمی وەزارەتی كارەبا. ئێمەش وەكو وەزارەتی كارەبا پێشنیار دەكەین هاندانی ئەو خاوەن پڕۆژە تایبەتانەو ماڵان بكات كە بۆ گەرمكردنەوەی ئاوی پێویستی خۆیان سوود وەربگرن لە وزەی خۆر، كە زۆربەی باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون ئاوی گەرمی خۆیان دابین بكەن لە وزەی خۆر.
دواجار لەبارەی دوا هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ جێبەجێكردنی پێوەری زیرەك هۆگر شاڵی وتی: «پڕۆژەی تۆڕی زیرەك یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی كارەبا و لەزۆربەی وڵاتاندا كاری پێدەكرێت، پڕۆژەكە لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە، چونكە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی كارەبا و زیادبوونی كاتژمێرەكانی كارەبا، هاوكات لۆدی قورسیش لەسەر تۆڕ و محاویلەو وێستگەكانی گۆڕینی كارەبا كۆنترۆڵ دەكرێت، ئەمە وێڕای جێبەجێكردنی دادپەروەرییەكی باش بۆ دابەشكردنی كارەبا بەسەر هاووڵاتیاندا».
وتیشی: «پڕۆژەكەش هەموو قۆناغەكانی گرێبەست و تەندەرو یاسایی تەواو كردووەو زۆربەی مەوادەكانی پڕۆژەكە هەر لە پێوەرو ئامێرو سیستەمەكەی گەیشتۆتە كۆگاكانی هەرێم و دەست بەمەشقپێكردنی كارمەندانی وەزارەتی كارەباش بەردەوامە، چونكە بەشێك لە سەركەوتنی پڕۆژەكە دەكەوێتە سەرشانی توانای شارەزایی و لێهاتوویی فەرمانبەران و كارمەندانی وەزارەتی كارەبا، هەربۆیە گرنگیەكی زۆرمان داوە بۆ مەشق و راهێنانی ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەت كە تایبەتن بەم پڕۆژەیە».

1 ملیۆن و 507 هەزار هاوبەش
ئاماژەی بەوەشكرد، لەلایەكی دیكەوە لە پارێزگای هەولێر لەچەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازیی پڕۆژەی پێوەری زیرەك لەژێر تاقیكردنەوەدایە و كاری جددی لەسەر دەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دانانی پێوەری زیرەكە بۆ 1 ملیۆن و 507 هەزار هاوبەشی كارەباو داخڵكردنی بۆ ناو سیستەمێكی زیرەك‌و پێشكەوتوو لەسەرانسەری پارێزگاو ناوچەكانی كوردستان، ئەمەش كاتی دەوێت تاوەكو قۆناغ بەقۆناغ پڕۆژەكە بەسەركەوتوویی جێبەجێ بكرێت، بەپێی پلانێكی داڕێژراو كارەكە بە سیستمێكی سەردەمانە جێبەجێ دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گـۆڕانـكاریـی لـە رووبـەڕووبـوونـەوەی..

گـۆڕانـكاریـی لـە رووبـەڕووبـوونـەوەی بـازرگانیـی نێـوان ئـەمریكـا و چیـندا فەیسەل عەلی* ...