سەرەکی » راپۆرت » شەهید نەجۆ لەسەر ئەو بنەمایە یەكێتی هەڵبژارد كە هێزێكی كوردستانییە

شەهید نەجۆ لەسەر ئەو بنەمایە یەكێتی هەڵبژارد كە هێزێكی كوردستانییە

ئێوارەی ڕۆژی ٢٥/١/٢٠١٤ لە چوارچێوەی مەراسیمی یادی سی ساڵەی شەهیدبوونی نەجمەدین بیوك كایا (شەهید نەجۆ)، لە ناوەندی چاندی جگەرخوێن، لە شاری ئامەد، پانێلێكی تایبەت بەناوی (نەجمەدین بیوك كایا، كوردپەروەری سنوورنەناس)، بە بەشداری هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئیسماعیل بێشكچی، نووسەر و ڕووناكبیری ناودار، فایەق بولوت، نووسەر، عیرفان بابەئۆگلو، فیرات ئەنلی، پارێزەر و سیاسەتمەدار، بەڕێوەچوو.
پانێلكەكە، بەئامادەبوونی ئارێز عەبدوڵڵا، هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامانی سەركردایەتی ‌و بەهرۆز گەڵاڵی، لێپرسراوی مەكتەبی نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە توركیا ‌و جەمال یوسف، تێكۆشەری دێرین و ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی كۆنگرەی جڤاتی دیموكراسی‌ و بنەماڵەی شەهید نەجۆ و ژمارەیەكی بەرچاو، لە كەسێتی سیاسی، ڕووناكبیر و نووسەر، بە سرودی ئەی ڕەقیب‌ و وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد. لە وتەیەكدا هاوسەرۆكی كۆنگرەی جڤاتی دیموكراسی، هاوكات بەگەرمی بەخێرهێنانی هەڤاڵ مەلا بەختیار‌ و وەفدە هاوڕێكەی کرد و، وتی: لە مێژووی خەبات ‌و تێكۆشانی گەلی كورددا ‌و لەپێناو ئازادیدا، گەلێك قارەمان ‌و شۆڕشگێڕ، ڕووناكبیر و سیاسەتمەدار، خەباتیان كردووە و گیانی خۆیان بەختكردووە، كە یەكێك لەو شۆڕگێڕانە شەهید نەجمەدین بیوك كایا-یە.
وتیشی: نەتەوەكەمان وەفاداری ئەو گیان بەختكردوانەیە و بۆ هیچ كاتێك لەبیریان ناكات.

ڕاشیگەیاند: بەشێك لەو ئازادییەی نەتەوەكەشمان بەدەستیهێناوە، بەرهەمی خوێن ‌و خەباتی ئازادی ‌و ئاشتی ئەو شەهیدانەیە
ئەحمەد تورك، ئاماژەی بەمێژووی تەمەنی خەبات ‌و شۆڕشگێڕی نەجمەدین بیوك كایا كرد و ڕۆڵی قارەمانانەی لە پارچەكانی تری كوردستان، بەبایەخەوە لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی نەتەوەكەمان، بەئازادی ‌و مافە دیموكراسییەكانی، هەڵسەنگاند.
پاشان دەقی بروسكەی مەكتەبی نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەئەنقەرە، بۆ یادی سی ساڵەی نەجمەدین بیوك كایا خوێندرایەوە‌ و، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەكرابوو، كە نەجمەدین بیوك كایا، یەكێك لەو قارەمانانەیە كە هەموو تەمەنی خۆی بۆ قوربانیدان ‌و خەباتكردن لەپێناو نەتەوەكەیدا تەرخانكردبوو، بۆیە بەشانازییەوە، ڕۆڵ‌ و پێگەی شۆڕشگێڕانە‌ و قوربانیدانەكانی بەرز دەنرخێنین، چونكە شەهید نەجمەدین بیوك كایا، بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قارەمان ‌و شۆڕشگێڕێگی گرانبەهایە.
دواتر، پانێلەكە بەپێشكەشكردنی بابەتێك لەلایەن هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی دەستیپێكرد‌، لە سەرەتای باسەكەشیدا، سوپاسی خۆی ئاراستەی بەڕێوەبەران ‌و ڕێكخەرانی مەراسیمی یادی سی ساڵەی شەهیدبوونی نەجمەدین بیوك كایای كرد، كە دوو ڕۆژە، هەردوو شاری ئامەد و سیوێرگ-ی باكوری كوردستان، سیاسەتمەداران ‌و ڕووناكبیرەكانی، ژنان ‌و پیاوانی سەرقاڵی یادكردنەوەی شەهیدی گەورەی نەتەوەكەمان، نەجمەدین بیوك كایا-ن.
وتیشی: «هەم دڵمان تەنگە كە شەهێدێكی گەورەمان ڕۆیشتووە! هەم سەرمان بەرزە، كە شەهیدی گەورەمان ڕۆشتووە!».
ڕوونیشیكردەوە: باسەكەم بەسەر چوار تەوەردا دابەشكردووە، ئەوانیش (شەهید ‌و زەمانی سیاسی، شەهید ‌و ئایدۆلۆجیەت، شەهید و كوردایەتی، شەهید و شەهیدبوون).
وتیشی: هەوڵدەدەم بەم چوار خاڵە، تابلۆیەك، ئاوێنەیەك لەسەر پێكهاتەی كەسێتی ئەم سەروەرە، ڕوونبكەمەوە.
لە تەوەری یەكەمی باسەكەیدا، هەڤاڵ مەلا بەختیار، ڕایگەیاند: شەهید و تێكۆشانی شەهید لە زەمانی سیاسیدا، زەمانی خەباتی چەپ بوو، چەپ لە بەرامبەر كەمپی سۆسیالیستی، چەپ لە بەرامبەر بزووتنەوەی ناسیونالیستی شۆڤێنی، چەپ لە بەرامبەر نەبوونی دیموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕوونیكردەوە: شەهید نەجمەدین، چ لە ئەستەنبوڵ و چ لەكوردستان، ئەگەر لە ئەستەنبوڵ تێكەڵاو بە بزووتنەوەی سیاسی بووبێت، چەپی توركیا بووە، ئەگەر كوردایەتیشی كردووە، چەپی كوردایەتی بووە!.
ڕاشیگەیاند: لەدوای شەستەكان دیاردەیەكی تازە لە كوردایەتی سەرهەڵدەدات، ئەویش ئایدۆلۆجییەتی چەپ، بەپێچەوانەی چەپی حزبە كۆمۆنیستەكانی وڵاتانی توركیا، عێراق، سوریا، ئێران، چەپێك لەناو كوردایەتی سەرهەڵدەدات.
وتیشی: ئەم سەرهەڵدانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حزبە كۆمۆنیستەكانی ئەم وڵاتانە، نە دەیانتوانی دیموكراسی لەم وڵاتانەدا بەدیبهێنن، نە دەشیانتوانی مافی چارەنووسی ڕاستەقینە بۆ كوردستان بەدیبهێنن.
ڕوونیشیكردەوە: سەرهەڵدانی ئەو چەپە نوێیە لە كوردستانی عێراقدا، جەنابی مام جەلال نوێنەرایەتی دەكرد و كۆمەڵەی ماركسی لینینی هەبوو، لە كوردستانی توركیا كۆمەڵێ‌ ڕێباز و كۆمەڵێ‌ كادر و سەركردە، بەرەو دنیای چەپ هاتن، كە شەهید نەجمەدین یەكێك بوو لەوانە ‌و لەناو بزووتنەوەی چەپی توركیا بوو، بەوپەڕی ڕاستگۆیانە خەباتی دەكرد و ئەلتەرناتیڤێكی چەپی ڕاستەقینە هەم بۆ دیموكراسی ‌و هەم بۆ مافی چارەنوسی كورد بەدیبێت.
هەڤاڵ مەلا بەختیار، وتی: یەكێك لە شانازییەكانی ئەم كوردایەتییە چەپە، یەكێك لە سەركردەكانی لەو سەردەمەدا، دەگەڕێتەوە بۆ شەهید نەجمەدین بیوك كایا، كە لە ڕۆژگاری هەرە ناخۆشی سیاسیدا، كوردایەتی هەڵستانەوە و كوردایەتیشی نەبەستەوە، بە دیاربەكر ‌و باكووری كوردستان، چونكە لای ئەو سنوور نەبوو، بەڵام ئەمبەر و ئەوبەر هەبوو، بۆیە پێیەكی لەكوردایەتی باكوور بوو، پێیەكی تری لەكوردایەتی باشوور بوو، هیچ جیاوازییەكی نەدەكرد لە نێوان ئەوەی خۆی، یان حزبەكانی تر، یان ڕێكخراوە چەپەكان‌ و دیموكرات ‌و ڕزگاریخوازەكانی تر، چ ئەركێكیان هەیە لەباكوور، لەباشووریش هیچ جیاوازییەكی نەدەكرد، لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و رێكخراوەكەی خۆی، رێكخراوی ئازادی.
لە تەوەری دووەمی باسەكەشیدا، هەڤاڵ مەلا بەختیار، وتی: ئایدۆلۆجییەت مەسەلەیەكی گرنگە و ئێستا خەریكە وردە وردە لە هەندێ‌ جێگە و وڵات كاڵ دەبێتەوە.
ڕوونیشیكردەوە: بۆ سەردەمی خۆی ئەگەر ئایدۆلۆجییەت نەبووایە، هیچ ئەلتەرناتیڤێكی تر نەیدەتوانی بەو هێزە كاریگەرە بێتە مەیدان‌ و ڕۆژگاری شكست بگۆڕێت بە ڕۆژگاری هەڵستانەوە، بۆیە ئایدۆلۆجییەتی چەپ ئەوكاتە، یەكێك لە باشترین ئەلتەرناتیڤەكان بووە.
وتیشی: غەدر لە حزبەكانی تر ناكەم ‌و حزبی تریش هەبووە كوردایەتی كردووە، بەڵام ئەوانە لە چەندین قۆناغ ‌و چەند جارێك بەخت‌ و چانسی خۆیان تاقیكردووەتەوە و جۆرەها ڕووداو ڕووبەڕوویان بووەتەوەو لە هەندێكیاندا باش‌ و لە هەندێك خراپ، بەڵام لێرەدا ئایدۆلۆجییەتی چەپ، هەم وەك خاك ڕزگاركردن، هەم خەڵك ڕزگاركردن، وەك پەیامی كۆمەڵایەتی ‌و زوڵم قبوڵ نەكردن، وەكو بەیەكسانی سەیركردنی ژن ‌و پیاو، ڕێگایەكی تازە لەناو كوردایەتی ‌و بۆ سەركردایەتیكردنی كوردایەتی هاتووەتە پێشەوە.

ڕاشیگەیاند: ئایدۆلۆجیا وەك عەقیدەی لێهات، بەرگری بەهێز دروستدەكات‌ و تێكشكان ئاسان نییە بۆ ئەو كەسانەی خاوەن ئایدۆلۆجییەتن‌ و شۆڕشگێڕن.
شەهید و كوردایەتی، كە تەوەری سێهەمی باسەكەی هەڤاڵ مەلا بەختیار بوو، تیایدا تەئكیدی كردەوە: كوردایەتی بەدرێژایی مێژوو، قۆناغی جیاواز جیاوازی بەخۆیەوە دیوە.
ڕوونیكردەوە: قۆناغی یەكەمی كوردایەتی لە سەدەی هەژدەهەم بۆ سەدەی نۆزدەهەم، بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، كە دواهەمین سەرداری كورد كە ئاڵای سەربەخۆیی كوردستانی لە باشووری كوردستان بەرز كردبووەوە، شێخ مەحموود-ە و هەموو سەردارەكانی پێشوو، هەر لەمیری بەدرخانەوە بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری، شێخ سەعیدی پیران ‌و شۆڕشی دەرسیم ‌و هەموو ئەو ڕاپەڕینانەی لە سەدەی هەژدەهەم‌ و نۆزدەهەم، بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، خەسڵەت‌ و پێناسەیان بووە و بەشی زۆری ئەو ڕاپەڕینانە سنووریان نەزانیوە و كوردایەتی بۆ ڕزگاری كوردستان‌ و كوردایەتی ‌و جیاوازی نەكردن لەگەڵ بەشەكانی كوردستان.

وتیشی: شەهید نەجۆ، یەكێك لە باوەڕەكانی ئەوەبوو كە ئەو راستییە مێژووییە بژێنێتەوە، كە ئەمجارەیان لەبری سەرداری كورد، ئایدۆلۆجییەت، حزب، خەڵكی شۆڕشگێڕ، كرێكاران، زەحمەتكێشان ‌و ڕۆشنفكران بتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن ‌و سەركردایەتی خەبات بكەن لە بەشەكانی كوردستان، كە لەناو هێزەكانی ئەو كاتەشدا، لەناو كوردایەتی هەموو بەشەكانی كوردستان، شەهید نەجۆ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ی هەڵبژارد، بۆ یەكێتیی، ڕێك باوەڕی بەو قسانە هەبوو كە من كردم، هەم خەبات بۆ دیموكراسی لە عێراق، هەم خەبات بۆ پەیوەندی ئۆرگانیكی لەنێوان بەشەكانی تری كوردستاندا.
جەختیشیكردەوە: تائێستا یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو سەنگەرەی بەرنەداوە و بەردەوامین.
ڕاشیگەیاند: پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان، ڕەنگدانەوەی ستراتیجی ئێمەیە.
وتیشی: شەهید نەچۆ لەسەر ئەو بنەمایە یەكێتی هەڵبژارد، كە یەكێتی هێزێكی كوردستانییە‌ و خەباتیش دەكات بۆ ئەوەی دیموكراسی هەم لە عێراق، لە ئێران، لە توركیا‌ و سوریا ‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتەدی.
شەهید و شەهیدبوون-یش، دوا تەوەری باسەكەی هەڤاڵ مەلا بەختیار بوو، كە تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد شەهید و شەهید بوون، دوو مانای هەیە، شەهیدێك مانایەكی ئایدیالیستی هەیە، مانای دووەمیش، مانا نیشتمانی ‌و كۆمەڵایەتییەكەی ئەوەیە، كە مرۆڤ زوڵم قبوڵناكات، بێ‌ جیاوازی ئایدۆلۆجی، دیینی، مەزهەبی، ڕزگاركردنی نیشتمان، ڕزگاركردنی كۆمەڵ‌ و بەدیهێنانی دیموكراسی‌ و یەكسانی كۆمەڵایەتی دەكات بەئامانجی خۆی، ژیانی خۆی دەبەخشێت بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك ڕزگار بكات.
ڕوونیشیكردەوە: ئەم ژیان بەخشینە لای مرۆڤی شۆڕشگێڕ، نەمرییە لەپێناو سەربەرزی نیشتماندا.
وتیشی: شەهید نەجمەدین، ئەوكاتە دەیزانی بوونی خۆی و هەموو ئەو هەڤاڵە تێكۆشەرانەی لە سەردەمی ئەودا تێكۆشەربوون، گرنگە بۆ كوردایەتی، بەڵام لە هەمانكاتدا دەیزانی ئەگەر ئامادەی شەهیدبوون نەبێت لەو ڕۆژگارەدا، كە لە خاڵی یەكەمدا باسمكرد، شەهید و ڕۆژگاری سیاسی، دەیزانی ئەگەر قارەمانێتی نەبێت، گیانفیدایی ‌و شۆڕشگیڕیی نەبێت، لەو سەردەمەدا كە ڕێكەوتننامەی جەزائیر، لەنێوان شا‌ و سەدام ئیمزا كراوە، توركیا ڕازی بووە، ئەمریكا سەرپەرشتیكردووە، دەیزانی ڕۆژگارێكی ڕەش ‌و سەختی ئاوا، ئەگەر سەركردەكان، لە پێشەوەی پێشمەرگەكان، لە پێشەوەی تێكۆشەران ئامادەی گیانفیدایی نەبن، مەحاڵ بوو ئێمە بتوانین، ئەو ڕۆژگارە ڕەشە لە داگیركاریی ‌و لە زاڵبوونی داگیركەرانی كوردستان بگۆڕین بە خەبات‌ و بە تێكۆشان.
جەختیشیكردەوە: شەهید نەجۆ یەكێك لە سەركردە هەرە دیارەكانی ئەوكاتەی باكووری كوردستان بوو، شەهید بوو، لەلای ئێمەش، لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكەمین شەهیدی ئێمە، سكرتێری كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، شەهید شیهابی شێخ نوری-یە، سكرتێری ئێمە بوو لەگەڵ دوو هەڤاڵی سەركردایەتی كۆمەڵە، كە ئەوانیش شەهیدان جەعفەر عەبدولواحید‌ و ئەنوەر زۆراب بوون‌ و بۆ یەكەمجار چوونە بەردەم پەتی سێدارە لە ٢١/١١/١٩٧٦، لەسێدارە دران.
وتیشی: خاتوو نازەنین خانی خێزانی شەهید شیهاب-یش، لەدوا سەردانیدا، بە كاك شیهاب-ی وتبوو (شیهاب بۆ وات لەخۆت كرد؟)، كاك شیهاب-یش وەڵامیدابووەوە، (بۆیە وام لەخۆم كرد، بۆ ئەوەی سەركردەی كورد، پێش پێشمەرگەی كورد شەهید ببێت).
ئەمەش یەكێك لە پێناسە جوانەكانە بۆ شەهید نەجۆ، كە سەركردە بوو، بەڵام پێشمەرگە بوو، پێشمەرگە بوو بۆ سەركردایەتی ‌و سەركردایەتیش بوو، بۆ پێشمەرگایەتی‌ و هەردووكیشی بۆ شەهیدبوون هەڵبژارد، بۆیە شەهید و شەهیدبوون، پەیامێك بوو لەو پەیامی شۆڕشگێڕییەی كە لەكاتی خۆیدا، شەهید نەجمەدین بەرزی كردەوە و بەگیانی خۆیشی سەلماندی كە سەركردەی شەهیدبوونە و شەهیدبوونیش یەكێك لەپێناسەكانی شۆڕشگێڕێتی ئەو سەردەمە بوو.

سەرچاوە: www.pukonline.org
٢٠١٤/١/٢٦

سەرچاوە:
www.pukonline.org
2014/1/26

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...