سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار و میری كوێت: پتەوكردنی پەیوەندییەكان

سەرۆك كۆمار و میری كوێت: پتەوكردنی پەیوەندییەكان

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە پەیوەندییەكانی عیراق و كوێت لە سایەی دانایی و خواستی سەركردایەتیی هەردوو وڵات، ناكۆكییەكانی رابردوویان تێپەڕاند.

هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ
لە كۆبوونەوەیەكی رەسمیدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح و شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح میری دەوڵەتی كوێت كە دوێنێ 19/6/2019، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك بەرهەم ئاماژەی بەوەدا كە «عیراق خوازیاری بونیادنانی پەیوەندییەكی بەهێزە لەگەڵ دراوسێكانی، بەتایبەتی دەوڵەتی كوێت، بەجۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو گەلی دۆست بكات».
سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە عیراق لە روانگەی چەسپاندنی بنەماكانی دیالۆگ و رێزگرتن لە دراوسێیەتی و هاوسەنگی لە ناوچەكەدا دەڕوانێتە قەیرانەكان.
هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی میری كوێت و وەفدی یاوەری دەربڕی و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە فاكتەرێك بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

چارەسەری دۆسێ هەڵپەسێردراوەكان
لەلای خۆیەوە، میری كوێت ئاماژەی بە پشتیوانیی وڵاتەكەی كرد بۆ عیراق لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە لە ئەنجامی كارە تیرۆریستییەكان دووچاری هاتبوو، هاوكات سەردانەكەشی بۆ عیراق بە هەلێك زانی تاكو برەو بە پەیوەندیی و هاریكاریی نێوان هەردوو وڵات بدات. لە هەمانكاتدا چارەسەری دۆسێ هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا بكات. سەردانەكەشی بە هەنگاوێك بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی عیراق و كوێت ناوبرد و جەختیشیكردەوە كە سەقامگیریی ئاسایش لە عیراق گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ كوێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، دوا پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەوڵەكانی هێوركردنەوەی دۆخەكە تاوتوێكرا و دەربارەی بەشداریی كوێت لە ئاوەدانكردنەوەی عیراق و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆ كرا، بەجۆرێك كە خواستەكانی هەردوو گەلی دۆست بەدیبهێنێت.
لە كۆتاییدا، سەرۆك كۆمار لەسەر شەرەفی میری كوێت و وەفدی یاوەری، نیوەڕۆخوانێكی ئامادەكرد كە هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگای فیدراڵ و ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات ئامادەیبوون.
شایانی باسە، دوێنێ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، پێشوازییكرد لە شێخ سەباح جابر ئەحمەد سەباح میری دەوڵەتی كوێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قوباد تاڵه‌بانی: پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر و باشتر به‌ هاووڵاتیان

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند: له‌كوردستان‌و عیراق ته‌نها كێشه‌ی سیاسی‌و ئیداریی ...