سەرەکی » وەرزش » نه‌هاتی میسی به‌رده‌وامه‌

نه‌هاتی میسی به‌رده‌وامه‌

ئه‌و ساته‌ی بارسیلۆنا له‌یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشكۆتایی چامپیۆنس لیگدا 4-0 به‌ لیڤه‌رپوڵ دۆڕا، ساتی نه‌هاتی لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ دیاره‌كه‌ی ئاسمانی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتن و بارسیلۆنا ده‌ستیپێكردو تا شه‌وی شه‌ممه‌ی رابردوو درێژه‌ی كێشا.
میسی كاتی خۆی و له‌ شه‌وی بردنه‌وه‌ی جامی لالیگاو ئاهه‌نگی خۆشی وه‌رگرتنی ئه‌و جامه‌دا، به‌هانده‌رانی بارسیلۆنای ووت جامی چامپیۆنس لیگیش ده‌هێنێته‌ كامپ نو، به‌ڵام له‌و یارییه‌دا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی نه‌هاته‌ دی و 7/5/2019 به‌ لیڤه‌ر دۆڕاو دۆڕانه‌كه‌ش چاوه‌ڕوان نه‌كراو و زۆر قورس بوو.
پاشان لە جامی شای ئیسپانیاشدا رۆژی 25/5/2019 1-2 به‌ ڤالانسیا دۆڕان و ئه‌م جامه‌شیان له‌ده‌ستداو ته‌نیا به‌ لالیگاوه‌ وه‌ستان، ئه‌مه‌ش كۆستێكی تری بارسیلۆنا بوو، شكسته‌كه‌ش خۆی بۆ خۆی بۆ مێسی به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م به‌ تێكشانێكی تر دادەنرێت.
پاش ئه‌م شكستانه‌ مێسی هیوایه‌كی زۆری به‌وه‌بوو بتوانێت به‌ جامی كوپا ئه‌مریكا قه‌ره‌بووی ئه‌و شكستانه‌ بكاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌رنه‌بێت بۆ یه‌كه‌م جار له‌ژیانی ئیحتیرافی خۆیدا جامێكی گرنگ له‌ ئاستی هەڵبژاردەدا بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات.
به‌ڵام كوپا ئه‌مریكاش بوو به‌ وێستگه‌یه‌كی تری دڵشكان و بێهیوا بوونی ئه‌م ئه‌ستێره‌ دیاره‌ی ئاسمانی تۆپی پێی جیهان و له‌یارییه‌كی لێوان لێو له‌ گومان و لێوان لێو له‌ هه‌ڵه‌ی ناوبژیوان، له‌ یاریی كۆتایی بێ به‌شكرا و 0-2 به‌ به‌رازیل دۆڕا.
ئه‌گه‌ر هەردوو دۆڕانەکەی لیڤه‌رپوڵ و ڤالانسیا بۆ میسی جۆرێك له‌ هه‌قیانه‌تی تیادا بووبێت، به‌ڵام دۆڕاندنه‌كه‌یان به‌ به‌رازیل ناهه‌قی زۆری تیادا بوو، مێسی له‌م یارییه‌دا وه‌ك وترا به‌زۆر دۆڕاندنیان به‌سه‌ردا سه‌پاندن.
دواتریش له‌یاریی دیارییكردنی پله‌ی سێیه‌م چواره‌میشدا به‌رامبه‌ر چیلی ناهه‌قییه‌كی تر له‌ مێسی كرا به‌وه‌ی(ماریۆ دیازی پاراگوایی) ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ به‌كارتی سوور كردیه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ده‌قیقه‌ی 37 ی یارییه‌كه‌دا بوو، تیایدا گاری میدیل زۆر ناشیرین و به‌شێوازێكی نه‌شیاو كه‌وته‌ هێرشبردن بۆ سه‌ر میسی، به‌ڵام ماریۆ دیاز به‌دوو كارتی سوور هه‌ردووكیانی كرده‌ ده‌ره‌وه‌.
هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ده‌بوو گاری میدیل به‌كارتی سوور ده‌ربكرایه‌ و كارتی زه‌ردیش بدرایه‌ به‌ میسی، به‌ڵام ناوبژیوان هه‌رچه‌نده‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ڤاریش، به‌ڵام له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان نه‌بووه‌وه‌.
ئه‌وه‌تا یه‌كێك له‌ شیكه‌ره‌وه‌كانی یارییه‌كه‌ له‌كه‌ناڵی بی ئن سپۆرت زۆر به‌ ئاشكرا ووتی ناوبژیوان بۆیه‌ كارته‌كه‌ی دا به‌ میسی بۆ ئه‌وه‌ی ناوی بچێته‌ مێژووه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وای نه‌كردایه‌، كێ ناوی ده‌برد، به‌ڵام به‌مه‌ ناوی چووه‌ ناو ناوان.
دواجار ئه‌مه‌ كۆتاییه‌كی خه‌مبارو چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو بۆ میسی، چونكه‌ له‌ دوا پاڵه‌وانێتیی ئه‌مساڵیدا كۆتاییه‌كه‌ی كارتێكی سوور بوو.
باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم کارتە سوورە بۆ میسی تۆڵەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوورە لەم یاریزانە بەرامبەر ئەو لێدوانەی پاش تەواو بوونی یاریی بەرازیل و ئەرجەنتین ووتی؛بەرازیل تەحەکوم بە یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوورەوە دەکات.
میسی له‌هه‌موو ژیانی وه‌رزشیی ئیحتیرافی خۆیدا ئه‌مه‌ دووه‌م كارتی سووره‌ وه‌ریده‌گرێت، له‌ 687 یارییدا له‌گه‌ڵ بارسیلۆنا هیچ كارتێكی سووری وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام له‌ 136 یارییدا له‌گه‌ڵ تانگۆ ئه‌مه‌ دووه‌م كارتی سوورە‌ وه‌ریده‌گرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هالیپ له‌ پێشه‌نگی نزیك بۆوه‌

دوای كۆتایی هاتنی پاڵه‌وانێتی گراندسلامی ویمبڵدۆن یه‌كێتی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی تێنسی ...