سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » محەمەدی ئێستای سعودیە،شەڕ بۆ خۆی دەكات نەك بۆ خودا

محەمەدی ئێستای سعودیە،شەڕ بۆ خۆی دەكات نەك بۆ خودا

محەمەد بن سەلمان، ناوە ناسراو و دیارەكەی ئەمڕۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو، سەرۆكێك كە لە مێژووی سعودییەدا هیچ سەرۆكێكیتر نەیتوانیوە وەك محەمەد بن سەلمان دەست بۆ هەندێك پرسی تاپۆ و قەدەغەكراو ببات كە تاڕادەیەك سعودیە بەڕووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو و جیهانیشدا بكاتەوە.
محەمەدەكەی سەرۆك و شازادەی ئێستای سعودییە كە هێشتا لە نیوەی دەیەی چوارەمی تەمەنیدایە (1985)، هێندە بە هاوتەریبی ئەمریكا و زلهێزەكانی جیهان هەنگاو دەنێت خەریكە وێنەی محەمەد بن سەلمان هەڵبكشێت بۆ ئاستی سەرۆكە گەورەكانی جیهان و هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوچەكەدا ڕوونادات ئەگەر سەرەتا ئەمریكا لەگەڵ ئەو شازادەیە تاوتوێی نەكات و نەزانێت سعودیە چەندی پێدەكرێت بۆ ئەمریكاو چۆن لەقازانجی خۆیان دەیشكێنێتەوە.
لەماوەی دوو ساڵی بەیعەتپێداندا بە محەمەد بن سەلمان كە بەپێی بڕیارێكی دیوانی شاهانەی سعودیە، لەكۆی 34 ئەندامی دەستەی بەیعەتدان 31 ئەندام دەنگیان بە محەمەد بن سەلمان، كوڕی شا سەلمان و شازادەی جێنشینی وڵاتەكەی وەك شازادەی جێنشین داوە (21/6/2017 بۆ ئێستا مانگی 7ی 2019) ، محەمەد بن سەلمان هەنگاوەكانی بەجۆرێكە كە ئەوەندەی لە پێناو پێگەی خۆیی و خێزانەكەیدایە هێندە لە پێناوی پێگە و ناونانە ئیسلامیییەكەی! سعودیە نییە. بە مانایەكیتر ؛ ئەوەی محەمەدەكەی ئێستای سعودیە دەیكات بۆ ناوبانگی خۆیەتی و بۆ ڕازیكردنی دڵی ئەمریكا و ئیسرائیلە و هیچی بۆ خوا ! و شوناسە ئیسلامییەكەی سعودیە نیییە كە سعودییەی وەك خاكی پیرۆز و ناوەندی بڕیاری ئیسلامی جیهانی پێناسراوە.
ناكۆكییەكانی كەنداو و سەرەتای دەركەوتنی محەمەد بن سەلمان
دوای ئەوەی (دۆناڵد ترامپ) وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەكەم سەردانی خۆی لە (20 / 5 / 2017) بۆ ڕیازی پایتەختی سعودیە دەست پێكرد، هەر لە خاكی ڕیازەوە هێرشی بۆسەر چەند وڵاتێك دەست پێكرد لەوانە قەتەر و ئێران ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو دوو وڵاتەی بە هاوكاری تیرۆریستانی داعش تاوانبار كرد و سزاشی بەسەر قەتەردا سەپاند. دوای هەڕەشەكانی ترامپ دیارترین كەسی سعودیە كە محەمەد بن سەلمان بوو پشتیوانی لە هەڕەشەكانی ئەمریكا و ترامپ كرد و ئەو ناكۆكییەی كەوتەنێوان سعودیە و وڵاتانی كەنداو لەلایەك و قەتەر لەلایەكیترەوە ئەوە یەكەمجار بوو ناكۆكی لەوجۆرە لەنێوان وڵاتانی كەنداودا ڕووبدات لەوەتەی «ڕێكخراوی هاریكاری كەنداو» لەساڵی 1981ەوە دامەزراوە.
دوای یەك مانگ لەو سەردانەی ترامپ بۆ ڕیاز و پشتیوانی محەمەد بن سەلمان بۆ هەڕەشەكانی ئەمریكا لە قەتەر و ئێران، محەمەد بن سەلمان لە چوارشەممەی 21 / 6 / 2017 دا گەشتە كورسی دەسەڵات. هەر ئەوكات ڕۆژنامەنوسی دیاری سعودی تیرۆركراو «جەمال خاشقچی» لە لێدوانێكیدا بۆ «دی دەبلیو»ی ئەڵمانی ڕایگەیاند : محەمەد بن سەلمان لە كۆشكی ترامپی سپییەوە ! هەڵبژێردراوە و دەبێتە پیاوی یەكەمی سعودیەو سێبەری ئەمریكا لەناوچەكەدا.
محەمەد بن سەلمان و تێكشاندنی گەمارۆكانی سەر ئیسرائیل
محەمەد بن سەلمان هێندەی ئەمریكا و ئیسرائیل دڵسۆزە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاشتی عەرەب _ ئیسرائیل كە ناسراوە بە « صفقەی قرن، ڕێككەوتننامەی سەدە ، ڕێككەوتننامەی ئاشتی! یان سەوداومامەڵەی سەدە!». ئەگەرچی فەلەستینییەكان دژی ئەم بابەتەن و ئامادەنین پرۆژەكەی (گارید كۆشنەر، دەیفید فریدمان و گرینبڵات) وەك چارەسەر وەربگرن و بچنەپێشەوە لێی چونكە ئەوان پێیان وایە ڕێككەوتننامەكە بۆ فرۆشتنی خاكی فەلەستینە نەك ئاشتی و ڕێككەوتن، بەڵام محەمەد بن سەلمان پرۆپۆزەڵی پرۆژەكەی بە بەڕێوەبەری كاروباری ئەمنی فەلەستین «ماجد فەرەج»دا ناردووە بۆ (مەحمود عەباس) ، لەبەرامبەردا (عەباس) ئامادەنەبووە تەنها نامەكەیش بكاتەوە ، بۆیە بەهەمان شێوە نامەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ محەمەد بن سەلمان.
لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەدا ، ئەمریكا ڕۆڵێكی گرنگی دابوو بە محەمەد بن سەلمان بۆ ئەوەی میسر و ئوردن ڕازی بكات لەبەرامبەر ئەوەی بەشێك لە خاكی فەلەستین بدرێت بە ئەو دوو وڵاتە. هەروەها محەمەدەكەی سعودیە
هاوكارییەكانی سعودیەی لە (7,5) ملیۆن دۆلارەوە بەرزكردۆتەوە بۆ (20) ملیۆن دۆلار، تەنها لەپێناو ڕازیبوونی فەلەستینییەكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی سەفقەی قڕن. لە ئەگەری دژایەتی و شەڕی بەرەی ڕزگاری و حەماس دژی ئیسرائیل و ڕەدكردنەوەی پرۆژەكە ، ئەوا محەمەد بن سەلمان ئامادەیە هاوكارییەكانی بۆ فەلەستین ببڕێت.
كارەكتەری محەمەد بن سەلمان بە هەموو شێوەیەك ئەو كارەكتەرەیە كە ئەمریكا و ئیسرائیل دەیانویست لەناوچەكەدا هەیانبێت. چونكە لە ئێستادا ئەمریكا و ئیسرائیل هیچ گومانێكیان لە سعودیە نەماوە كە هەر كارێكی پێبسپێرن بەبێ هیچ دوودڵییەك جێبەجێی دەكات و ناتوانێت ڕەدی بكاتەوە. هەر كارێك محەمەد بن سەلمان بۆ ئەمریكا و ئیسرائیلی بكات بێ بەرامبەر نابێت و ڕاستەوخۆ نرخەكەی دەچێتە خزمەتی شازادە نازدارەكەی «سوڵتان»ی یەكەم خێزانی شا سەلمانەوە.
محەمەد بن سەلمان و كرانەوەی سعودیە
تیرۆری ڕۆژنامەنوس «جەمال خاشقچی» كە دەگوترێت محەمەد بن سەلمان لەپشت ئەو تاوانەوەیە، بەلای ئەمریكییەكانەوە گەلێكجار لەو كارانە بچوكترە كە محەمەد بن سەلمان لەپێناو كرانەوەی سیستمی سیاسی سعودییەدا جێبەجێی كردووە. هەموو ئەو هەنگاوانە نەك تەریب و كۆك نییە بە مێژووی دوورو درێژی ئاینی سعودیە بەڵكو گەلێك ناكۆك و پێچەوانەیشە. هەر ڕەخنەیەكیش لە جوڵەكانی محەمەد بن سەلمان گرنگییەكی ئەوتۆی نییە كە ئایا تاچەند ئەم هەنگاوانەی دژە بەڕابردووی مێژووی پڕ شانازی سعودیەكان، بەڵكو بەلای محەمەد بن سەلمانەوە گرنگ ئەوەیە كە دەچێتە خزمەت مانەوەی خۆیەوە . بە مانایەكیتر محەمەدەكەی سعودیە هەموو گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی سعودیە لەپێناو خۆیی و ڕازیكردنی دڵی ئەمریكایە نەك لە پێناو پاشخانە مێژوویی و دینییەكەی سعودیە و لەپێناو جوانتركردنی وێنەی خوا ! بێت لەدیدی سعودییەكان و دەسەڵاتە بەناو ئیسلامییەكەی سعودییەوە.
ئەمریكا و ئیسرائیل و زۆرێكی وڵاتانی ئەوروپایش دەستخۆشیان لە شازادە گەنجەكەی سعودیە كرد كە كاتێك دەستی برد بۆ هەندێك پرسی داخراو لە كۆمەڵگەی سعودیدا وەك شۆڤێری ژنان، بەشداری ژنان لە یاریگاكاندا، ئاهەنگی شەوانەی مۆزیك و هەڵپەڕكێ و كردنەوەی دیسكۆی حەڵاڵ ! لە سعودییەدا. دوا هەنگاویش ئاهەنگێكی مۆسیقایە بۆ ڕاپەڕی ئەمریكی (نیكی میناج) كە لە شاری جەدە بۆی ڕێك دەخرێت. بڕیارە محەمەد بن سەلمان سپۆنسەری ئاهەنگەكە بكات و كەناڵی «ئێم تیڤی» ئەمریكیش ڕاستەوخۆ ئاهەنگەكە دەگوازێتەوە. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە «نیكی» بەیەكێك لەو ڕاپەڕە ئەمریكییانە دادەنرێت لە ئاهەنگەكانیدا لەجێگەی گۆرانی وشەی سێكسی و وروژێنەر بەكار دەهێنێت و هەندێكجاریش جلەكانی لادەبات و خۆی ڕوت دەكاتەوە. بەڵام ئەم قسانە هیچیان ناچن بەگوێی محەمەدەكەی سعودیەدا كە كارێكی ناشەرعییەو دژە بەكەلتورو ڕابردووی سعودیە و فەرهەنگی سعودی ، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە بەم كارە ئەمریكییەكان و خودی دۆناڵد ترامپ ئۆكەی بۆ بن سەلمان دەكات.
هەموو ئەو شیكەرەوە و شارەزایانەی ئێستا لە سیاسەتی ناوخۆیی سعودیە دەكۆڵنەوە زۆربەیان لەگەڵ ئەوەدا كۆكن كە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت فۆرمی حكومڕانی لە سعودییەدا بگۆڕێت و سعودیە لە فۆرمە كلاسیك و كۆنەكەیدا نەهێڵێتەوە. وەك دەگوترێت ئێستا محەمەد بن سەلمان دەیەوێت (دەوڵەتی سعودیەی چوارەم) دابمەزرێنێت ئەمەش دوای ئەوەی كە دەوڵەتی سعودیە (میرنشینی درعی) لەساڵی 1744 لەنێوان محەمەد بن سعودو محەمەد بن عەبدولوەهاب دامەزرا، پاش شەش ساڵ لە دەوڵەتی یەكەم ، توركی بن عەبدوڵڵا بن سعود بن عەبدولعەزیزبن محەمەد بن سعود دەوڵەتی دووەمی دامەزراندو تاكو ساڵی 1819 بەردەوام بووە. پاشان دەوڵەتی سێیەم لەساڵی 1902 لەسەر دەستی عەبدولعەزیز بن سعود دامەزرا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد ئه‌گه‌ر بییه‌وێت جارێكیتر له‌ عێراق دا به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌ ...