سەرەکی » ئاراستە » له‌ یادی فه‌رمانده‌ی نه‌مر فه‌قێ بوراندا

له‌ یادی فه‌رمانده‌ی نه‌مر فه‌قێ بوراندا

مه‌جید حاجی مسته‌فا بوران*

له‌ دامێنی شاخه‌ سه‌ركه‌شه‌كه‌ی شێخ ناسری باڵه‌كایه‌تی، له‌ناو خێزانێكی جوتیاری به‌ ئیمان، له‌ خانوویه‌كی تاریكی دیوار نزمدا كۆرپه‌یه‌ك، گوڵاڵه‌ سوره‌ی حاجی مسته‌فای بورانی له‌ ساڵی 1959 چاوی به‌ رووناكی ژیان هێنا و ناوزه‌ند كرا به‌ ئه‌حمه‌د.
له‌گه‌ڵ دارو دره‌خت و گه‌ڵای سه‌وز چرۆی ده‌ركرد، باڵای ده‌كرد تا ئاشنای جوانی و روونیی خۆره‌تاو و جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ تاریكه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ لوتكه‌ی به‌رز و به‌فر و زریان و ره‌شه‌با، شنه‌با و گوڵاڵه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی كوێستان ئاوێته‌ بوون، له‌گه‌ڵ قورسی ژیان تێكه‌ڵاو بوو، له‌ ناخ و هزریا خۆشه‌ویستی خاك و نیشتیمان چه‌كه‌ره‌ی كرد، له‌ دانیشتن و كۆڕی زانا و ریشسپییه‌كاندا وته‌ی به‌نرخ و تێڕوانینی ژیرانه‌ی هه‌بوو، له‌ ئه‌نجامدا خۆی له‌ دنیای سیاسه‌ت و كوردایه‌تیدا بینیووه‌، ده‌ست و مه‌چه‌كی بۆ چه‌كی به‌رگری درێژكرد، خستییه‌ سه‌رشانی، رێگای دوور ودرێژی خه‌باتی رزگاری نیشتمانی گرته‌به‌ر، له‌و پی ناوه‌دا ده‌یان كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی هاته‌ڕێ، پێده‌شت و بناری شاخ و لوتكه‌ی چیاو دۆڵ و هه‌ردوو دێهات و ئاوایی بڕی، چریكه‌ی بۆ ره‌وایه‌تیی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی ده‌چڕی و له‌ ژیانی رێكخراوه‌یی و ئۆرگانه‌كانی شۆڕش سوودی وه‌رگرت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ تامه‌زرۆتر به‌گوڕتر درێژه‌ی به‌ شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌دات.
تێكۆشه‌ری نه‌مر ئه‌حمه‌د مسته‌فا بوران ناسراو به‌ فه‌قێ بوران، سه‌ره‌تا له‌ساڵی 1979دا له‌ كه‌رتی باره‌گای هه‌رێمی 7 له‌لای فه‌رمانده‌ی نه‌مر قادر خه‌بات ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، دواتریش ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كه‌رتی 3 به‌ فه‌رمانده‌یی شه‌هید برایم حاجی كوێخا.
هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕ و نه‌به‌ردییه‌كانیدا ئاماده‌یی هه‌بووه‌، برینداركراوه‌ و ئه‌ركی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌ و فه‌رمانده‌ی كه‌رت بووه‌ له‌ تیپی 74ی باڵه‌ك، له‌ ئه‌نفال دانه‌بڕاوه‌ و به‌ر له‌ راپه‌ڕین گوزراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌تالیۆنی 4، له‌ راپه‌ڕینی 1991دا رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌.
خاوه‌نی میدالی رێزلێنانی پێشمه‌رگه‌ دانه‌بڕاوه‌كان بووه‌.
به‌داخه‌وه‌، ئه‌م پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ قاره‌مانه‌، رۆژی 2/8/2003 له‌ دۆڵی باڵه‌كایه‌تی گیانی پیرۆزی سپارد و چووه‌ كاروانی هاوڕێ شه‌هیده‌كانییه‌وه‌ بوو.

*برای شه‌هید

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*