سەرەکی » ئاراستە » پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

دەوەن مەعروف

بەشی پێنجەم

ـ چەند جارێک جەولەکردن بۆ ناوچەکانی سەرسنوور.
زووربەی پێشمەرگەکان گەنج بوون و مانای ماندوبوونیان نەدەزانی، بەتایبەتی ئەو پێشمەرگانەی کە لەناوچەکانی گەرمیانەوە هاتبوون بۆ بادینان. لەسەر داوای کاک ئازاد هەوارمی جەولەیەکی دوورودرێژمان کرد بەرەو ناوچەکانی خواکورک و سەر سنووری نێوان باکووری کوردستان و باشووری کوردستان، کە لەشکری بادینی فەرماندەمان بوو. دەڕۆیشتین بەرەو ناوچەکانی نێروەو پەڕینەوە لە ڕووباری ڕۆشین و گۆندەکانی چەمجو، زێتێ دەریا سوور و پێندرۆ و پاشان گوندی کەتینە و گوندی مام ڕەش و دەشتی بەرازگر و گەلی ڕەش و خواکورک. لەوێ چەند فەرمانێکمان جێبەجێ دەکرد و دەگەڕاینەوە. دەشتی بەرازگر یەکێک لە دەشتە پان وبەرینەکانی کوردستانە. دەکەوێتە ناوچەی سیدەکان. خەڵکی ئەم ناوچەیە سەربە هۆزی برادۆستن و کۆمەڵێک گوندی جوان و ڕەنگینی تێدایە. هەندێکیان ئاوەدان بوون هەندێکیشیان ڕووخا بوون و لەترسی هێرشەکانی ئێراق، چووبوونە ناو چیا شیرین و گوندەکانی دەشتی حەیات. ئەو گوندانەی کە ئاوەدان بوون و ئێمە کەمتر دەچووینە گوندەکانی ئەو ناوچەیە. کە ئەمانەیان ئاوەدان بوون.(بەرمیزە، ئێنەمسید، هاروونە، چنار، بنەوانۆک، هەیات، ئێشم، بندەر، خومار) برادۆست ناوی هۆز و دوو دەڤەرە، یەکیان لە باشووری کوردستان و سەر بە پارێزگای هەولێرە و مەڵبەندەکەی سیدەکانە. دەڤەرەکەی تریان لە ورمێ (پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا)یە و بە سۆما برادۆست دەناسرێت. هۆزی برادۆست کە لە مێژووی کوردا خاوەن سەروەری قەڵای «دمدم»ن بە گوێرەی شەرەفنامە: میرانی برادۆست بە بنەچە گۆرانن و لە نەوەی خانەدانی میر بەدری حسنوی بەرزیکانین. لەدوای دەشتی بەرازگر دەچووینە گەلی ڕەش و تاکو بارەگاکانی خواکورک نەدەوەستاین، لەیادمە چەند جارێک چووینە بارەگای برادەرانی» پارتی گەلی دیمۆکراتی کوردستان» لە ڕێکەوتی ٣٠/ ٧/١٩٨١ لەدوای جیابوونەوەیان لە پارتی (سامی عەبدولڕەحمان، نوری شاوەیس، عارف تەیفوور، کەریم سنجاری، جەوهەر نامیق سالم) پارتی گەل دادەمەزرێنن. سامی عەبدولڕەحمان سکرتێری پارتی گەل بوو. پاشان لەدوای چواردە ساڵ باقی برادەرەکانی جارێکیتر گەڕانەوە بۆناو پارتی. لە ١/٢/٢٠٠١ شەهید بوو. هەندێکجار بە هۆی زۆربارینی بەفرەوە نەماندەتوانی بە شاخی» کەچەڵە»دا سەرکەوین تاکو بگەینە شاری شنۆ. دووجاریان بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە چەند ڕۆژێک لەناو بارەگای پارتی گەل ماینەوە. دواین جار لە ڕێکەوتی ٩/٣/١٩٨٧ لەگەڵ برای بەڕێز حاکم عومەر عەزیز و دەستەکەی کە لە بارەگای گەلی زێوە ڕێککەوتین بەرەو خواکورک و دەشتی بەرازگر. لەبەر ڕێگەکەمان دوورو پڕ لە هەوراز و نشێو بوو. برادەرێکمان لە ڕێگە پەکی کەوت و نەخۆش کەوت. ناوی « عەبدولمەجید زاخۆیی» بوو. ئیتر بەهۆی ئەم برادەرەوە سەفەرەکەمان زۆر دواکەوت. لەیادمە بە ڕۆژی نیوەڕۆ چووینە ناو گوندی چەمجو، ئەم گوندە زۆر نزیک بوو لە سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستانەوە. بە ئۆتۆمبیل بە سی خولەک دەگەیشتنە ناو تورکیا. دیار بوو خەڵک ئێمەی بینی بوو، ئیتر سیخووڕەکان خەبەریان لێ دابووین. هێشتا ئێمە بە ڕێگاوە بووین بۆ ئێوارەکەی چووینە گوندی دەریا سوور. لە نزیک چیای گۆڤەند. کە ئەویش گوندێکە لەسەر سنوور. بۆ بەیانی چووینە گوندی کەتینە و ویستمان لە ڕووباری کەتینە بپەڕینەوە. هەندێک لە پێشمەرگەکان گەیشت بوون و هەندێکیان کە بەهۆی عەبدولمەجید زاخۆییەوە. هێشتا نەگەیشتبوون. لەدوای چارەکە سەعاتێک ئەوانیش گەیشتن. پێش ئەوەی بگەنە لای ئێمە. هەموومان کەوتینە کەمینی جاشەکانی « شێخ محەمەد خالید بارزانی» و «حیزبوڵڵای كورد « حیزبوڵڵای كورد «پارتێکی سیاسیی بوو کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە ئێران لەسەر داوا‌ و بەسەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق دروستکراوە) و پاشان «حیزبوڵڵای شۆرشگێری كورد « لە ساڵی ١٩٨٨لە نێوی ئەم گروپ و ژێر دەستەڵاتی ئەو دامەزراند، ئەم دوو هێزە دروست کراو بوون بۆ دژایەتی یەکێتیی و نیشتمانی کوردستان و باقی هێزەکانی تری باکوور و باشووری کوردستان. چەندین کاری نامرۆڤانەیان دەرهەق بە پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی کوردستان کردووە. بووبە میل ڕاکێشان، حاکم عومەر وتی: یەکێک بانگیان بکات و پێیان بڵێ کە ئێمە یەکێتیی نێستمانی کوردستانین. تکا دەکەین ڕێگر مەبن و با هەر یەکەمان بە ڕێگەی خۆیەوە بڕوات. دیار بوو ویستیان فێڵمان لێ بکەن، کاتێک هاتینە سەر ڕووبارەکە، دوو دانەیان چەکەکانیان بە دەستیانەوە بوو، ئێمەش بە نیازێکی پاکەوە نزیک بووینەوە، چەکەکانمان لەشاندا بوو کاک شاهۆ وتی نیازیان خراپە، نیزکتر بوونەوە لێمان و دیار بوو متمانەیان نەبوو کە ئێمە یەکێتیین. هەر کە زانی ئێمە پێشمەرگەی یەکێتیین. دانیشتن. یەکێکیان بە هاوڕێکەی تری وت: ڕاست بێژن وان پێشمەرگانە ئێکیتینە! ئیتر باش بوو تەقە نەکەوتە نێوانمانەوە. بەڵام لەدوایدا بۆمان دەرکەوت کە خەبەریان لێ دابووین. لەدوای ئەم مشت و مڕە. ئێمە پەڕینەوە بۆ گوندی کەتینەی باشووری کوردستان. کە گەیشتینە ناو گوندەکە، لەماڵێک دانیشت بوین، کەسێکی خەڵکی گوندەکە بەپەلە هاتوو وتی: ئەو پێشمەرگانەی لەوبەر ڕووبارەکە، پێشمەرگەی ئێوەن؟ ئێمە وتمان بەڵێ. وتی فریایان کەون ئەگینا خەبەریان لێ دەدەن و دەگیرێن. خێرا چووینە سەر ڕووبارەکە بۆ هاوکاری کردنی برادەران. پشتوێنەکانمان بەیەکەوە گرێداو بۆمان فڕێدان تاکو یەک یەک ڕزگاریان بکەن. کاتێکمان زانی چوار کۆپتەر و جەندرمەی تورکی هاتنە سەر ڕووبارەکە. ویستمان تەقەیان لێ بکەین، خەڵکی گوندەکە چوونە لای حاکم عومەر و پێیان وتبوو: ئەگەر پێشمەرگەکان تەقە بکەن. جەندرمەی تورکی هەموومان دەکوژن. ئیتر لەبەر ساغ و سەلامەتی خەڵکی گوندەکە تەقەمان نەکرد و برادەرانیش هێشتا هەر لە قەراغ ڕووبارەکە بوون. ئیتر جەندرمەکان کە زیاتر لە ٥٠ جەندرمە دەبوون، چوونە سەر برادەران و دەستگیریان کردن. کە بریتی بوون لە: لایەق کونجرینی، عەبدولمەجید زاخۆیی، مام برایم. موزەفەر، مەحمود، فاتیح. لە ١٨/٣/١٩٨٧دا ئەم ڕووداوە ناخۆشە ڕویدا بەهۆی سیخورەکانی حزبوڵای شۆڕشگێر و حزبوڵای کورد. بەداخەوە ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ زیندانی کران لە ئێران و لە تورکیا. زۆر هەوڵماندا تاکو بەهەر جۆرێک بووە ڕزگاریان بکەین، تەنانەت حاکم عومەر هەرچی پارەی پێ بوو کردی بە بەرتیل بۆ ئەوەی بەریان بدات بەڵام فایدەی نەبوو. تاوانێکی تری حزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کورد، تەسلیم کردنەوەی پێشمەرگەیەکی برینداری پەکەکە بەناوی» حسێن ساری» بوو بە ڕژێمی تورکیا. کە بەشێکی زۆری پێشمەرگەکانی بادینان لەم ڕووداوە ئاگادارن. لەکاتژمێر ٦ی بەیانی کەوتینە ڕێ بەرەو دەشتی بەرزگر و گەلی ڕەش. تاکو گەیشتینە بارەگای برادەرانی پارتی گەلی، لەبەر ئەوەی بەفر زۆر باریبوو، نەمانتوانی بە شاخی کەچەڵەدا سەرکەوین، ناچار ماوەی دوو ڕۆژ ماینەوەو پاشان بەهەر جۆرێک بوو لەشاخی کەچەڵەماندا، بەفر شاخ و دۆڵی داپۆشی بوو، تیشکی ڕۆژ بەناو شاخ و دۆڵی سەربەفریندا بریسکەی دەدا، ئەو ڕێگە هەوراز و دوورودرێژەمان بڕی و بە هەرجۆرێک بوو گەیشتینە شاری شنۆ. ئێوارەی جەژنی نەورۆز ساڵی ١٩٨٧ لەشاری شنۆ بووین و «مامۆستا زرار» کە مەسئولی عەلاقاتی شنۆ بوو هات بۆلامان، شەو نووستین و بۆبەیانی کە خەبەرمان بۆوە کەسمان نەماندەتوانی چاوانی بکاتەوە! چونکە بەفر چاو بردبووین، جامانەکەنمان دا بەسەروچاوماندا، لەیادمە هەموومانیان برد بۆ خەستەخانە، لەوێ قەرەیان داینێ و چووینەوە بۆ لای باقی برادەران. بۆ حەوانەوە، ئیتر هەرچۆنێک بوو بە دوو ڕۆژ هەندێکمان چاک بووینەوە، لە دڵەوە سوپاسی حاکم عومەر عەزیز و مامۆستا زرار دەکەین کە زۆر بەتەنگمانەوە بوون، زۆر هاوکارییان کردین. هێشتا لەناو ئوتێلەکە بووین، ئێستگەی بەغا، هەواڵێکی زۆر ناخۆشی بڵاوکردەوە، کە ناوچەی سەرکردایەتی لە سەرگەڵو و بەرگەڵو و سێروان و ناوچەی دۆڵی جافایەتی دەستی بەسەردا گیراوە! ئیتر هەر هەموومان حەپەساین! پەیوەندیمان لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی و برادەران پچڕابوو، هەواڵمان نەدەزانین، لەدوای گرتنی برادەران لەسەر ڕووباری کەتینە، کاک حاکم عومەر نامەیەکی نارد بوو بۆ کاک ئازاد هەوارمی و لەهەموو شتێک ئاگاداری کردبۆوە. ئیتر لەدوای ئەو نامەیەوە هیچ سەرداوێکمان نەبوو بۆ پەیوەندیکردن، کاک حاکم عومەر عەزیز هەواڵی نارد بۆ مامۆستا زرار و ئەویش بە پەلە گەیشتە لامان، لەوێ پێکەوە قسەیان کردوو بە ئاشکرا پێیان وتین، ڕژێمی ئێراق شاڵاوی ئەنفالی دەستپێکردووەو بەشیکی زۆر لەناوچەکانی سەرکردایەتی و ناوچەکانی تر کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەنفالی ڕژێمی بەعس، ئیتر کاک حاکم عومەر هاتوو دڵخۆشی هەموومانی دایەوەو پێی وتین: خەمتان نەبێت یەکێتیی هێزێکە بەرگەی هەموو هێرشەکان دەگرێت و ئێستاش درەنگ نییە، فەرموون با هەر هەموومان بگەڕێینەوە بۆلای برادەران لە قاسمەڕەش. داوا لە مامۆستا زرار کرا کە بەڵگەمان بۆ بکات و بگەڕێینەوە بۆ سەرکردایەتی، هەر ئەو ڕۆژە بەیانییەکەی مامۆستا زرار بەڵگەی بۆ هەموومان کردو هەر هەموومان گەڕاینەوە بۆ قاسمەڕەش.

ـ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی بۆ قاسمەڕەش.
هەرکە گەیشتینە قاسمەڕەش حاکم عومەر عەزیز، لە ڕێگەی برادەرانی سەرکردایەتییەوە هەواڵیان پێدابوو کە کاک ئازاد هەوارمی و برادەران سەلامەتن، مایەی دڵخۆشی بوو کاک ئازاد و برادەران بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو بوو لە ئەنفالی بادینان. ئیتر هیچ هەواڵیکی ترمان نەزانی و ماوەی چەند ڕۆژێک لە قاسمە ڕەش ماینەوە، بەیانییەکیان کاک حاکم عومەر بانگی کردم و پێی وتم: ماوەیەکی زۆرە ماندوبوویت و من زۆر سوپاست دەکەم کە ئەم ماوەیە پێکەوە بووین، پێم خۆشە سەردانێکی ئێران بکەیت و کەمێک پشوو بدەیت. ئەلێی چی پێت خۆشە سەفەرێکی ئێران بکەیت؟ وەک بیستوومانە هەندێ لە پێشمەرگەکان لە شارەکانی « سەقز، سنە، بانە» وباقی شارەکانی ترن، ڕەنگە لەوێش چاوت بە هەندێ برادەری لای خۆتان بکەوێت، هەرهیچ نەبێت کەمێک پشوو دەدەیت، باشە؟ منیش پێشنیارەکەیم قبووڵ کرد، پێموت: کە ڕۆیشتم بۆناو ئێران چەک و تاقمەکەم لەکوێ دابێنم؟ ئەویش وتی: ئەگەر پێت باشە لەلای برادەرانی مامۆستا نازم داینێ و دوای وەریبگرەوە! ئیتر پێم وت: خەمت نەبێت خۆم مشووری دەخۆم. حاکم عومەر، نامەیەکی نووسی و دایە دەستم و وتی ئەو نامەیە بدە بە برادەرانی عەلاقات لە سەقز، تاکو وەرەقەت بۆ بکەن. پێش ئەوەی ماڵئاوایی بکەین لە یەکتر، هەندێ پارەشی دامێ بۆ مەسرەفی ڕێگە. دوای ماڵئاوایی ملی ڕێگەم گرت بەڕێکەوتم بۆ ناوزەنگ و زەڵێ. هیشتا لەنیوەی ڕێگەدا بووم چیم بینی، چەندین خەڵکم بینی لەترسی ئەنفال و دڕندەی بەعس و جاشەخۆفرۆشەکان لە ناوچەکانی خۆیان هەڵهاتبوون و خۆیان ڕزگار کردبوو، کە گەیشتمە ناوزەنگ عەشاماتێکی خەڵک لەو ناوە خڕ ببوونەوە، چوومە چایخانەکە بۆ ئەوەی سۆراخی برادەران بزانم هیچم چنگ نەکەوت. چوومە زەڵێ لەویش خەڵکێکی زۆر هاتبوونە زەڵێ و خۆیان ڕزگار کردبوو. بۆ ئێوارە گەڕامەوە بۆ ناوزەنگ. لەوێ لەبەردەمی چایخانەکەدا کە شوێنی خەوتنیشی هەبوو بە پارە. برادەرێکی خۆمانم بینییەوە بانگم لێکرد: بورهان، « بورهان عەزیز ساڵەح، پێشمەرگە بوو لە تیپی ٥٥ی قەرەداخ، یەکێک بوو لە گەنجەکانی گەڕەکی خۆمان، من تێکەڵاویم هەبوو لەگەڵ هەموو بنەماڵەکەیداو کوڕێکی ئاقڵ بوو. لەدوای خوێندن ببوو بە پێشمەرگە، خۆشبەختانە ئێستا لە ژیاندا ماوە بە پلەی مولازمی یەک پێشمەرگەیە لە سکرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال.» ئیتر کە ئاوڕی دایەوەو منی بینی. بەپەلە گەیشتە لام. باوەشمان بە یەکدا کردوو دانیشتین، سەری قسە کرایەوەو گشت دەنگوباسەکانی بۆ باسکردم. تێگەیشتم کە ڕژێمی ئێراق شاڵاوێکی بەرفراوانی کردۆتە سەر ناوچە ئازادکراوەکان و خەڵکێکی زۆر شەهید و بێ سەروشوێن بوون. لەم قسانەدا بووین، پێی وتم: بەتەمای چیت؟ منیش وتم: چاوەڕیی هاتنەوەی کاک ئازاد هەورامی و برادەران دەکەم، هەر کە گەیشتنەوە دەچمەوە بۆلایان. شەو پێکەوە بووین و بۆ بەیانی من چووم بۆ زەڵێ لەوێ چوومە لای برادەران و شەوێکیش لەلای ئەوان مامەوە، بەیانی زوو لەخەو هەڵسام، ڕێگەم گرتەبەر بەرەو ناو شارەکانی ئێران، بۆ ئێوارە گەیشتمە سەقز. چەند ڕۆژێک مامەوەو دوای گەڕامەوە بۆ قاسمەڕەش و ناوزەنگ و زەڵێ و دۆڵە کۆگێ. بارەگاکانی دەزگای ڕۆشنبیریی کۆمەڵە و ئێستگەی دەنگی گەلی کوردستانی لەو دۆڵە بوو. ماوەیەکی زۆر لەوێ مامەوەو ڕۆژانەش لەگەڵ برادەران دەچووینە گوێزێ بۆ شت کڕێن. ئەو برادەرانەی کە لەوێ بوون وەک (فەرید ئەسەسەرد، مەحمود ڕەزا. جەزا عەبدولواحید، مەریوان ئیسماعیل.. مەریوانی دەزگای ڕۆشنبیری کۆمەڵە، هەردی، پشتیوان، مامۆستا ئارام) و گەلێکیتر. جارێکیتر گەڕامەوە بۆ گوندی زەڵێ. خەڵکێکی زۆر هاتبوونە گوندەکانی شێنێ وزەڵێ و ناوزەنگ و نۆکان و قاسمەڕەش. دەمەوعەسر کاک(حاجی سوورە)م بینی کە لێپرسراوی گومرگی زەڵێ بوو. لەگەڵ کاک( ڕەسوڵ قامیشی) هەر کەمنی بینی لەدوای چاکوچۆنی هەواڵپرسین زۆر بەگەرمی وتی: مەچۆ بۆ هیچ شوێنێک ئێوارە وەرە بۆ لای ئێمە. خالید محەمەد سەعید، ناسراو بە (حاجی سوورە) لە ساڵی ١٩٦٢ لە گەڕەکی شێخانی کۆن لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەوە، لەساڵی ١٩٨٠ لەلایان بەعسییەکانەوە گیراو ماوەی شەش مانگ لە ئیستخباراتی سلێمانی زیندان بووە، لە مانگی یەکی لەساڵی ١٩٨١ پەیوەندی کردووە بە هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی ٣ پاشان لەدوایدا گواستراوەتەوە بۆ تیپی ٣٧ شارباژێر. لەسەر بڕیاری هەڤاڵی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال، کراوە بە کادری دارایی و لێپرسراوی گومرگی سەفرە و زەروون. لەدوای ڕاپەڕین بوو بە لێپرسراوی میحوەری گومرگی شارباژێر پاشان لەبەر لێهاتووی کرا بە یاریدەریی بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی. بەداخەوە لە شەوی ٢٢ ـ ٢٣/٣/١٩٩٧ لەلایەن دەستێکی تیرۆرەوە شەهید کرا. لە ١٥/ ٩/١٩٨٠ شەهید (لوقمان محەمەد سعید) کە برا بچووکی شەهید حاجی سوورە بوو، لەدوای گرتن و لێدانیان ڕژێمی بەعس بە کارەساتێکی دوور لە مرۆڤانە لەگەڵ چەند زینداییەکی تردا لەسەر ڕێگەی نێوان داقوق بەغدا لەناو ئۆتۆمبیلەکەیاندا سووتانیانن. شەهید حاجی سوورە لەدوای خۆی دوو جگەر گۆشەی لەپاش بە جێماوە بەناوەکانی( باوان و ساوان) بارەگای گومرگ لەسەر چەقی ڕێگەکەی نێوان شێنێ و زەڵێ بوو. سڵاوم لێکردن و ئەوانیش زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنیان کردم. سفرە ڕاخراو نانی ئێوارەمان خوارد. ئەو ماوەیە زۆر دڵخۆش بووم لەلای کاک حاجی سوورە و رەسوڵ قامیشی. هەردووکیان دوو مرۆڤی دڵسۆز و بە ئەمەک بوون لەگەڵ خەڵک و پێشمەرگە. لەیادمە هەموو ڕۆژێک خواردنیان بۆ ئەو پێشمەرگانە دروست ئەکرد کە لە ناوچە جیاوازەکانەوە هاتبوون. من ماوەیەکی زۆر لەلایان مامەوە. شەوێکیان مانگی حەوت بوو لەسەربانی بارەگای گومرگ خەوتبووین. بارانێکی زۆر باریی. بەناچاری هاتینە خوارەوەو خەوتین تا بەیانی. بەیانییەک تازە خۆر کەوتبوو، هەردووکمان سەروجگەرەمان داگیران و بەدەم قووم لێدنی جگەرەوە حاجی سوورە وتی: حەز دەکەیت پێکەوە سەردانێکی قاسمەڕەش بکەین و هەندێ پێداویستی هەیە لەگەڵ خۆمان ئەیهێنینەوە بۆ مقەر. منیش وتم بەسەرچاو. ملی ڕێگەمان گرت و چووینە قاسمەڕەش. لەوێ دیسانەوە کۆمەڵێک برادەری خۆمانم بینیەوە. لەدوای تەواوبوونی پێداویستییەکانی مقەری گومرگ. وتم حاجی گیان ئەمەوێت سەردانێکی بێتەلەکەی م.س بکەم لەلای مامۆستا نازم، بزانم دەنگوباس چییە؟ ئەویش وتی: جا بۆ بەتەنیا دەچیت پەلە مەکە پێکەوە دەچین. هەر کەگەیشتینە بارەگای مامۆستا نازم، سڵاومان کرد و مامۆستا نازم، بە گەرمی بەخێرهاتنی حاجی سوورەو منی کرد. لەدوای چایی خواردنەوە، مامۆستا نازم وتی: ڕژێم هێرشی کردۆتە سەر ناوچەکانی باڵەیان و مەڵبەندی سێ لە گوندی تووتمێ. خۆشبەختانە هەموو هێرەشەکانی ڕژێم تێکشکێنراوە. کۆمەڵێک برادەری زۆر ئازاو دڵسۆز لەوێن. حاجی وتی: ئەی کاک ئازاد هەوارمی لەوێیە؟ وتی: بەڵێ کاک ئازاد هەورامی سەرپەرشتی شەڕگەی باڵەیان دەکات. هەر کە وایوت، حاجی سەیرێکی منی کردو هیچی نەوت: ماڵئاواییمان کردو ڕێگەمان گرتە بەر بەرەو زەڵێ. لەڕێگە وتی: بەتەمای بچیت بۆ باڵەیان؟ منیش وتم: بەدڵنیاییەوە هەرکەسێک شک بەم لەگەڵی دەچم بۆ باڵەیان. گەیشتینەوە بارەگای گومرگ و لەدوای نانخواردن جارێکیتر حاجی سوورە وتی: با پیاسەیەک بکەین. بەدەم پیاسە کردنەوە وتی هیچت پێویستە؟ منیش سوپاسم کرد کە ئەو ماوە زۆرە لەلای ئەوان مامەتەوە. بۆ بەیانی کۆمەڵێک پشمەرگە هاتنە بەردەمی بارەگای گومرگ، هیچیانم نەدەناسی. بە سەروزمانیاندا لە خەڵکی ناوچەی پشدەر دەچوون. چوومەوە پێشەوە بەخێرهاتنم کردن، حاجی و ڕەسوڵ قامیشی هاتن و بەخێرهاتنیان کرد، قسە قسەی هێنا، یەکێکیان وتی: ئێمە پێشمەرگەی ١٢ی سۆرانین. بەتاماین بگەڕێنەوە بۆ باڵەیان چونکوم، برادەراکانمان چاوەڕێمان دەکەن. هێشتا قسەکەی تەواو نەکرد بوو. حاجی وتی: ئەم برادەرەی ئێمەش لەگەڵ خۆتان بەرن دەچێت بۆلای کاک ئازاد هەورامی. ئەوانیش وتیان بەسەرچاوم خەمت نەبێت بەسەلامەتی لەگەڵ ئێمە دەگاتە باڵەیان. پێشمەرگەکان زۆر ورە بەرز و گورجوگۆڵ بوون. زۆر دڵم پێیان خۆش بوو، هەستم دەکرد ماوەیەک پێش ئێستا گوێم لە بەشێکی ئەم قسانە بووە، دوای بیرم کەوتەوە ماوەیەک پێش. جارێکیان کاک عەبەی تەمەم بینی «عەبدوڵا حەمە ساڵەح، هونەرمەندی شانۆو دراما، ساڵانێکی زۆر پێشمەرگە بوو لەناوچەی دۆڵی جافایەتیی و دۆلە ڕووت. حاکمی تیپ بوو، ماویەکیش کادری کاروباری کۆمەڵایەتی بوو. مرۆڤێکی نەزیهو پیاوێکی بەهەیبەت بوو. هەر کە بینیم چووم بۆلایو باوەشمان بەیەکتریدا کردوو ئەویش کومەڵێک هەواڵی تازەی پێ وتم. کاک عەبە یەکێک بوو لەو کادرە دڵسۆزانەی گیانی بەرگری لەناو خەڵک و پێشمەرگەدا دروست دەکرد. لەیادمە، هەواڵ هات کە(فەرهادە درێژ) لە شاخی «گەرووی مەنجەڵ» شەهید بووە، هەرکە هەواڵەکە گەیشت، بینیم کاکە عەبە فرمێسک بەچاوانیدا دەهاتە خوارەوەو دەگریاو ئەیگوت: تۆ بڵێی ئەم هەواڵە ڕاست بێت؟ خۆی پێ نەگیرا، چوو بۆلای بێتەلەکەی مامۆستا نازم عومەر، تاکو هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە. کەهاتەوە وتی بەداخەوە. فەرهاد شەهید بووە! خۆشبەختانە لە دوو قۆڵی جیاوازەوە شەڕ گەرموو. پێشمەرگەکان بە هەموو جۆرێک هێرشەکانی دوژمنیان دەشکاند. بەتایبەتی لە مەڵبەندی ٣ و شەڕەگەی دۆڵی باڵەیان. ئەم سەرکەوتنانە وەری باشی بە پێشمەرگە و خەڵک ئەبەخشی.شەو هەموویان لەلای حاجی سوورە مانەوەو بۆ بەیانی ماڵئاوایمان لە حاجی سوورە و کاک ڕەسوڵ قامیشی کرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*