سەرەکی » مانشێت » مەترسییەكانی سەر كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان

بۆچی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دواخرا؟

مەترسییەكانی سەر كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان

هەواڵ و بەدواداچوون

سێ پرسی گرنگ بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە هاتوونەتە ئاراوە، لە هەرسێ پرسەكەدا بەشێك لە زیانەكان بەر كورد دەكەوێت، بەتایبەتیش سنوری ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دواخرا
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە بڕیارێك پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو بۆ كاتێكی نادیار دواخست، روون نییە هۆكاری ئەو دواخستنە چەندە پەیوەندیی بە دۆخی سیاسیی عیراق و پرسی خۆپیشاندانەكان و گوشاری هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە، بەڵام جەمال شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەیوەندیی بە دوو شتەوە هەیە، یەكەم: ئەو بڕگەو مادانەی كە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقی بە كەركوكیشەوە پێ هەمواركرایەوە، كە لە دادگای فیدراڵی تانەی لێدرابوو، لەگەڵ ئەو تانەیەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە بەهەمان شێوە چەند مادەیەكی لە بەرژەوەندیی كورد كۆتاییهات. بەو واتایەی كە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كاتێكی نادیار، زیاتر پرسێكە پەیوەندیی بە مادە یاساییەكانەوە هەیە كە لە دادگای فیدراڵی تانەیان لێدراوە.
لە سەرێكی ترەوە، ئەو پرسە پەیوەندیی بەو هەموارەوە هەیە كە سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق و ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە خستوویانەتەڕوو.

دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاكان چەند زیانێكی هەیە
دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆمەڵێك زیانیشی بۆ كورد هەیە، كەركوك كە لەدوای رووداوەكانی ریفراندۆمەوە كەوتە بەردەم قەدەری تەعریبێكی نوێ و جارێكی تر پرسی داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان سەری هەڵدایەوە و كورد لە ئیدارەی پارێزگاكە بێبەشكرا، دووبارە ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، ئەو پەرلەمانتارەی كەركوك دەڵێت: راستە لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران، كە ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە و ئێمە بووینە چاودێر لەسەر كارەكانی پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك، بەڵام ئەوە ناكاتە ئەوەی كە بە تەنها بتوانین روبەڕوی ئەو كێشانە ببینەوە، ئەركەكە قورسە و ئێمە تەنها لە ئاستێكی سنوورداردا دەتوانین ئەو ئەركە بگرینە ئەستۆ، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم و پەرلەمانیش لەسەر ئەو پرسە و رەواندنەوەی ئەو مەترسیانە بێنە سەر خەت، چونكە روون نییە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كەی دەکرێت؟.
كۆی پرۆسەكە بۆ كورد، پێدەچێت مەترسیدار بێت، بەڵام نەك تەنها بۆ كەركوك، بەڵكو بۆ كورد لە پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین و ناوچە جێناكۆكەكانی تریش، بۆیە گرنگە ئێستا كورد لەسەر سفرەی سەركەوتن خەوی لێنەكەوێت. سەردانەكەی وەفدی هەرێمیش بۆ بەغدا دەبێت هەر لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا بێت و گرەنتی ئەوە وەربگیرێت كە كۆی ئەو رووداوانەی لە عیراق روودەدەن، نابێت لەسەر حسابی كورد و بە زیانی كورد تەواو بن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*