سەرەکی » راپۆرت » سلێمانی؛سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جیۆلۆجیای كوردستان بەڕێوەچوو

سلێمانی؛سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جیۆلۆجیای كوردستان بەڕێوەچوو

راپۆرتی: كۆسار عوسمان

دوێنێ ٥/١٢/٢٠١٧، سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جیۆلۆجی لە ژێر ناوی جیۆ كوردستان، لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی لە هۆڵی سیمینارەکان لە کۆلیژی زانست دەستیپێکرد، کە سێ رۆژ دەخایەنێت.
لەکۆنفرانسەکەدا کە بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی‌و بەشی جیۆلۆجی کۆلێژی زانست لە زانکۆی سلێمانی‌ بە هاوبەشی کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان رێکخرابوو، سەرەتا د.دیاری عەلی محەمەد سەرۆكی لیژنەی ئامادەكارو سەرۆكی بەشی جیۆلۆجی وتەیەكی پێشكەشكرد، پاشان وتاری دەستەی باڵای كۆمەڵەی جیۆلۆجی كوردستان لەلایەن ئەڵوەند محەمەد-ەوە خوێنرایەوە.

زانکۆی سلێمانی خاوەنی چەندین توێژەری ئاست بەرزە
هەر لەكۆنفرانسەکەدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەزا حەسەن وتی: ئەنجامدانی سێیەمین كۆنفرانسی زانستی گەورە لەكاتێكدایە كە كوردستان‌و ناوچەكە بە قەیرانێكی گەورەی دارایی‌و سیاسیدا تێپەڕ دەبێت. وتیشی: بەناوی سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانییەوە دەستخۆشی لە سەرجەم لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس‌و سەرجەم توێژەرەكان دەكەم، كە بۆ سەرخستنی ئەم كارە زانستییە جوانە، شەوو رۆژیان خستۆتە سەر یەك.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: زانكۆی سلێمانی خاوەنی چەندین توێژەری ئاست بەرزو كادری ئەكادیمی ناوازەیە، كە هیچیان كەمتر نین لە توێژەرانی وڵاتە پێشكەوتووەكان، هەر ئەمەش وایكردووە كە زانكۆی سلێمانی بتوانێت لەم قەیرانەدا نەك هەر پارێزگاریی لە ئاستی زانستی خۆی بكات لە ریزبەندی زانكۆكانی جیهاندا، بەڵكو لەم دوو ساڵەی رابردوودا كە زانكۆی سلێمانی بە گەورەترین قەیرانی داراییدا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی دوا ریزبەندیی زانكۆكانی جیهان بۆ رانكین بەپێی دەزگای وێب مەتریك، زانكۆی سلێمانی لە ساڵی 2015 دا لە ریزبەندی 14 هەزارەكاندا بوو، لە ساڵی 2016 هاتۆتە ریزبەندی 11 هەزارەكان‌و بۆ ساڵی 2017 لە ئاستی شەش هەزارەكاندایە‌، خەونیشمان ئەوەیە كە لە ساڵانی داهاتوودا باشتر بێینە پێشەوە.

بیرۆكەی كۆنفرانس
پاشان د.سۆران محەمەد راگری كۆلیژی زانست رایگەیاند: بیرۆكەی كۆنفرانسی جیۆ كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، كاتێك لیژنەیەك لە بەش، لەگەڵ كۆمەڵەی جیۆلۆجی كوردستان بڕیاریاندا كۆنفرانسێك رێکبخەن، وتیشی: یەكەم كۆنفرانس لە ساڵی 2012 دا بەڕێوەچوو، دووەم كۆنفرانس لە ساڵی 2015و ئێستاش لەم بارودۆخە پڕ قەیرانەدا، بەهاوكاریی دڵسۆزان‌و سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، سێیەمین كۆنفرانسی جیۆ كوردستان بەڕێوەدەچێت.

42 توێژینەوە
هەر لەو كۆنفرانسەدا، دوو فیلمی دۆكیۆمێنتاری نمایش كران، پاشان دەستكرا بەپێشكەشكردنی توێژینەوەكان.
لەکۆنفرانسی جیۆ کوردستاندا چەندین کەسانی پسپۆرو شارەزای بواری جیۆلۆجی لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێمی کوردستان‌و عیراق بەشدارن‌و لە یەکەم‌و دووەم رۆژدا 42 توێژینەوە پێشكەش دەكرێت، كە لە زانكۆكانی كوردستان‌و عیراق‌و دەرەوەی عیراق ئامادەكراون‌و چەندین بابەتی گرنگی تایبەت بە بوارەکە، لە چەندین پانێڵ‌و سیمیناردا دەخرێتە بەر باس‌و لێکۆڵینەوە، هەروەها لە رۆژی سێیەمی كۆنفرانسەكەشدا گەشتێكی زانستی بۆ ناوچەكانی كوردستان رێکدەخرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*