سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » هێزی‌ دارایی یه‌كێتی

لەناو روداوەکاندا

هێزی‌ دارایی یه‌كێتی

دوای‌ كۆنگره‌

به‌شی پێنجه‌م

وه‌ك هه‌میشه‌ و به‌تایبه‌تتر له‌م زنجیره‌ وتاره‌دا چه‌ندجارێك نووسیمان و ئاماژه‌مان پێدا، له‌دوای‌ ژیانئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تووشی كێشه‌ و ناجێگیریی بوونه‌ته‌وه‌، چاككردنی‌ ئه‌م دۆخه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ ته‌واوی‌ هه‌یكه‌لی سیاسی و ئیداری‌ و دارایی و …هتدی یه‌كێتی پێداچوونه‌وه‌ی‌ بۆ بكرێت. یه‌كێكیش له‌و جومگانه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر ژیانی سیاسی و حزبیی یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌، جومگه‌ی‌ دارایی یه‌كێتییه‌.
هێزی دارایی نه‌ك ته‌نها بۆ یه‌كێتی، به‌ڵكو بۆ هه‌موو هێزو لایه‌نێك گرنگه‌. پاشان ئه‌م هێزه‌ داراییه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌ك ته‌نها بۆ ناوچه‌ی‌ یه‌كێتی، به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌و پێگه‌ جوگرافییه‌كه‌ی‌ كوردستانیش سوودی هه‌بووه‌، ئه‌م هێزه‌ له‌ ئێستادا باوترین جۆری هێزه‌ له‌ جیهاندا كه‌ له‌ تاكه‌وه‌ بۆ سیستمی سیاسی و بۆ حزب، وه‌ك خاڵی مانه‌وه‌ و گه‌شه‌ و خزمه‌تی‌ خۆی به‌كاری ده‌هێنێت. بۆیه‌ جێگه‌ی‌ خۆیه‌تی چیتر ئه‌م هێزه‌ی‌ یه‌كێتی هێڵێكی ته‌ریب بێت له‌پاڵ هه‌موو هێزه‌كانی تریدا بخرێته‌وه‌ گه‌ڕ.
دیسان له‌م وتاره‌یشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ و ئه‌نجامدانی‌ كۆنگره‌ له‌ 21/12/2019 ڕووداوه‌ گه‌وره‌كه‌ نییه‌ به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ قۆناغی كێشه‌ و ته‌واوی‌ ئاریشه‌كانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جێهێشتبێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ قۆناغی دوای‌ كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تی نوێ، ئه‌ركه‌ قورس و گرانه‌كه‌یان بۆ جێماوه‌ و ده‌بێت ڕایبپه‌ڕێنن. ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو كۆنگره‌ و پێش كۆنگره‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كرا، ده‌بێت ئیدی دوای‌ كۆنگره‌ بكرێته‌ كردار، قۆناغی پاش كۆنگره‌ قۆناغی به‌ كرداریبوونی‌ هه‌وڵه‌كانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ته‌واوی‌ كایه‌ و جومگه‌ جیاوازه‌كانیدا.
له‌م نووسینه‌شدا دیسانه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كه‌ی‌ ڕه‌خنه‌ و دواتر وه‌ك هه‌ڤاڵ و دڵسۆزێكی یه‌كێتیش ده‌نوسینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر گۆشه‌یه‌ك له‌م حیزبه‌دا ببینین و قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وا به‌مانای‌ لێدان نییه‌ له‌جوانییه‌كانی‌ یه‌كێتی، به‌ڵكو وه‌زیفه‌ی‌ ئه‌خلاقی ڕه‌خنه‌مان ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕێگای‌ نوسینه‌وه‌ نامه‌یه‌ك بۆ سه‌ركردایه‌تی نوێی حیزبه‌كه‌م بنێرم و بڵێم ئه‌م كه‌لێن و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌یه‌ له‌حیزبه‌كه‌ماندا هه‌یه‌ و تكایه‌ چاكی بكه‌نه‌وه‌ و چیتر بێده‌نگ مه‌بن و هه‌ر په‌یامێكی هه‌ڤاڵان و كادره‌كانتان پێده‌گات ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ن و خه‌می لێبخۆن، چونكه‌ له‌دواجاردا هه‌موومان له‌خه‌می باشتركردنی‌ ته‌واوی‌ جومگه‌كانی‌ یه‌كێتیداین.
قۆناغی دوای‌ كۆنگره‌ قۆناغێكه‌ ئه‌توانین ناوی‌ بنێین قۆناغی خۆ ماندووكردن نه‌ك دانیشتن و پاڵدانه‌وه‌ به‌دیار ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ كۆنگره‌وه‌ و به‌دیار سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێی یه‌كێتییه‌وه‌، یان ئه‌م قۆناغه‌ ناوی‌ ده‌نێین قۆناغی شه‌ڕ بۆ یه‌كێتییه‌كی نوێ كه‌ له‌ئاست قۆناغه‌كه‌ و مێژووی یه‌كێتی و ناوبانگی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت. ده‌بێت ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغێك بێت ناوبنرێت به‌ قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی بۆ یه‌كێتییه‌كان وه‌ك حیزب نه‌ك بۆ كه‌س و تاك و به‌رپرسانێك به‌ ته‌نها.
به‌ ته‌عبیرێكی تر، كارێكی لۆژیكی نییه‌ حیزبێكی گه‌وره‌و مێژوویی وه‌ك یه‌كێتی به‌ فیلته‌ری‌ كۆنگره‌دا تێپه‌ڕی بێت و قۆناغی دوای‌ كۆنگره‌ هه‌مان شێوه‌كه‌ی‌ پێش كۆنگره‌ بێت، پێویسته‌ كۆنگره‌ ڕۆڵی فلته‌رێكی گه‌وره‌ بگێڕێت كه‌ هه‌موو ناته‌واوییه‌كانی‌ پێش كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی پاڵاوتبێت و نه‌یهێشتبێت بچێته‌ دوای‌ كۆنگره‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا مه‌سه‌له‌ی‌ دارایی یه‌كێتیش یه‌كێك بێت له‌و جومگه‌ گرنگانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڤاڵانی‌ سه‌ركردایه‌تیمان هه‌وڵی باشكردنی‌ ده‌ده‌ن.
له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ تاكو نوسینی ئه‌م وتاره‌ جوڵه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پێمانده‌ڵێت یه‌كێتییه‌كی نوێ به‌ڕێوه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كادرو دۆسته‌كانی دڵخۆش ده‌كات، بۆیه‌ هه‌موان به‌خه‌ونی ئه‌و یه‌كێتییه‌ نوێیه‌وه‌ داوای‌ هه‌ڤاڵانه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێ بگیرێت له‌ سه‌رنج و تێڕوانینی هه‌ر هه‌ڤاڵێك كه‌ گۆشه‌یه‌كی ئه‌م حیزبه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌بینێت نوقستانییه‌ك و ناته‌واوییه‌كی تێدایه‌، هه‌ر سه‌رنجێك مه‌ڵۆیه‌ك دڵسۆزییه‌ بۆسه‌ر خه‌رمانێكی سوركراوی ! ئه‌م حیزب و ڕێباز و مێژووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی‌ یه‌كێتی و ڕێبازی پیرۆزی مام جه‌لال.

print

 191 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*