سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، عەلی كاشان‌ » كۆرۆنا،لە وۆهانەوە بۆ جیهان

كۆرۆنا،لە وۆهانەوە بۆ جیهان

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەشەو بڵاوبوونەوەی بەردەوامدایەو تائێستاش لە 39 وڵات تۆماركراوە، لەچەند رۆژی رابردوودا مەترسی لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستكرد، دوای دەركەوتنی ڤایرۆسەكەو قوربانی لەئێران، هەندێك وڵاتی دراوسێ سنورەكانی بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخست.

ئێران
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەئێران بەشێوەیەكە كە حكومەتی ئەو وڵاتە بیر لە وەستاندنی كارو دەوامی تارانی پایتەخت دەكاتەوە، هەروەها جێگری وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەش تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسەكە راگەیاندووە، ئیرەج حەریرچی جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی توویتەر گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوكردەوە «تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووم».

عیراق
سەرەڕای داخستنی سنوورەكان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی عیراق یەكەمین توشبووی ڤایرۆسەكەی لە نەجەف راگەیاند كە خوێندكارێكی ئێرانی بووە لەو پارێزگایە، دوێنێش وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند خێزانێكی چوار كەسی دوای گەڕانەوەیان لەئێران‌و پشكنین بۆیان دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەن. ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش رایگەیاندووە كە بودجەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق تەرخاندەكەن و لە پارێزگای نەجەفیش پشووی گشتی راگەیەندراوە. هەروەها هێڵی ئاسمانیی عیراق لەبارەی بەردەوامیی گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ ئێران روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ ئێران تەنیا بۆ گەڕانەوەی عیراقییەكانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەن. كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عیراقیش لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە «بەردەوامبوونی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆكان بۆ ئێران، تەنیا تایبەتە بەگواستنەوەی عیراقییەكان‌و شاندی دیپلۆماسی‌و هەموو ئەوانەشی دەگەڕێنەوە دەخرێنە ژێر رێوشوێنی توندی پزیشكییەوە».

هەرێم
هاوكات لەهەرێمی كوردستانیش چەند بڕیارێكی گرنگ‌و پێویستی دەركراون.
د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانیش لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: دوو حاڵەتی گوماناویی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای پشكنین، بەهۆی ئەوەی هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبوون، نێردراونەتەوە ماڵەوە. وتیشی: هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لەسلێمانی بوونی نییە.
هەر دوێنێ، د. سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا وتی: رێوشوێنی پێویستیان بۆ رێگریی لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە گرتۆتەبەر، تائێستاش هیچ حاڵەتێك لەسلێمانی تۆمارنەكراوە. وتیشی: ئەو هاووڵاتیانەی لەئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەرێم لەشوێنی تایبەت دەخرێنەژێر چاودێرییەوە، كە تائێستا 400 كەس لەژێر چاودێریدان‌و سەرجەمیان لەئێران گەڕاونەتەوە.

وڵاتانی عەرەبی
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە وڵاتانی ناوچەكە رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایەو دوێنێ حكومەتی ئیمارات رایگەیاندووە دوو گەشتیاری ئێرانی لە وڵاتەكەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن، ئەوە جگە لە چەند هاووڵاتییەكی تری ئەو وڵاتە، كە بەهۆی تێكەڵبوونیان لەگەڵ ژمارەیەك هاووڵاتی چینی توشبوون، حكومەتیش لوبنانیش بەڕەسمی بوونی ڤایرۆسەكەی لەوڵاتەكەی راگەیاندووە، كە ژنێكی تەمەن 45 ساڵەو لەشاری قوم، گەڕاوەتەوە.
باری نائاسایی لەتوركیا
لەلایەكی تریشەوە باری نائاسایی لەفڕۆكەخانەی ئەسەنبۆغا لەئەنقەرە راگەیەنراو تیمی پزیشكی؛ پشكنین بۆ 132 سەرنشین دەكەن. هەروەك كۆمپانیای توركیش ئێرلاین سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئێران راگرت‌و بڕیاریشدرا سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی وشكانی نێوان توركیاو ئێران دابخرێت.

بەحرەین پشووی راگەیاند
لەبەحرەینیش بەهۆی كۆرۆناوە، دوو هەفتە دەوامی خوێندنگەكان راگیراو ژمارەی توشبووان گەیشتۆتە 30 كەس. هاوكات لەئەفغانستان‌و ئیسرائیلیش حاڵەتی نەخۆشییەكە بەڕەسمی راگەیەنراوە.
لەئەوروپا باسوخواسی میدیاكانە
لەوڵاتانی ئەوروپاش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا باسوخواسێكی گەرمی میدیاكانەو حكومەتی ئیتاڵیا قەدەغەی هاتوچۆی لەچەند ناوچەیەكی وڵاتەكەی راگەیاندووە، هەردوێنێش سێ كەس بەهۆكاری ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە گیانیانلەدەستدا. لەنەمسا، سویسرا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو چەند ناوچەیەكی تریش، ڤایرۆسەكە تۆماركراوە.

print

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*