سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » زینی وه‌رتێ و چه‌ند ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو

زینی وه‌رتێ و چه‌ند ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو

جارێكی تر پێویسته‌ ناونیشانی وتارێكی ساڵی 2014 بنووسمه‌وه‌ (توركیا چی له‌ قه‌ندیل ده‌وێت؟) ئه‌وكات توركیا به‌ سه‌ختی بۆردومانی بنار و كه‌نارو سه‌روبنی چیای قه‌ندیلی ده‌كرد.

ئێستا قۆناغه‌ هه‌مان قۆناغه‌ و هیچ شتێك له‌ سیاسه‌ت و تێڕوانینی توركیا بۆ ئه‌م پرسه‌ نه‌گۆڕاوه‌، توركیا به‌سه‌دان كیلۆمه‌تر له‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندایه‌، لێره‌ هه‌موو پلان و ستراتیژێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ داده‌ڕێژێت، به‌ جۆرێك له‌ به‌شێكی ئه‌م هه‌رێمدا پلانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌بێت.

نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ ده‌بێت، زینی وه‌رتێ بۆته‌ بابه‌تێكی هه‌ستیار له‌ هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانیی هه‌یه‌ له‌ باره‌ی هه‌ندێك جموجۆڵ، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ ئه‌گه‌رچی شتێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام له‌وه‌دا نوێیه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌هۆی تاكڕه‌ویی له‌ بڕیار و سیاسه‌تی لایه‌نی “زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردن” زیاد له‌هه‌ر كاتێكی تر هه‌ستیارتره‌.

له‌ دوو سێ رۆژ رابردوودا، به‌هۆی دروستكردنی ساترێكی نوێی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌وه‌، له‌ نزیك دوو لیوای پێشمه‌رگه‌ له‌ زینی وه‌رتێ، دۆخه‌كه‌ چووه‌ قۆناغێكی تره‌وه‌. ئه‌مه‌ش وایكرد توركیا بێ ئه‌وه‌ی گوێبداته‌ بوونی هێزه‌كانی تر له‌و ناوچه‌یه‌ بۆردوومانی سنووره‌كه‌ بكات، كه‌ ئێستا باس له‌ زیانی گیانیش له‌ ناو هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ زینی وه‌رتێ ده‌كرێت.

په‌كه‌كه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ له‌ بۆردومانی سوپای توركیا قوربانی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسییه‌، ره‌نگه‌ رووداوه‌كانی دوای ئه‌و بۆردومانانه‌ بێت كه‌ روو ده‌ده‌ن، په‌كه‌كه‌ نایه‌وێت جگه‌ له‌ هێزه‌كانی خۆی، هیچ هێزێكی تر له‌و ناوچه‌یه‌، كه‌ به‌ بڕ بڕه‌ی جیۆستراتیژی ئه‌وان داده‌نرێت له‌و سنوورانه‌ حزووریان هه‌بێت.

په‌كه‌كه‌ له‌ سنووره‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی به‌ به‌دگومانییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ سیاسه‌ت و كاری هێزێكی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ رابردووشدا ئه‌وان نه‌یانشاردۆته‌وه‌، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رگای هاوكاریی بۆ توركیا خستۆته‌ سه‌رپشت، بۆیه‌ ئه‌م زیانه‌ی كه‌ به‌ر په‌كه‌كه‌ كه‌وت له‌و زنجیره‌ بۆردۆمانه‌ی كه‌ توركیا له‌ زینی وه‌رتێ كردی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت له‌ئاستیدا، زینی وه‌رتێش ببێته‌ خاڵی قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر ناكۆكییه‌كان.

به‌زاندنی قووڵایی خاكی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌، ئه‌و پرسیاره‌ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم چۆن ده‌ڕوانێته‌ سه‌روه‌ریی خاكی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌زاندنی خاكی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاو بێده‌نگیی سه‌ركرده‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌تایبه‌تیش سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت ئایا ئه‌وه‌ نیگه‌رانیی ئینسانی كورد له‌به‌رامبه‌ر بوونی خۆی زیاتر ناكات؟

print

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*