سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » جیهان لە دوای پەتای کۆرۆنا

جیهان لە دوای پەتای کۆرۆنا

*پەتای کۆرۆنا مێژووی جیهانی کردە دوو قۆناغی زۆر لێک جیاواز لە سەدەی بیستویەکدا و بووە هۆی ئەوەی ئیدی هەمووان وا سەیری جیهان بکەین لە پێش کۆرۆنا و لە دوای کۆرۆناوە، وەک خاڵێک و وێسگەیەکی جیاکەرەوە.

زۆرێکیش لەسەر ئەو راستییە کۆکن کە نابێت جیهانی پێش کۆرۆنا وەک خۆی بمێنێتەوە و بەهەمان دید و تێڕوانین و پلان و پێوانە و تێگەیشتن بۆ رووداوەکان و ململانێکان و چارەسەرییەکان و کارەسات و هەرەشەکان و قەیرانەکان بڕوانن، چونکە کۆرۆنا هەندێک راستیی تاڵی بەبیر تەواوی مرۆڤایەتی هێنایەوە لە زلهێزەکانەوە تا هەژار و کەم دەرامەتەکان، لە کەسایەتی و حکومەکەتەکان و کۆمپانیاکان و ..هتد، کە تەنها روبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەیرانەکان ئەرکی سەرەکیی هەر وڵاتێک یان تەنها سەرکردەیەک نییە، بەڵکو ئەرکی هەمووانە و هەموو جیهان پێکەوە رووبەڕووی مەترسیی دەبینەوە، هەربۆیەشە دەبێت هەمووان پێکەوە بەرگریی بکەین و هەوڵی زاڵبوون بەسەریدا بدەین.

ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە تەنها راگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەتایە بەس نییە، بەڵکو دەبێت بەهەمان هێز و توانا و پێکەوەییەوە کار بکرێت بۆ بنەبڕکردنی شوێنەوارە خراپەکانی و رێگرتن لە زیاتر قووڵبوونەوە و شۆڕبوونەوەی بۆ ناو تەواوی ئۆرگان و جومگەکانی ژیانی سیاسی و ئابووریی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ..هتد.

*کۆڕۆنا بۆ خۆی بریتییە لە رووداوێک لەو زنجیرە دورودرێژەی رووداوەکان کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دێن و نە یەکەم روودا و دەبێت و نە دواهەمینیش دەبێت، بەڵکو ڕەنگە لەدوای کۆرۆناش چەندین جۆر ڕووداو و پەتا و ناخۆشیی و نەخۆشی و قەیرانی تر بێتەپێشەوە کە ئێستا لە خەیاڵدانی هیچ کەسێکماندا نەبێت. پێویستە مرۆڤایەتی بۆ هەموو ئەگەرەکان خۆی ئامادە بکات و پلانی زانستی و واقیعی هەبێت، نەک وەک کۆرۆنا کە هیچ وڵاتێک لە زلهێزەکانەوە تا هەژارەکان هیچیان نە پلان و نە خۆئامادەکردنیان نەبوو، بۆیەشە زۆرترین ژمارە تووشبوون و کەرتی تەندروستی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی هەندێک وڵات هێندە کاریگەربووە، کە شڵەشاژنی تەواوی پێوە دیارە و حکومەتەکان دەستەوسان ماونەتەوە.

*هۆکاری زاڵنەبوون بەسەر کۆرۆنادا وەکو پەتاکانی تر، بریتییە لە توندبوونەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە نەبوونی هاوئاهەنگی و کاری پێکەوەیی لە نێوان وڵاتاندا، ئەمەش بریتییە لە رەنگدانەوەی بێ سەرکردایەتییەکی بەهێزی خاوەن بڕیار لە جیهاندا، کە هەرچەندە ئەمریکا تاکە زلهێزی جیهانە، بەڵام لە هەمووان دەستەوسان تر دەرکەوت لەم قەیرانەدا. هەربۆیە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کاری پێکەوەیی گەرەکە و هیچ وڵاتێک بەتەنها ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، چونکە ئەم پەتایە نە سنوورەکان و نە نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان ناناسێت و هەمووانی تێپەڕکردووە و ئاشتیی تەواوی جیهانی خستۆتە بەر مەترسییەوە. لەبەرئەوەی بەداخەوە هەر وڵاتە و بەتەنها لەخەمی خۆیدایە و دەڵێت من و ناڵێت ئێمە، کە ئەمە بنەچەی کارەساتەکەیە. بۆیە دەبێت هەمووان هەوڵ بۆ پاراستنی تاک بەتاکی مرۆڤایەتی بدەن لەهەر جێگەیەک بێت، چونکە پاراستنی تاکێک پاراستنی هەموو جیهانە.

جا کاتێک زلهێزێکی وەک ئەمریکا یان چین یان ئەوانی تر تووشی ئەم پەتایە دەبن، نابێت ئەوانی تر لە دوورەوە سەیر بکەن و بەجێی بهێڵن بۆ چارەنووسی خۆی، چونکە شکستهێنانی زلهێزەکان شکستهێنانی ئەوانی تریشە.
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا سیستمێکی جیهانی باوەڕپێکراو نییە، ئەوەتا تائێستا نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنەبۆتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەم پەتایە کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و جیهان.

*کۆڕۆنا لەگەلێک بواردا کاریگەریی خراپی بەجێهێشتووە، هەر لە بواری ئابووریی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و سیاسی و..هتد. لەبواری ئابووریدا بۆ نموونە تەنها لە ئەمریکادا 25 ملیۆن کەس بێکار بوون و بودجەی ساڵانەی ئەمریکا تووشی کورتهێنان هاتووە بەبڕی 1 تریلیۆن دۆلار و ئابووریی لێک هەڵوەشاندووە و بۆتە هۆی زیادبوونی قەرزی دەرەکی و زیادبوونی کورتهێنانی بودجە و دەیان گرفتی تر.

جا ئەمە بەسەر ئەمریکادا هاتبێت، ئەوا بۆ ئەوانیتر زۆر خراپتر بووە کە لە بنەچەدا ئابوورییەکانیان لاوازە، یان تاک سەرچاوەیە.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بە ملیۆنان منداڵانی بێ بەخێوکەر هێشتۆتەوە کە ئەمانە بۆ ئایندە دەبنە بارگرانییەکی زۆر بەسەر حکومەتەکانیانەوە.
لەڕووی تەندروستیشەوە ئەوەتا تائێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس تووشبووە و زیاتر لە 140 هەزار کەسیش مردوون.

لە رووی سیاسییشەوە، رەنگە جیهان وەکو خۆی نەمێنێتەوە و جیهانی سەرمایەداریی مایەپووچ و تووشی شکست و داڕمان ببێتەوە و بەرەو کۆتایی تەمەن و دەسەڵات و هەژموونی بچێت، بەهۆی زیادبوون و گەورەبوونی هەژموونی چینی سۆسیالیستی کە بەڕاستی بۆتە مۆتەکە و مەترسیی بۆسەر دونیای سەرمایەداری کە ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ هێنانە ئارای سیستمێکی نوێی جیهانی دوور لە تاک جەمسەریی ئەمریکا و رەنگە چەندین جەمسەری بەهێزی تر سەرهەڵبدەن و ئەمەش وادەکات دونیای دوای کۆرۆنا زۆر جیاواز بێت لە پێش کۆرۆنا. بەدووریش نازانرێت ئەم پەتایەش جۆرە جەنگێکی بایۆلۆژی بێت لەنێوان ئەمریکا و چیندا لە چوارچێوەی ململانی سیاسی و ئابووریی و تەکنەلۆییەکانیاندا، بۆ دەستبەسەراگرتنی رابەرایەتیکردنی جیهان.

*بۆیە جیهانی دوای کۆرۆنا روبەڕووی گەلێک کێشەی تر دەبێتەوە لەوانە:

برسێتی و هەژاری ئەو خێزان و منداڵانەی کە بەخێوکەریان نەماوە.
راوەستان و گەشەنەکردنی ئابووریی جیهان کە رەنگە لە وەستانی ئابووریی گەورەی ساڵی 1992 خراپتر بێت.
گرانبوونی نرخی کەلوپەل و کاڵاکان.
هەڵئاوسان و مایەپووچبوونی گەلێک لە کۆمپانیا و کارتێلە ئابوورییەکان.
ناجێگریی لە دۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی جیهاندا دروست دەکات.
سەرهەڵدانی جەنگە جیاوازەکان بەهۆی بێکاریی و برسێتی و گەشەنەکردنی ئابوورییەوە.

بۆیە دەکرێت لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی ئەم پەتایەدا پرسیاری ئەوە بکرێت کە کێ بەرپرسە لە بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە؟ کێ رێگر بوو لە دژایەتیکردنیشی؟ کێ بەرپرسە لە مردنی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوان؟ بۆیە بەهەق دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان بێت کە بەنرخترین بوونەوەرە لەسەر رووی زەوی، چونکە دەرکەوت نە سەروەت و نە سامان و نە دەسەڵات نەیانتوانی رووبەڕووی ئەم پەتا نەگریس و کوشندەیە ببنەوە. ئەرکی هەمووانیشە کە لە ئێستاوە لەخەمی چارەسەرکردنی کاریگەرییە خراپەکانی کۆرۆنادا بن.

لە هەمووشی گرنگتر دەرخستنی راستییەکان و نەشاردنەوەیەتی، چونکە تەنها بە دەرخستن و ئاشکراکردنی راستییەکان زووتر دەگەنە چارەسەرەکان، بە شاردنەوەشی کارەسات و ماڵوێرانی زیاتر بۆ مرۆڤایەتی دەهێننە کایەوە و زۆر دووریش نییە ئەو کەسانەی کە بەم پەتایە مردوون، حاڵیان باشتر بێت لەو کەسانەی کە دوای کۆرۆنا ماونەتەوە، لەبەر هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەدوای قۆناغی کۆرۆناوە.

print

 45 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*