سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شەش ساڵە بێ خالید دلێرین

شەش ساڵە بێ خالید دلێرین

عەبدولواحید ئیدریس شەریف

شەش ساڵ بەر لە ئەمڕۆ خالید دلێر چاوەکانی لێکنا شاعیر،نوسەر،ڕەخنەگر،هونەرمەند،سیاسی ئەو کەسایەتیە بەهرەمەندە لە ٢٠-٨-١٩٣٣ لە گەڕەکی بەفری قەندی شاری کۆیە لە دایک بووە،سەرەتا لە حوجرە،دواتر لە قوتابخانە درێژەی بە خوێندن داوە،جگە لە بەهرە وتوانای خۆی،باوکیشی سەرچاوەیەک بووە بۆی،بۆچوونە ناو جیهانی ئەدەب وهونەر،حەز وهیوا و خەونە جوانەکانی زاڵ دەبن بە سەرهەوراز و سەختیەکانی ژیانی کۆمەلایەتی دا،بۆ ژیان و خوێندن ساڵی ١٩٥٣ دەچێتە بەغدا،دواتر لە کەرکوک دەگیرسێتەوە،هەر لەو ساڵەدا شیعر و وتاری بۆ ڕۆژنامەی ژین نوسیووە کە گۆران ی شاعیر بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەکەبووە و دلێری هانداوە بۆ بەردەوام بوون، دلێر لە کەرکوک دەناسرێت: ساڵی ١٩٥٤دوای ئەوەی لە کەرکوک نیشتەجێ دەبێ ،دوای چەند کارێک،لە شەریکەی نەوت دادەمەزرێ ودرێژە بە خوێندن دەدات،کاری پارتایەتیش دەکات، حەزەکانیشی بۆ دنیای ئەدەب وهونەر فەرامۆش ناکات،ساڵی١٩٥٧ یەکەم نامیلکە بەناوی گزنگی هەتاو بە چاپ دەگەیێنێ،کە کۆمەڵێک لە شیعر و پەخشان و وتارەکانی لە خۆ دەگرێ، ساڵی١٩٥٤ دوو کورتە چیرۆک بەناوەکانی (خولە وبلە ) (کەوای نەکرای) بە چاپ دەگەیێنێ، لە ساڵی ١٩٥٦یەکەم سروود لە هۆنراوە و ئاوازی خۆی دادەنێت: (ئێمە کە کوڕی شاخ و کێو و کەژین وڵات فێری کردووین بە مەردی بژین بەدەرسێ کە هەوڵ و خەباتە لەژین قەڵای سەختی دوژمن،ئەخەینە هەژین) ساڵی ١٩٥٧ مۆڵەت وەردەگرێ و دەچێتە ئێزگەی بەغدا -بەشی کوردی ،چوار گۆرانی دەبا،بەڵام دوو گۆرانی بۆ تۆماردەکەن،ساڵی ١٩٤٨ بەچەند ڕۆژێک پێش نەورۆز دەچێتەوە ئێزگەی بەغدا وسێ گۆرانی تازە دەبا وتۆماری دەکات بەناوەکانی( ئەی قومری،سکاڵا،موژدەبێ ساڵ گەڕایەوە) دوای شۆڕشی١٩٥٨ چەند سرودێ تۆماردەکات لە هەمان ئێزگە. ساڵی ١٩٦٠ کە پارتی دیموکراتی کوردستان مۆڵەتی کارکردن وەردەگرێ،سروودێک بەم بۆنەیە دادەنێ،ڕۆژی ڕاگەیاندنی مۆڵەتەکە،لەبارەگاکانی پارتی،لە جیاتی هەموو شتێک ئەم سروودە لێدەدەن. یەکەم سروودی پێشمەرگە لە زیندان: دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول، له ١٦-٩-١٩٦١ دلێر لە کەرکوک دەگیرێ کە کادیرێکی چاڵاکی پارتی بوو ،لە بەندیخانەی( تسن) لە کەرکوک لە ژوری تەنیا بەندی دەکەن، کاتێک شەڕی دەرونی لە گەڵ دەکەن بە دانانی ڕادیۆیەک کە وتاری عەبدولکەریم قاسم دەگوازێتەوە لە دەربەندیخان وتاردەدا دژی کورد وبزوتنەوەکەی کەلە ناویان دەبەن،لەوکاتەدا دلێر لە جێی کۆڵدان وبەزین،هۆنراوەو ئاوازی سروودی پێشمەرگە دادەنێ وەکوو وەڵامێک بۆ عەبدولکەریم قاسم، (پێشمەرگەین بە هەڵمەتین پاڵەوانی میللەتین شێری ڕۆژی زیللەتین لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان بەخت دەکەین،ژیانمان ،ماڵ وگیان) دوای دوو ساڵ زیندانی،دەبێ بە پێشمەرگە،وەک کادیرێکی هوشیار ڕۆلی خۆی دەبینێ لە بڵاوکردنەوەی بیری شۆڕشگێڕی،دوای لێکترازانی پارتی ،لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری (هەمەدان )سروودی (نەورۆزی دوروڵات) لە هۆنراوە وئاوازی خۆی دادەنێ ولە ڕۆژی نەورۆزپێشکەشی دەکات.تا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام دەبێ لە دانانی سروود،کە سەرجەمیان ١٣ سروودە (کوڕانی کوردستان، سەربازی ئازادی،ئەژین، بەخێربێنەوە،عەبدولکەریم، ئاشتی، ئیجازەی پارتی، پێشمەرگەین،ئێمە ڕۆڵەی کوردین،نەورۆزی دوروڵات،جەژنی کورد،ئوتۆنۆمی، شەهیدانی کوردستان) لەبواری گۆرانی وئاوازیش دا،چەندان شاکاری نەمری هەیە کەگۆرانیبێژان چڕیویانە کە ١٦ گۆرانین .١٣ گۆرانی هۆنراوەو ئاوازی خۆیەتی٣ گۆرانیش هۆنراوەکانیان هی (ناڵی و گۆران وپیرەمێرد ) ە وئاوازی بۆ داناون،گۆرانیەکانی جگە لەخۆی لەلایەن هونەرمەندان(عەباس محەمەد، خەڵات خالید دلێر، شەماڵ حەمە تۆفیق، سەلاح مەجید) تۆمار کراون (چاوەکەم بۆچی، بۆجوانی سەرەڕێ، سەما، تۆران، ئەی قومری، جەفا، موژدە، وەی وەی، سزا، ناسک، بەهاره، ڕۆی ڕۆی، پەری،قژ، قیبلە، خاڵ) دوای وازهێنان لە پارتایەتی لە کوردایەتی نا: لە ساڵی ١٩٧٠ بەدواوە درێژەی بە خەبات وتێکۆشانی خۆی دەدات بە شێوازی تر ،لە چوارچێوەی ئەدەب و وتاری ڕەخنە گرانە،لەبواری ئەدەبدا،دوو کتێبی شیعری چاپکردووە بە ناوەکانی ( ئاگر وگوڵ لە ١٩٦٨) و(بەرەو لوتکەی ئاوات لە ١٩٧٩)چیرۆکی (دەریاش هەڵچونی هەیە) لەساڵی ١٩٨٦ چاپ دەکات،لە ساڵی١٩٨٥ (هەندێ وتار وچاوپێکەوتنی ئەدەبی) چاپ دەکات،لەساڵی ٢٠٠٣ کتێبی (هونەری گۆرانی کۆیە وتایەر تۆفیق) چاپ دەکات،لەبواری ڕەخنەی ئەدەبیشدا،ئەو کتێبانە چاپ دەکات( هێمن بیر وهەڵوێست،هێمن وهەژار دۆست ودژوار،ستەمکردن لە حەجی قادری کۆی تاوانە) دلێر جگە لەو بەرهەم وداهێنانانەی بە کورتی ئاماژەمان پێدا،لەبواری خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی ڕۆڵی بەرچاوی دیتوە بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵی کوردەواری،تا ئەو ساتەی دوا ماڵئاویشی کرد،هەر لەسەنگەری گەل وبەشخوراوان دابوو،هەرلە سۆنگەی گەورەیی ئەوکەسایەتیە پڕ بەخشش وداهێنانە لە خزمەت ئەدەب و هونەر وسیاسەتدا ، نامەی دکتۆراکەم تەرخان کرد بۆ بەرهەمەئەدەبی و ڕەخنەیی و هونەریەکانی ئەو کەسایەتیە بەناوی (بنیاتی هونەری وبیری ڕەخنەیی لە کارە ئەدەبی هونەرییەکانی خالید دڵێردا)لە زانکۆی کۆیە، داهێنانەکانی سەرچاوەی چەندان نامەی تریشن،بەڵام بە داخەوە دلێر وەک خۆی مافی تەواو بە کارە ئەدەبی وهونەرییەکانی نەدراوە،هۆکاری سەرەکیش خاوەن هەڵوێستی و سازش نەکردنی دڵێر بووە لە سەر بیر وباوەڕو بۆچونەکانی خۆی،بەداخەوە لە ١٦-١٢-٢٠١١ لە شاری سڵێمانی دواماڵئاوایی دەکات وڕۆژی ١٧-١٢-٢٠١١ لە شاری کۆیە؛بە خاک دەسپێردرێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*