سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی رۆژنامه‌نووسانی بێ سنوور بۆ ساڵی 2017

راپۆرتی رۆژنامه‌نووسانی بێ سنوور بۆ ساڵی 2017

رێکخراوی « په‌یامنێرانی بێ سنوور» ‌ رێکخراوێکی ‌مه‌ده‌نییه‌و گرنگی ده‌دات به‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ژیان و گوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسان له‌جیهاندا، ساڵانه‌ راپۆرتی خۆی بڵاوده‌کاته‌وه‌، به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ بێت، ئه‌مساڵ ره‌وشی رۆژنامه‌نووسان له‌چاو ساڵانی تردا باشتر بوو، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا 65 رۆژنامه‌نووس له‌جیهاندا کوژراون. سوریاش ترسناکترین وڵاتی جیهانه‌ بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ری .

65 کوژراو
به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ بێت، له‌ته‌واوی جیهاندا ساڵی 2017 ، له‌چاو ساڵانی تردا، که‌متر خوێناویی بووه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان و له‌ته‌واوی جیهاندا 65 رۆژنامه‌نووس کوژراون. ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی 14 ساڵی پێشوودا، که‌مترین ژماره‌ بووه‌. له‌درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا هاتووه‌، له‌ناو ئه‌و 65 که‌سه‌دا، 50یان رۆژنامه‌نووسی پیشه‌یی بوون. 15 یان هاوکاری رۆژنامه‌نووسان بوون.

39 تیرۆر
له‌باره‌ی چۆنێتی کوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌شه‌وه‌، راپۆرته‌که‌دا ده‌ڵێت: له‌و ژماره‌یه‌دا 39 یان تیرۆرکراون. به‌ڵام 26 یان له‌ کاتی کارکردندا کوژراون.

سوریا ترسناکترین وڵاته‌
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ سوریا به‌ ترسناکترین شوێنی جیهان داده‌نرێت بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ری. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌مین : به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌. دووه‌م: به‌هۆی بوونی رژێمێکی دیکتاتۆر له‌لایه‌ک ، بوونی چه‌ندین گرووپی تیرۆرسیتی و توندڕه‌و له‌لایه‌کی تر. ئه‌مساڵیش سوریا، به‌ترسناکترین وڵات هه‌ڵبژێرایه‌وه‌ بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ری.

عیراق پله‌یه‌کی خراپی هه‌یه‌
له‌پاش سوریا چه‌ندین وڵاتی تر دێن که‌ بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ری ترسناکه‌، له‌وانه‌ : مه‌کسیک پله‌ی 11 ی هه‌یه‌، دوای ئه‌ویش ئه‌فغانستان پله‌ی 9 ی هه‌یه‌، عیراقیش پله‌ی 8 هێناوه‌، ڤلیپینیش پله‌ی چواری هێناوه‌، که‌ خراپترین شوێنن بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ری.

رێژه‌ی 18% که‌مبۆته‌وه‌
به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ بێت، ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵی 2016 دا، ژماره‌ی کوژراوی رۆژنامه‌نووسان به‌رێژه‌ی 18% که‌مبۆته‌وه‌. ساڵی 2016 ژماره‌ی کوژراوه‌کان گه‌یشته‌ 79 که‌س، به‌ڵام ئه‌مساڵ بۆ 65 دابه‌زیوه‌‌.

بۆچی رێژه‌که‌ که‌مبۆته‌وه‌؟
به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ بێت، هۆکاری که‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌م رێژه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک هۆکار، له‌لایه‌که‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، که‌ بۆ پاراستنی ژیانی رۆژنامه‌نووسان له‌جیهاندا ده‌کرێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌هۆی نه‌مان یان ئاواره‌بوونی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ سوریا وعیراق و ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن و لیبیا. له‌م وڵاتانه‌، کاری رۆژنامه‌نووسی به‌رێژه‌یه‌کی ترسناک که‌مبۆته‌وه‌.

مه‌کسیک
له‌کۆتایی راپۆرته‌که‌دا، ئه‌و رێکخراوه‌ باسی تایبه‌تمه‌ندی مه‌کسیک ده‌کات و ده‌ڵێت: هۆکاری کوژرانی رۆژنامه‌نووسان له‌ مه‌کسیک زۆر جیاوازتره‌ له‌ هۆکاری وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، لێره‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ باندی مادده‌هۆشبه‌ره‌کان و سیاسه‌تمه‌داره‌ ناوخۆییه‌کان، هۆکاری سه‌ره‌کین له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی جه‌وێکی ترسناک بۆ ژیانی رۆژنامه‌نووسان. هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایکردووه‌، که‌به‌شێکی زۆری رۆژنامه‌نووسان یان وڵات جێبهێڵن، یان واز له‌کاری رۆژنامه‌نووسی بهێنن.

print

 5 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*