سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » تورکیا لەنێوان خەون و واقیعدا

تورکیا لەنێوان خەون و واقیعدا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەبێ ئەوەی لە واقیعی سیاسی و سەربازیی و توانای مادی و دارایی وڵاتەکەی ورد ببێتەوە کە تووشی چ بەرتەسکبوونەوەیەک بۆتەوە، دەیەوێت نەخشەی خەلافەتی عوسمانی کۆن جارێکی دیکە رەنگڕێژ بکاتەوە، بەڵام هەمیشە خەون و واقیع “هەریەکەیان گیای بانێک دەڕنن” خەون و خەیاڵ دەتوانێت تا فراوانترین سنوور بڕوات کە گەورەتریش بێت لە سنووری پێشووی خەلافەتی عوسمانی!، بەڵام واقیع شتێکی دیکەیە کە “دەتوانێت ئاو بووەستێنێت”!، ئەو دوو پەندە کوردییەی لەنێو کەوانەکەدا دامناون، دەڵێی ئەمڕۆ سەبارەت بە واقیعی تورکیا وتراون. ئەو واقیعەی ئەمڕۆ لە تورکیا هەیە و ئەو پەیامەی دەوڵەت هەیەتی، دوو شتی جیاوازن، ناوخۆی تورکیا لەدۆخێکدایە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپی دەچێت، پەیامی دەوڵەتیش هەر لەسەر کەڵکەڵەی خۆیەتی و غروری ئەردۆغان هەر چەپۆکان دەکات.

خەونی ئەردۆغان و دارودەستەکەی گەلێک باڵاترە لەو واقیعەی لە دەرەوەی سنوورەکان رووبەڕوویان دەبێتەوە.

لە خەونی ئەردۆغان-دا سنووری دەوڵەتەکەی تا سلێمانی لە باشووری کوردستان دێت، بەڵام واقیع دەڵێت تورکیا تائێستا نەیتوانیووە بستێک لە قەندیل و حەفتانین پێشڕەویی بکەن. خەونی خلوسی ئاکار کە لە لیبیا رایدەگەیەنێت ئەگەر لە رابردوودا باوباپیرانیان لە لیبیا پاشەکشێیان کردبێت، ئەوا ئێستا ئەوان لە لیبیان و لێی ناکشێنەوە، شتێکی بە (با) چووە، بەڵام واقیع ئەوەیە کە لەدرەنگانێکی شەودا بنکەی بەرگریی ئاسمانی تورکیا لە شاری وەتییە لە خۆرئاوای لیبیا لەلایەن فڕۆکەی فەرەنسی و میسری و ئیماراتییەوە بۆردومان دەکرێت و چەندان کەسی پلە باڵایان لێ دەکوژرێت، ئەمەش دەریدەخات کە تورکیا لەخەون بینیندا تا کوێ دەفڕێت و لە واقیعیشدا لەکوێ داویەتییەوە بەزەویدا.

تورکیا لەنێوان خەون و واقیعدا دوو سەرزەمینە، یەکەم سەرزەمینێک کە سەرۆک کۆمار و پیاوانی دەوڵەت بەخەیاڵ دروستیان کردووە کە بەخەیاڵی عەهدی زێڕینی عوسمانی دەژین و هەوڵ دەدەن تاکو گەیشتنیان بەو خەونە سوکانی ئەم فارغۆنە تورکییە بئاژوون، دووەمیش سەرزەمینێکی واقیعییە کە ژیان و ئازادیی و خەبات و دیموکراسی و مافی هاووڵاتیبوون تێیدا لەگیانەڵادایە و ئێستا تورکیا بە زیندانێکی گەورە و فراوان ناوزەد دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی (زەمانی تورکی ــ عەرەبی) ئەو منداڵانەی لە زیندانەکانی تورکیادان لەڕووی تەمەنەوە بچووکترن لەو منداڵە فەلەستینیانەی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا زیندانی کراون. ئەمە جگە لە ژنان و کچان و رۆژنامەنووس و هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە بەهۆی کاری سیاسی و رێکخراوەییەوە لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن.

خەونی لەمێژینەی تورکیا و ئەردۆغان بەو هەموو پسانە دارایی و ئابوورییەوە لەناوخۆدا کە لیرەی تورکی تووشی داڕمان هاتووە لەلایەک و ئەو هەموو تێکشکانە! سەربازیی و سیاسی و دیپلۆماسییەی لە دەرەوەی سنوورەکان تووشی تورکیا هاتووە لەلایەکی دیکەوە، ئەستەمە تورکیا لەسەر ئەرزی بەواقیعیبوونی خەونەکاندا ببینرێت و پڕۆژەی خۆرهەڵاتی نوێ لە سوودی تورکیا دابڕێژرێتەوە.

ئەم دوو جیهانەی کە کۆی گشتیی تاکی تورک زمانی دابەشکردووە بۆ تاکێک بەخەون بژی! و تاکێکی دیکەش لە واقیعدا بژی، دابەشبوونێکی ناهاوسەنگە لەنێوان کەمینەیەکی خەونبین و زۆرینەیەکی واقیع بیندا، لەسایەی ئەو کەمینەیەشدا تورکیا نەک نەیتوانیووە ئامانجە گەورەکانی بەدیبهێنێت وەک ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا و کۆتاییهێنانی پەکەکە لە قەندیل و هەڵوەشانەوەی کانتۆنەکانی خۆرئاوای کوردستان، بەڵکو تورکیا چ لەناوخۆ و چ لە دەرەوەشدا لەپاشەکشێ و داکشانی گەورەدایە.

print

 219 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*