سەرەکی » ئاراستە » بۆ یادی 39 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی شه‌هید دڵشاد به‌نگینه‌

بۆ یادی 39 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی شه‌هید دڵشاد به‌نگینه‌

ئاسۆ ره‌سوڵ حه‌مه‌زێڕ

شه‌هید دڵشاد تۆفیق حاجی به‌نگینه‌، پێشمه‌رگه‌و كادری ڕێكخستن، له‌ دایكبووی ساڵی 1955ی گه‌ڕه‌كی سه‌ركارێز له‌ شاری سلێمانی، هه‌ر سێ قۆناغی خوێندنی له‌ سلێمانی ته‌واو كردووه‌، له‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا زۆر چالاكانه‌ كاری كردووه‌.

ساڵی 1978 كاتێك خوێندكاری كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی به‌غدا بوو، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی به‌غدا فشارێكی زۆریان خسته‌سه‌ر رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و هه‌ندێكیان ئاشكرا كرد، له‌م سه‌رو به‌نده‌دا به‌ په‌له‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی و پاشان په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پیشمه‌رگه‌وه‌ كرد و له‌ ناوچه‌ی شارباژێڕ بووه‌ كادیر، له‌و ماوه‌یه‌دا چالاكییه‌كی زۆری نواندو ژماره‌یه‌كی زۆری كۆبوونه‌وه‌ی به‌ دێهاته‌كانی سنووری هه‌رێمی 4ی جافه‌تی كرد به‌ مه‌به‌سه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی سیاسییان و بانگه‌شه‌كردن بۆ سیاسه‌تی یه‌كێتی، چه‌ندین لایه‌نگرو ئه‌ندام و هه‌وادارای شۆڕشی پێشوو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م و له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌مدا دێنه‌ ناو شۆڕشی نوێ و به‌شداریی ئه‌و شۆڕشه‌ نوێیه‌ ده‌كه‌ن، پاشان ده‌كرێته‌ به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی و رابه‌رسیاسی هه‌رێمی چوار.

له‌ هاوینی ساڵی 1980 پێش ده‌ستپێكردنی جه‌نگی عیراق- ئێران رۆژنامه‌نوسی نه‌مسایی (كاپلان) كه‌ ناوی (باران) ی لێنرابوو له‌ سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی ئه‌وكاته‌ی ی.ن.ك بانگهێشت ده‌كرێت بۆ كوردستان، (كاپلان) باڵابه‌رزێكی سپی پێستی موو زه‌رد بوو ته‌مه‌نی له‌نێوان 25 بۆ 26 ساڵ ده‌بوو، له‌ باره‌گای نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ شه‌هید دڵشاد و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر ده‌سپێدرێت، له‌وانه‌ شه‌ماڵ ئیبراهیم زاده‌ و مسته‌فا سه‌رگه‌ڵویی و براكه‌ی و شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی و شه‌هاب و عوسمان شارستێنی و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر، شه‌هید دڵشاد زمانی ئینگلیزی زۆر به‌باشی زانیوه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌وكه‌سانه‌ی ئه‌وكاته‌ی شۆڕش كه‌توانیویه‌تی به‌زمانێكی پاراو به‌ ئه‌ینگلیزی قسه‌ بكات.

كابلان له‌وماوه‌یه‌ی كه‌له‌ كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ یاوه‌ریی شه‌هید دڵشاد و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر زۆر له‌ گوند و دێهاته‌كانی كوردستان ده‌گه‌ڕێت، له‌وانه‌ ( وڵاخلوو، سه‌فره‌ و زه‌روون، گاپێڵون، گه‌ڕه‌دێ، مالومه‌، چۆخماخ، یاخسه‌مه‌ر، سنگه‌رو مێوڵاكه‌، قوڵه‌جاخ ، چاڵاوا، هه‌ڵه‌دن، سه‌رگه‌ڵوو و سێكانیان، له‌وێوه‌ بۆ سه‌رمۆرد و قه‌مچوخه‌و ته‌لان و دیوی چه‌می رێزان و سورقاوشان و گۆپته‌په‌و پاشان بۆ دێكانی گه‌وره‌دێ وپاشان بۆ كانی بی و چه‌ندین ناوچه‌ی تر.

كاپلان بۆ ئه‌وه‌ هاتبوو له‌ ڕێگای كامێراكه‌یه‌وه‌ شوڕشی نوێی گه‌لی كورد و نه‌هامه‌تی و ڕاگواستنی دێهاته‌ سنووریه‌كان و ژیانی پێشمه‌رگه‌ بگوازێته‌وه‌ ناو ڕۆژنامه‌ی نه‌مسایی كۆریه‌ر (kurier)، ماوه‌ی زیاتر له‌دوو هه‌فته‌ و به‌یاوه‌ریی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ باروگوزه‌رانی ناوچه‌یه‌كی فراوانیان له‌گوندو دێهاته‌كان ڕوماڵ كرد، هه‌موو ئه‌م جه‌ولانه‌ش له‌به‌ر سه‌ختی ئه‌ورۆژگاره‌ زۆر به‌نهێنی ئه‌نجام ئه‌دران، هه‌ربۆیه‌ كاپلان به‌جلی كوردیه‌وه‌ وا نمایش كراوه‌ كه‌ته‌نها پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌و له‌ زۆربه‌ی سه‌ردانی شه‌وانی گونده‌كانیشا به‌جۆرێك نمایش ده‌كرا كه‌ به‌هۆی ددان ئێشه‌وه‌ ئازاری هه‌یه‌ و ناتوانێت قسه‌ بكات.

دواجار دڵشاد وكابلان به‌نهێنی سه‌ردانی شاری سلێمانی ده‌كه‌ن، پاش چه‌ند ڕۆژێك مانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

به‌ یارمه‌تیی شه‌هید دڵشاد به‌نگینه‌ به‌ گونده‌ راگوێزراوو وێرانكراوه‌كاندا گه‌ڕا و شاره‌زایی ته‌واوی له‌سه‌ر هه‌لوومه‌رجی ژیانی كوردو سیاسه‌تی رژێمی به‌عسی په‌یدا كرد و چه‌ند رۆژێكیش به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌ناو شاری سلێمانی مایه‌وه‌و پاشان له‌ گوندی كه‌ڵه‌كنه‌وه‌ برایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان. له‌وماوه‌یه‌دا كابلان به‌ كامێرای فۆتۆگراف وێنه‌ی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی گرت كه‌ دیبووی، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نه‌مسا ریپۆرتاژێكی سه‌رنجڕاكێشی له‌ رۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رباره‌ی شۆڕشی كورد بڵاوكرده‌وه‌.

شه‌هید دڵشاد كوڕه‌زای شاعیری گه‌ل (حاجی باقی به‌نگینه‌) یه‌و سه‌ره‌تای چونه‌ شاخ و دوای یه‌كترناسین، مام جه‌لال پێی ده‌ڵێت: تۆ نه‌وه‌ی به‌نگینه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ریت؟ بامن ئێستا شیعرێكی باپیرت بۆبخوێنمه‌وه‌:

ئه‌ی گه‌ل یه‌كێتی، ئه‌ی گه‌ل یه‌كێتی
هه‌ل له‌ده‌ست مه‌ده‌ن دوژمن په‌كیه‌تی
دوژمن خه‌ریكی پیلانگێڕانه‌
ده‌ست هه‌ڵناگرێت له‌م كوردستانه‌
باگه‌وره‌و بچوك یه‌ك ڕیز بوه‌ستین
له‌تێكۆشانا هیچ ڕانه‌وه‌ستین
باوه‌ك ڤیه‌تنام مه‌ردومه‌ردانه‌
ڕزگاریبكه‌ین ئه‌م كوردستانه‌

شه‌هید دڵشاد له‌ژیانی پیشمه‌رگایه‌تییدا به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆری شه‌ڕو نه‌به‌ردییه‌كانی دۆڵی جافه‌تی و شارباژێڕو ناو شاری سلێمانی كردووه‌، له‌ 15ی ئه‌یلوولی ساڵی 1981 له‌ گوندی شارستێن له‌ناوچه‌ی مه‌رگه‌ شه‌هید بوو.

 383 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*