سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » راپرسیی دەستوور لە جەزائیر

راپرسیی دەستوور لە جەزائیر

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە جەزائیر ریفراندۆمێكی سەرتاسەری كرا، بۆ گۆڕینی دەستووری وڵات. بەپێی ئەنجامی راگەیەنرا و 66 ٪ی هاووڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ داوە و سەرۆكی هەڵبژێردراوی وڵات و بەپرسانی تر لەگەڵیدابوون، هاوكات هەریەك لە بەرەی رزگاریی نیشتمانی و سەركردایەتیی سوپا و كایەكانی دەسەڵات، پشتیوانییان لە سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیە كرد.

بەپێی ئاژانسەكان، هەرچەندە رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان تەنها 23,7 ٪ بووە، كە زۆر كەمە و زۆرینەی جەزائیرییەكان بایكۆتیان كردووە، بەڵام بەو پڕۆسەیە، دەسەڵات توانیی سەركەوتن بەسەر پارتە بەرهەڵستكارەكاندا بهێنێت، كە لە دژی گۆڕینی دەستوور بوون و بەو ریفراندۆمە دەتوانێت دەستوور هەموار بكاتەوە.

بۆچی دەستوور دەگۆڕن؟
لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆكی پێشووی جەزائیر لە دوای 20 ساڵ سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی و هاتنە سەر حوكمی عەبدولمەجید تبون لە 2019دا، لەوساوە ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە دژی سیستمی دەسەڵات و هەژاری و برسێتی و خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دەستیانپێكردووە.

وەك میدیاكان ئاماژەیان پێكردووە، هەرچەندە ئەو وڵاتە رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات، بەڵام گەندەڵی و بێسەروبەری لە خەرجكردن و تەخشان و پەخشانكردنی داهاتی وڵات، وایكردووە گوزەرانی هاووڵاتی تابێت بەرەو خراپی بچێت. سەرۆكی هەڵبژێردراو بە هاوكاریی پارتی دەسەڵاتدار و سوپا و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات، پڕۆژەیەكیان گەڵاڵەكردووە بە ناوی نوێبوونەوەی وڵات و چاكسازی و دروستكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ جەزائیر، ئەو پڕۆژەیە خواستی زۆرینە نییە و كەمینەی دەسەڵات پشتیوانی دەكات، بەڵام زۆرینەی خەڵك و پارتە بەرهەڵستكارەكانیش بەدڵیان نییە و پاساوی ئەوە دەهێننەوە، كە هەموو ئەو رێكارانە رووكەشن و گۆڕینی بڕگە و بەندەكان لە خزمەتی خۆیاندایە.

سەرۆك نەخۆشە
عەبدولمەجید تبون بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەفتەی رابردوو گەیەنراوەتە ئەڵمانیا و لەوێ لە ژێر چاودێریی پزیشكە ئەڵمانییەكاندایە، بۆیە نەیتوانی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكات، بەڵام هاوسەرەكەی، دەنگی بە بەڵێ بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دا.

بەر لە دەستپێكردنی پڕۆسەكە و بە بۆنەی یادی 66 ساڵەی رزگاریی جەزائیر، راوێژكارێكی، وتارێكی سەرۆكی پێشكەشكرد و تیایدا دەرفەتی هێنا كە ستایشی گۆڕینی دەستوور بكا و هاووڵاتیانی هاندا، تاكو بەشداریی كارا بكەن.

هەمواركردنەوەكە چۆنە؟
بەپێی ئەو پڕۆژەیەی خراوەتە بەردەست، سەرۆكی وڵات نابێت لە دوو خول زیاتر ببێتەوە بە سەرۆك، واتە هەر كەسێك تەنها 10 ساڵ بۆی هەیە سەرۆكی وڵات بێت، ئەوەش لە ئەنجامی حوكمی 20 ساڵەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆكی پێشووی وڵات، ئەو بەندەیان گۆڕیوە و لە ترسی وازنەهێنان لە كورسی دەسەڵات، ئەو خاڵەیان بۆ بەندێكی دەستوور زیادكردووە. هەروەها پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتی زیاتریان دەدرێتێ و سەرۆكی حكومەت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە دەستنیشان دەكرێ و جموجۆڵی سوپاش لە دەرەوەی وڵات، تەنها بە رەزامەندیی یەك لەسەر سێی ژمارەی پەرلەمانتاران دەبێت و ئۆپۆزسیۆنی جەزائیریش ئەمەی پێ مەترسیدارە، چونكە لیبیا و مالی دراوسێیان دۆخێكی ئاڵۆزیان هەیە و ئەو سێ یەكە دەستی حكومەت كراوەتر دەكات بۆ بەشداریی سوپای جەزائیر لە ناكۆكییەكانی دراوسێكانیدا.

سەرچاوە: BBC, Independent, Arabipost,DW

 238 جار بینراوە