سەرەکی » ئاراستە » گوندی دەرەمیانە بەھۆی مین و تەقەمەنییەوە 18 کەسیان بوونەتە قوربانی

هێشتا مینە چێنراوەکان هاووڵاتیانی گوندەکان دەکەن بە قوربانی

گوندی دەرەمیانە بەھۆی مین و تەقەمەنییەوە 18 کەسیان بوونەتە قوربانی

جەمال سەرگەتی – شاد ئیبراھیم

دەرەمیانە گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانی

گوندی دەرەمیانە لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی ئاروزەر و لە باشوور لەگەڵ گوندی دەشتی خەرمان و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی گەوڕان و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی چارخ.

ئەم گوندە لە ساڵانی رابردوو بەھۆی شەڕی عێراق ئێرانەوە راگواستن کراوە، بەووتەی دانیشتوانی گوندەکە، دەرەمیانە ناوجەرگەی شەری عێراق ئێران بووە ھەر بەھۆی ئەو شەڕەوە سەرجەمی گوندەکە و دەوروبەری مینڕێژکراوە بەڵام لەدوای ساڵەکانی ١٩٩٢ گوندەکە لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە ئاوەدان کراوەتەوە، ھەروەھا لەلایەن رێکخراوەکان و دەزگای مینەوە، بەشێکی مین و تەقەمەنیەکان ھەڵگیراونەتەوە بە ئێستاشەوە ساڵانە دەزگای مین لە سلێمانی و چەند رێکخراوێکیتر کار دەکەن تاوەکو ئەو ناوچانە پاک بکەنەوە کە مین و تەقەمەنیان تێدایە

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو گوندە بەھۆی مین و تەقەمەنیەوە ١٨ شەھید و برینداری ھەیەو لە ئێستاشدا چەند کەسێکی ئەو گوندە خاوەن پێداویستی تایبەتن ئەوان بەم شێوەیە باس لە شەھید بوون و برینداربوونی خۆیان کەسوکاریان دەکەن کە بونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی، داواش لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە کاربکات تاوەکو ئەو ناوچانەی کە ئێستاش مینی تێدایە پاک بکرێنەوە چونکە بەووتەی خۆیان ساڵانە لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی گوند دەکاتە قوربانی ئاژەڵ و پەلەوەرکیانیان دەبنە قوربانی مین و تەقەمەنیەکان.

عەبدوڵڵا حەمە موستەفا تەمەنی ٦٥ ساڵە ئەو ئێستا خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەھۆی مینەوە قاچێکی لەدەست داوە ئەو باس لە ڕووداوەکە دەکات بۆ گوندستانی نوێ و وتی «ساڵی١٩٩٢ کە گەراینەوە دەرەمیانە گوندەکەمان ئاوەدانکردەوە دەستمان کرد بە کارکردن، لە ڕێگایەکدا ڕۆشتم نەمدەزانی مینڕێژکراوە بۆیە چەند ھەنگاوێک ڕۆشتم، دەنگێکی گەورە ھات و منیش زۆر شپرزە بووم، بۆچەند دەقیقەیەک ئاگاداری خۆم نەبووم کەس بەھانامەوە نەھات، کاتێک سەیری خۆمم کرد بینیم قاچم لەدەست داوە.

ئەو زۆر بە نیگەرانیەوە باس لە کاتی ڕوودانی تەقینەوەی مینەکە دەکات دەشڵێت کە ھۆشم ھاتەوە ھاوارم کرد لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلێک لە ڕێگای چوارتا ھات و بە ھانامەوە ھاتن منیان سەرخست بردمیان بۆ ناحیەی ناڵپارێز لەوێ چارەسەری پێویستم وەرگرت ماوەن ١٨ڕۆژ لە نەخۆشخانە بووم، بەڵام ئەوەی منی نیگەران کرد لە دەستدانی قاچم بوو، ئێستاش خاوەن پێداویستی تایبەتم»

عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد کە ئێستاش لە نزیک گوندەکەیان ژمارەیەک زۆر مین و تەقەمەنی ھەیە و داواشی کرد کە ڕێکخراوەکانی مین و تەقەمەی کاریان بۆبکەن تاوەکو ئەو ناوچانەی کە مین و تەقەمەی تێدایە پاکی بکەنەوە بۆ ئەوەی قوربانی زیاتری لێ نەکەوێتەوە»

کاروان ئیسماعیل ساڵح ئەو باوکی بەھۆی مین و تەقەمەنی لە گوندەکەیان گیانی لەدەست داوە، کاروان بۆ گوندستانی نوێ دەڵێت «ئەو کات باوکم تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو کە مینێکی پێداتەقیوەتەوە ھەر ئەو کات گیانی لەدەست داوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە ئێستاشدا مین و تەقەمەنی لە ناوچەکەیان بووتە گرفتێکی گەورە دانیشتوانی گوندەکەیان، کە حکومەتی بەعس بە شێوەیەکی ھەرەمەکی ئەو ناوچانەی مینرێژ کردووە»

کاروان وەک خۆی دەڵێت ئەوکاتە ئەو لە تەمەنێکی منداڵیدا بووە بەڵام ئەوەی بۆی باس کراوە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە کە باوکی بەھۆی تەقینی مینەوە شەھید بووە، دەشڵێت ئەو مینانە بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە کاریگەریان دەمێنێ»

کاروان وتیشی»لە گوندەکەی ئێمە خەڵکێکی زۆر شەھید و برینداربووە جگە لەوەش ساڵانە بەھۆی مین و تەقەمەنیەوە بە سەدان سەر ئاژەڵ و پەلەوەر دەبنە قوربانی، ئەو داواش دەکات حکومەت ھاوکاری زیاتریان بکات تاوەکو ناوچەکانیان لەو مین و تەقەمەنیانە پاک بکاتەوە»

سەرحەت ئەحمەد عەبدوڵڵا دانیشتوویەکی تری گوندی دەرەمیانەیە ئەویش قوربانی دەستی مین و تەقەمەنیە، ئەو بۆ گوندستانی نوێ دەڵێت» لە گوندەکەمان بەھۆی مین و تەقەمەنیەوە ١٨ شەھید و بریندارمان ھەیە ٦ شەھید و ١٢ بریندار ئەوە جگە لەوەش ساڵانە خەڵکانێکیتر دەبنە قوربانی کە شارەزای ناوچەکە نین، سەرحەت ئەوەشی ووت»کە چەند کەسێک لە گوندەکەیان دووجار مین تەقیوەتەوە پیایاندا و برینداربوون»
سەرحەت ئاماژە بۆئەوەش دەکات» گوندەکە ٥٠ خێزانی تێدایە سەرجەمی ئەو خێزانانەش بە ئاژەڵداریەوە خەریکن و بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن بۆیە ساڵانەش ئاژەڵێکی زۆر دەبنە قوربانی «

لای خۆشیەوە ھێمن ئیبراھیم بەرێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بۆ گوندستانی نوێ ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە سنوری ناحییەکەیان بەپێ ی ئاماری بەرێوەبەرایەتی مین لە سلێمانی ٢٠ ملیۆن مەتر دووجا مین و تەقەمەنی لە سنوری ناحییەکەیان ھەبووە، لەو ژمارەیەش لەڕێی بەرێوەبەرایەتی مین و بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٧ ملیۆن مەتر پاک کراوەتەوە لە ئێستاشدا نزیکەی ١٣ ملیۆن مەتر ماوە پاک بکرێتەوە لە مین و تەقەمەنی کە بەسەر ٣٧ گوندا دابەش بووە «

وتیشی»بەپێی ئەو ئامارەی کە لە بەرێوەبەرایەتی ناحیەی ناڵپارێزدا ھەیە نزیکەی ٣٠٠ کەس شەھید و بریندار بوون کە بە ھۆکاری مین و تەقەمەنی بووە، بۆیە وەک خۆمان چەندینجار داوامان کردووە کە کاری زیاتر بکرێت بۆ پاک کردنەوەی ئەو ناوچانەی کە مین و تەقەمەنی تێدایە»

ھێمن ئیبراھیم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد»ساڵانە لە وەرزی زستان بەھۆی باران بارینی زۆرەوە مین تەقەمەنیەکان دەردەکەون ئەوەش مەترسی دروست دەکات بەڵام ساڵانە لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو مین و تەقەمەنیانە بەرێوەبەرایەتی مین لە سلێمانی ھاوکاری زۆرمان دەکەن و کاردەکەن بۆ ھەڵگرتنەوەی ئەو مین و تەقەمەنیانە «

بەرێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ئەوەشی ووت»ھۆشیاری تەواویان داوەتە دانیشتوانی گوندەکان کە تا دەتوانن خۆیان بپارێزن سنورەکان دیاری کراون کە نابێت سەردانی ئەو ناوچانە بکەن کە مین و تەقەمەنیان تێدایە «

 104 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*