سەرەکی » مانشێت » وەفدی حكومەتی هەرێم لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی بەغدا دەكات

ئەنجومەنی وەزیران:

وەفدی حكومەتی هەرێم لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی بەغدا دەكات

ئەمڕۆ، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوەو گفتوگۆی كرد دەربارەی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت، رایگەیاند: شایستە داراییەكانی هەرێم، مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە، هەرگیز سازشی لەسەرناكەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند رۆژی رابردوودا بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین لەگەڵ مستەفا كازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەڵێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەربكەن، وتیشی: ئەگەر لەبەر هەر هۆیەك، لەكاتی خۆیدا بەشە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەنێردرا، حكومەتی هەرێم ناچارە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە قەرز بكات. هەروەها بڕیاردرا لەڕۆژی پێنجشەممەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئۆكتۆبەر بكرێت.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، قسەكردن بوو لەسەر سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، سەبارەت بەوەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەفدی حكومەتی هەرێم لەئایندەیەكی نزیكدا سەردانی بەغدا بكات بەمەبەستی داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. پڕۆژەی پێداچوونەوەو رێكخستنەوەی ئەو رسوماتەی لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران، داوایكرد پەلەبكرێت لە ناردنی زانیاریی تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەكان بۆ لیژنەی باڵا، بەمەبەستی رێكخستنەوەیان.

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*