رۆژنامەی کوردستانی نوێ چۆن قسەم لەگەڵ مام جەلال كرد؟

10:02 - 2023-01-12
دەلیل جەمال
374 خوێندراوەتەوە

 سەروبەندی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، ئەو ساڵە شوومەی سەرۆك مام جەلال-ی تێدا نەخۆشكەوت و ئیدی بۆ هەمیشە جێی هێشتین و ماڵئاوایی كرد.
بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی جیاببۆوە، 29ی 5ی ئەوساڵە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوكرایەوە، قەسیدەیەكی بەندەی تێدا بڵاوكرابۆوە بەناوی(سەرمان بەرزە كە یەكێتین) بەیانی من چوومە مەڵبەندی 9ی شارەزوور لە رادیۆی شارەزوور دانیشتبووم، هەڤاڵ هاوكار هاتەلام و وتی كاك ستران عەبدوڵڵا تەلەفۆنی بۆكردم رەقەمی تەلەفۆنی تۆی پێویست بوو، كاك هاوكار پەیامنێری كوردستانی نوێ بوو، كاك ستران سەرنووسەری كوردستانی نوێ پەیوەندیی پێوەكردم، وتی وێڕای دەستخۆشی بۆ شیعرەكەت، دەمەوێ پێت بڵێم جەنابی مام جەلال شیعرەكەتی خوێندووەتەوە و زۆری پێ جوان بوو، بۆیە ئاگاداربە پەیوەندیت پێوەدەكات، سوپاسی كاك سترانم  كرد و بۆ من جێی شانازی بوو، بەڵام زۆر قەلەق و سترێس بووم بیرم دەكردەوە ئەگەر جەنابی مام جەلال پەیوەندیم پێوەبكات دەبێت چۆن و بە چ شێوازێك وەڵام بدەمەوە؟ لەم گفتوگۆیە لەگەڵ خۆمدا، چوومە لای كاك حەمەی حەمەسەعید ئەوكات لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی شارەزوور بوو، هەركە گەیشتمەلای پێكەنی نەیهێشت بابەتەكەی بۆ باس بكەم، وتی ئاگادارم، دیار بوو كاك مەلا بەختیار قسەی لەگەڵ كردبوو، لە رۆژی كردنەوەی هۆڵی شەهید ئەحمەد گریانەیی، لە هەڵەبجە كاك مەلا بەختیار هاتبوو، پێیوتم جەنابی مام جەلال پەیوەندیی پێوەكردووم شیعرەكەتی خوێندووەتەوە، كاك مەلا بەختیار وتبووی بەڵێ ناوی دەلیلە و دەیناسم و گەنجێكی خوێنەرە و دەنووسێت و لای خۆشم لە رێكخراوە دیموكراتییەكان و كۆمەڵەی خوێندكاران بوو، بەڕێزیان رەقەمی تەلەفۆنەكەی منیان پێدابوو.
بەڵێ لای كاك حەمەی حەمەسەعید بووم، كاك حەمە وتی ئەوە شانازییەكی گەورەیە مام جەلال تەلەفۆنت بۆ بكات... لەم قسانەبووین تەلەفۆنم بۆ هات و جوابم دایەوە وتی من ئاواتم،  جەنابی مام جەلال دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات، وتم سوپاس من لەخزمەتیام، مام جەلال سڵاوی كرد و منیش بەپێوە خۆم نەدەگرت، سڵاوم لێكرد، یەكسەر بەپێكەنینەوە  وتی هەورامیشیت، هەورامی هەردەبێ ئازا و زیرەكبن، وتم جەنابی مام لوتفت هەیە، پاشان وتی دەنگوباسی حەمەگیان كە مەبەستی كاك حەمە بوو، وتم زۆرباشە، پاشان وتی من هەموو بەیانییەك  رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەخوێنمەوە، ئەم بەیانییە ئەم شیعرەی تۆم خوێندەوە زۆرم بەدڵبوو جوانت نووسیوە،  وتی هیوادارم بەردەوامبیت لە نووسین، منیش دوای سوپاس و ئەو لوتفە گەورەیەی جەنابیان، وتم دڵنیابە دەخوێنم و دەنووسم.
 لە كۆتایدا وتی پێم خۆشە بتبینم،  لە بەغدا هاتمەوە دەتبینم، بەداخەوە كە بڕیاربوو جەنابیان ببینم كە لە بەغدا گەڕانەوە، بەڵام نەمبینی و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی كرد. درود بۆ رۆحی مام جەلال و سڵاو و رێز بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ خزمەتیانكرد و ئێستاش خزمەت دەكەن.
32ساڵەی دەرچواندنی كوردستانی نوێ لە هەموان پیرۆزبێت.

وتارەکانی نوسەر