لێم دەپرسن

10:07 - 2023-12-03
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
278 خوێندراوەتەوە

(36)

*دەکرێت وەک سەرچاوەی هەواڵ، پشت بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ببەسترێت؟ 

-تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێت سەرچاوەیەک لە سەرچاوەکانی دەستکەوتنی هەواڵ بن، نەک هەموو سەرچاوەکانی. دەکرێت هەواڵ لە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەربگیرێت، بەڵام گرنگە بە وردی و وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و زۆر متمانەی پێنەکرێت، چونکە پێویستە رۆژنامەوان لە هەموو زانیارییەک کە دەیبیستێت یان دەیبینێت و دەیخوێنێتەوە بەگومان بێت، بەتایبەت لەم رۆژگاری بەرفراوانبوونی زیرەکی دەستکرد و بە بەرنامە بڵاوکردنەوەی ساختەهەواڵدا وردییەکی زیاتر پێویستە.
بە دڵنیاییەوە، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ئاسانکاری زۆرباش بکەن و ببن بە دەروازەیەکی گەورەی ئاگاداربوون لە رووداوەکانی چواردەور و خوێندنەوەی دیدگە جیاوازەکان. هەربۆیە پیشەییترە بە بەردەوامی زانیارییەکان بپشکێنرێنەوە و پشت بە سەرچاوەی هەواڵی متمانەپێکراوی زیاتر و جیاوازتر ببەسترێت، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی هەمیشە متمانەپێکراوی هەواڵ نین. ئەگەرچی هەموو کەسێک رۆژنامەوان نییە، بەڵام هەموو کەس دەتوانێت زانیاری بڵاوبکاتەوە. گرنگە پێش ئەوەی بڕوای تەواو بە هەواڵ بکرێت و لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشی پێبکرێت، باشترە رەخنەگرانە هەڵسەنگێنرێن و زانیارییەکان لە چەند سەرچاوەیەکەوە پشتڕاست بکرێنەوە. هەروەک چۆن دەزگا راگەیاندنە پیشەییەکان ئەو رۆژنامەوانانەیان راهێناوە پێڕەوی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن دەکەن و هەواڵەکانیان بە راستی دەپشکنن، چونکە دۆزینەوەی سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ هەواڵەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کارێکی قورسە، بەڵام بە گرتنەبەری چەند رێگەیەک دەتوانرێت ئاسان بکرێت، لەوانە: سەرەتا هەوڵبدرێت فۆڵۆوی ئەکاونتە پشتڕاستکراوەکانی دەزگا هەواڵییە بەناوبانگەکان بکرێت زۆرجار لە تەنیشت ناوەکەیانەوە نیشانەیەکی شین دانراوە. پاشان گەڕان و کنە و پشکنین بۆ ئەو پۆستانە بکرێت سەرچاوە یاخود لینکی بابەتە هەواڵییە باوەڕپێکراوەکان دابین دەکەن. لەکۆتایشدا گومان لەو زانیاریانە بکرێت کە زۆر هەستیار دەردەکەون یاخود بەڵگەدارنین.
لەم رۆژگارەدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و پشکنینی راستی و وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان، چەندین ماڵپەڕی پیشەیی تایبەتمەند بەردەستن، تایبەتمەندێتی ئەو ماڵپەڕانە ئەوەیە بە وردی لێکۆڵینەوە لە دەنگۆ و دەنگوباس و ناوەڕۆکی ڤایرۆسی دەکەن و روونکردنەوە و بەڵگەی ورد بۆ پشتگیری گەڕان و پشکنینەکانیان دەخەنەڕوو. لەو ماڵپەڕانەدا پشکنینی زانیارییەکان لە پشتڕاستکردنەوەی متمانەی هەواڵ و ناوەڕۆکی نووسین و وێنەی و ڤیدیۆیی دیکە یارمەتیدەرە کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە.
لەو سۆنگەیەوە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان سەرچاوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵمەتەکانی ساختەهەواڵدا هەیە، چونکە سەکۆ جیاوازەکانی ئەو تۆڕە رێگەیەکی خێرا و فراوان بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە دەڕەخسێنن، چونکە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی زانیاری ناڕاست لە رێگەی لایک و شەیر و ریتویتەوە هاوبەشی پێبکرێت، قەبارەکەی گەورەتر پیشان بدرێت و لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا بگاتە زۆرترین ژمارەی وەرگر. هەربۆیە زۆرجار هەڵمەتەکانی ساختەهەواڵ و سروشتی ڤایرۆسی، تۆڕەکانی میدیای کۆمەڵایەتی  لە رێگەی بەکارهێنانی مانشێتی وروژێنەر و سەرنجڕاکێش و ناوەڕۆکی هەستیار و بانگەوازی سۆزداری دەقۆزنەوە، بۆ دەستکاریکردنی بۆچوون و بیروباوەڕی بەکارهێنەران. کەواتە زۆر گرنگە بەکارهێنەران رەخنەگرانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن و پشت بە زیاد لە سەرچاوەیەک ببەستن بۆ ئەوەی زانیارییەکان پشتڕاستبکەنەوە پێشئەوەی باوەڕیان پێبکەن و دواتر هاوبەشی پێبکەن.
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا


وتارەکانی نوسەر