‎پەیامەكانی راگەیاندن و كاریگەریی لەسەر دەروونی وەرگر

10:42 - 2024-01-04
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
404 خوێندراوەتەوە

محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

راگەیاندن واتا گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بۆ وەرگر. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا و بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، زۆرینەی پەیامەكان مەبەستدارن و ئامانجێكی لە پشتەوەیە، ئەمە بەدەر لەو لایەنە هونەرییەی كە بۆ كەیف و پڕكردنەوەی پێویستی وەرگرەكانیان لە بواری هونەری و شادیدا پەخشی دەكەن. 
ئەگەر مەبەست و ئامانجی راگەیاندنەكانی كوردستان وەربگرین و دابەشی دوو لایەنی بكەین، ئەوا لایەنێكی پەیوەندیدارە بە سیاسەتی دامەزراوەكە و خاوەندارێتی دامەزراوەكە، لایەنێكی دیكەشی پەیوەندیی هەیە بە خێرا گەیاندنی پەیامەكان كە هەڵبەت ئەم لایەنانە و جۆری پەیامە جیاوازەكان كاریگەریی نەرێنی بەجێدەهێڵت لەسەر  دەروون و شێوازی ژیانی وەرگر، چونكە راگەیاندن لەم سەردەمەدا دەستی گرتووە بەسەر هەموو تاكێكی كۆمەڵگەدا و بە رێژەی جیاواز كاریگەریی لەسەر تاك بەجێدەهێڵێت، رۆڵی هەیە لە جووڵاندنی رای گشتی و ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە، بەتایبەتی وەرگرانی كە بۆ مەبەستێكی سیاسی و لە بەرژەوەندیی خاوەنداریی دەزگاكە بێت، یان بۆ چارەسەركردنی پرس و بابەتە گشتییەكانی كۆمەڵگە.
پەیامی سیاسی و مەبەستدار و خێراگەیاندنی زانیارییەكان بەبێ فیلتەر، كاریگەریی خراپ لەسەر دەروونی تاك و تێكچوونی كۆمەڵگە دروستدەكات. 
بۆ نمووبە رووداوی كوشتن و تیرۆر و خۆكوشتن كە ئەم رووداوەنە بەپێی سیاسەتی دامەزراوەكە بە سیاسی دەكرێت، ئامانجی خوڵقاندنی جەنگی دەروونییە لەسەر دانیشتوانی ناوچەیەك و وێناكردنی دۆخی خراپی ئەمنی و نا ئارامییە.
ئەمە هاووڵاتیان تووشی دڵەڕاوكێ و شڵەژانی دەروونی دەكات، سەرەڕای دروستكردنی شارچێتی و سەرهەڵدانی ئەو گرفتە نێوخۆییە، چونكە میدیا دەتوانێت راستییەكان بە سیاسی بكات و بیان شێوێنێ و بەپێچەوانەشەوە. شێوازی گەیاندنی ئەم زانیاری و رووداوانە بەجۆرێك و بەشێوەیەكی خێرا و بێ لە فیلتەردان دەخەنە نێو جەماوەرەوە بە ئامانجی ئەكتیڤی و یەكەمی لە گەیاندن كە دەبێتە مایەی تێكدانی دەروونیی تاك و لەهەمان كاتیشدا رێنوێنیش دەبێت تا رووداوەكە دووبارە ببێتەوە لەنێو كۆمەڵگەدا. 
دووبارەبوونەوەی رووداوەكان وادەكات لە حاڵەتەوە ببێت بە دیاردە، ئەوكاتە كۆی كۆمەڵگە بەشدار دەبێت لەو دۆخە دەروونییەی كە میدیا سازاندویەتی و كاریگەریی نەرێنیش لەسەر ئاسایشی تاك و كۆی كۆمەڵگە دروستدەكات.
هەندێك میدیا جۆرێک لە دراما و فیلمی بیانی دێننە هەرێمی كوردستان و پەخشی دەكەن كە لەگەڵ نەریتی كۆمەڵگەی كوردیدا ناگونجێت و كاریگەریی نەرێنی لەسەر تاك و خێزان دروست دەكات.
بۆیە گرنگە بۆ هەر بابەت و رووداوێك، هەر پرسێكی هەستیار، فیلتەر بۆ كۆی بابەتەكان هەبێت.
بەجۆرێكی گونجاو دەزگاكانی راگەیاندن، كار بكەن پەیام و زانیارییەكان، هێوركردنەوەی كۆمەڵگەی بە دوادا بێت و دووچاری شڵەژانی دەروونی و دڵەڕاوكێ نەكرێن، تا نەبنە مایەی كێشەی زیاتر بۆیان.

وتارەکانی نوسەر