‎ چەند سەرنجێك بۆ كۆنفرانس سەبارەت بە رۆڵی گەنجان و ژنان

10:27 - 2024-02-01
‎محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
497 خوێندراوەتەوە

محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


مەكتەبی رێکخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پایەیەكی گرنگ و كاریگەری نێو كاری رێکخراوەی یەكێتی یە كە رۆڵ و ئەركی تایبەتی هەیە لە كاروباری ناوخۆی حزب و پێگەیاندنی كادر و فراوانكردنی پێگەی جەماوەری یەكێتی لە سنووری سەرجەم مەڵبەندەكان، چونكە رێکخستن زۆرینەی بەركەوتەی لەگەڵ جەماوەر و كۆمەڵانی خەڵكدا هەیە.

هەڵسەنگاندن بۆ رابردوو 
 هەڵبەتە كۆنفرانسی مەكتەبی رێکخستنی یەكێتی بەرهەمێكی ئەرێنی دەبێت ئەگەر بەستنی كۆنفرانسەكە پشت ئەستوور بێت بە رەخنە و بەهەند وەرگرتنی  كەموكورتییەكانی رابردوو، شێوازی كاری كادران لەسەرجەم مەڵبەند و كۆمیتە و ئۆرگانە جیاوازەكان، هەروەها بەرنامە و پلان و پێشیازی نوێ و گونجاوی وابەستەكراو بە چارەسەركردنی گرفتەكانی پێشوو و نوێگەریكردن لەكاری رێکخستندا و پێدانی رۆڵ بە گەنجان و ژنانی خاوەن بڕوانامە و لێهاتوو بە سوودوەرگرتن لە خاوەن ئەزموون و بە تەمەنەكان. 
ئێستا گەنجان و ژنان كەمینەی نێو رێکخستنەكانی یەكێتین، ئەوان بۆ هەموو قۆناغەكانی یەكێتی گرنگی خۆیان هەیە، چونكە خاوەن وزە و توانایەكی زۆرن بۆ هەر كار و ئەركێك كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بگونجێت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن بیری نوێ و لێهاتوون و دوورن لە بەربەرەكانێی نێوخۆی و ئیشكردن ئامانجی سەرەكیانە.

گەنجان رۆڵی سەربەخۆیان هەبێت 
گرنگە وەك بەشێكی سەربەخۆ لە رێکخستنەكاندا  كاربكەن و رۆڵ و دەرفەتیان پێ بدرێت، تا تواناكانی خۆیان لەپێناوی یەكێتی و گەنجان و ژنان بخەنەگەڕ، چونكە تێكەڵكردنی لەگەڵ هەر بەشێكی دیكە، كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەریان و جەنگی دەروونی و بەربەستەكان و سنوورداركردنی بیر و جووڵەیانی لێدەكەوێتەوە، كەئەمەش نیوەی ئەو ئامانجانە دەپێكێت كە بەهۆی گەنجان و ژانانەوە چاوەڕوانیی لێ دەكرێت. 
سەرەڕای ئەوەی كە ئەو دۆخە دەروونییەیان لا دروستدەكات كە هەمیشە لەكاری حزبیدا خۆیان بە كەم بزانن، ئەمەش زیان دەگەیەنێت بە بەگەڕخستنی تواناكانیان و جۆرێك دەبێت لە چەوساوەیی و ترسی كار لایان.
هەروەها لەكۆنفرانسدا گرنگە جەخت بكرێتەوە لە پێگەیاندن و پەروەردەكردنی كادران، دوورخستەوەی ئەدای بەرژەوەندیخوازی و بەربەرەكانی و سەرقاڵبوون بەیەكتر لەنێو رێکخستنەكان.
پێویستە ئامانجی هەموان بخرێتەوە سەر رێگە دروستەكە و بەرژەوەندیی یەكێتی و خزمەتكردن ببێتە ئامانجی یەكەمی هەر كادرێك. 

هەماهەنگیی کادران
هەروەها پێداچوونەوە بە پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان كادرانی حزب و حكومەت بكرێت و پێكەوە لەپێناوی بەرژەوەندی یەكێتی و هاووڵاتییان كار بكەن. گۆڕانكاریی لە هەیكەلی مەڵبەندەكان بكرێت و ئەو بەشانەی لێك نزیكن تێكەڵبكرێن و هەر بەشێكیش هەیكەلی كاری بۆ دابنرێت و هەر ئەندام بەشێك كارێكی دیاریكراوی پێ بسپێردرێت، تا هەموان لەكار و چالاکیدا بن و بە رێكردنی كاتەكانیان، لە چوارچێوەی كاری كادریدا بێت، تا كادران لە ململانێ و خەمساردی و بەرژەوەندیی شەخسی دووربخرێنەوە. 
لەگەڵ ئەوەشدا هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی گشت لایەن و بابەتێك فەرامۆش نەكرێت و هەڵسەنگاندن و چاودێری و بەدواداچوون بۆ كاری كادران و لێپرسینەوە و پاداشت و سزا كاری جدی لەسەر بكرێت و هیچ بڕیارێكی سزا و پاداشت پشت ئەستوور نەبێت بە باکگراوندێكی قسە و قسەڵۆكی بێ بەڵگە و پشتڕاست نەكراوە.

 

 

وتارەکانی نوسەر