هەڵبژاردن و سڕینەوەی زۆنەکان

09:56 - 2024-08-29
محەمەد حەمە تەقی
231 خوێندراوەتەوە

  بەهەموو پێوەرێک هەڵبژاردنی داهاتوو حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا دەباتە قۆناغێکی نوێوە، خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەش ریتمێکی نوێی وەرگرتووە.
ئەمجارە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق سەرپەرشتی دەکات، یەکەم جاریشە بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردنەوە، سەرەڕای کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و گۆڕینی ژمارەی پێکهاتەکان. 

زۆر زەحمەتە هیچ حزبێک، بتوانێت زیاتر  30 ٪  کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت

ئەم گۆڕانکارییانە ئەنجامێکی نوێشی دەبێت، ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، زۆر زەحمەتە هیچ حزبێک، بتوانێت زیاتر 30 ٪ کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، ئەم چاوەڕوانییەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە هەم پرۆسەکە سەربکێشێت بۆ توندوتیژی، هەم دوای هەڵبژاردن پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان درێژە بکێشێت، وەک ئەوەی لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکدا روویدا.
گەرچی دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر شانازی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەکەن و وەک دەستکەوتێکی گەورەی خەباتی گەلی کوردستان دەیناسێنێنن، بەڵام دەستاودەستی دەسەڵات بە ئاشتی و بە شێوەیەکی دیموکراسیانە، هێشتا نەبووە بە کەلتور لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، تەنانەت لە ساڵانی رابردوودا بۆ مانەوە لەدەسەڵاتدا، پەنا بۆ داخستنی پەرلەمان و هێزی داگیرکەر براوە، سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو رێگاکانی تەزویر و چاوسوورکردنەوە و نان بڕین و بەخشینەوە.
کاندید بۆ پەرلەمان، ئەگەر کەسێکی بێلایەن یان سەر بە حزبێکی دیاریکراویش بێت، دەبێت کەسێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێست بێت، دەبێت هۆشیارییەکی بەرزی نەتەوەیی و سیاسیی هەبێت، لەگەڵ بەرژەوەندیی باڵای هەرێم و نەتەوەکەیدا بێت، نەک کەسێکی بەرژەوەندیخواز و بێ توانا. 
لە خولەکانی پێشوودا، ئەندام پەرلەمانتاری نا کارامە خزانە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەو پەرلەمانتارانە نەک هەر نەیانتوانی گۆڕانکاریی لە حکومڕانیی کوردیی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا بکەن، بەڵکو زیاتر دۆخەکەیان بەرەو ئاقارێکی نا سەقامگیری برد، ئەمەش بۆخۆی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی زیاتر نائومێد کرد و متمانەیان بە پەرلەمان و گۆڕانکاری لە حکومڕانیدا نەما.
حکومڕانی رەنگدانەوەی بەرنامە و سیاسەتی حزبە، کە لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتەوە رەنگڕێژی بۆ دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
لەبەرئەوەی حکومڕانیی کوردی لە رابردوودا سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا، متمانەی هاووڵاتیان بە حکومەتی هەرێم و هەڵبژاردن تەواو کەمبۆتەوە.
لە چوار خولی رابردووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بە یەک بازنە و لە دوو زۆنی لە یەکتر دابڕاودا کراوە، لەو چوار خولەی رابردوودا، لە بەرنامەی هیچ حزبێکی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، پلانێک بۆ سڕینەوە و لابردنی ئەو دوو زۆنیەی هەرێمی کوردستان دانەنراوە کە بنەمای پێشکەوتن و یەکخستنەوەی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەو دوو زۆنە لە بارودۆخێکی نەخوازروادا دروستبوو، ئایا دەکرێت پاش نزیکەی سێ دەیە لە حکومڕانی و پاش چوار خولی هەڵبژاردن، بە زەبری هێز و بە پاڵپشتی دەرەکی یەکبخرێنەوە؟
دەبێت ئەم هەڵبژاردنە ببێتە سەرەتایەک بۆ نەهێشتنی ئەو دوو زۆنییە و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی، بۆ ئەوەی چیتر مۆرکی خاوەندارێتیی هیچ حزبێک لەسەر هیچ رووبەرێکی کوردستان نەمێنێت، کوردستان موڵکی خەڵکی کوردستانە و دەبێت هەر واش بمێنێتەوە.
دەکرێ بوترێت فڵان حزب لە فڵان شار یان لە فڵان ناوچە لایەنگر و دەنگدەری زۆرە، بەڵام هەرگیز ناکرێت بوترێت فڵان شار یان فڵانە ناوچە، هی ئەم حزب یان ئەو حزبە.
هەولێر و هەموو شار و گوندێکی کوردستان موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نییە، بەڵکو تەنها موڵکی خەڵکی کوردستانە و هەموو حزب و رێکخراوێک دەتوانیت چالاکی خۆی تێدا بکات، هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە، دەبێت هەموو تیایدا ئازاد و شکۆمەندبن، جیاکردنەوەی شار و گوندی کوردستان لەیەکتر و کردنیان بە موڵکی ئەم حزب یان ئەو حزب، تاوانێکی گەورەیە و مایەی شەرمەزارییە.
رەنگە پارتی ئامادە نەبێت سەرۆکی حکومەت رادەستی هیچ کەس و لایەنیکی تر بکات، ئێستاش سەرسەختانە پارێزگاری لە زۆنی زەرد و هێشتنەوەی دەکات، بەڵام یەکێتی دەتوانێت هەر لە ئێستاوە پلانی هەبێت بۆ گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی حکومەتی ئایندە و سڕینەوەی زۆنەکان، بە دڵنیاییەوە ئەم نیەتی گۆڕانکارییە چەند پلانی تۆکمە و نیەتی باشیشی لە پشتەوە بێت، بەڵام سەرەنجام ژمارەی کورسی بەدەستهاتووی پەرلەمان دەتوانێت یەکلایی بکاتەوە. 
بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، دەنگی بەدەستهاتووی بازنەی هەولێر دەتوانێت هاوکێشەکان بگۆڕێت، چونکە بازنەکانی تر ئەنجامەکانی هەستپێکراوە، هەر بۆیە هەموو لایەنەکان چاویان لەسەر هەولێری پایتەختە و ململانێکانی هەڵبژاردن لەوێ توندتر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر