چەند سەرنجێک لەسەر دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن

10:20 - 2024-09-16
عەتا تەها
142 خوێندراوەتەوە


وا بڕیاربوو 16ی ئەیلولی ئەمساڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکات، بەڵام ئەو وادەیە دواخرا بۆ 20ی ئەیلول، ئەمە لەکاتێکدایە کە نزیکە دوو ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی پێنجەم خولی پەرلەماندا تێدەپەڕێت، کەچی هەر دەستی دەستی و مامەڵەو سەودا بەوپرسەوە دەکرێت، هۆکارەکەش زۆر روونە، لە ئێستادا و بەم میکانیزمە پرۆسەکە لە قازانجی هەندێک حزب و لایەندا نییە، هەربۆیە لێرەوە پرسیارگەلێک دروست دەبن و ئەم دواخستنەش دەبێتە جێگای سەرنج و تێڕامانی جیاواز!.

ئەوەندەی تێبینی بارودۆخەکە دەکرێت، تەنها یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ساز و ئامادەیە و پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە

یەکێتی ساز و ئامادەیە
 ئەوەندەی تێبینی بارودۆخەکە دەکرێت، تەنها یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ساز و ئامادەیە و پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە، پرسیارێکی تر لێرەدا دێتە ئاراوە ئاخۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن ئامانجێکی لە پشتەوەیە، یاخود تەنها هۆکارەکە هونەرییە؟ روونتر بڵێم ئایا ئاراستەیەک نییە بۆ دواخستنی ئەو وادەیە کە پێشتر دیاری کرابوو؟ بێگومان ئەمانەو دەیان پرسیار و سەرنجی تر لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دروست بووە، بەتایبەتی تر ئاراستەیەکی نێوخۆیی بە پیلانێکی دەرەکی بۆ جارێکی تر هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بەمەبەستی دواخستنی پرۆسەکە.

هەوڵ بۆ دواخستنی هەیە؟
 هەڵبەتە لەو روانگەیەوە و خوێندنەوەم بۆ دۆخەکەو چاودێریکردنم بۆ ئامادەکاری لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، هەرئەوەی لێدەخوێنمەوە دیسان بە پلانێکی دەرەکی و بە مەقاشێکی نێوخۆیی فشارێک دروست بکرێت بۆسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی جارێکی تر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و بەئەگەرێکی زۆریشەوە دەکەوێتە ساڵی ئایندە، سەرئەنجام دواخستنەکەش نەک هەر کار دەکاتە سەرناوبانگی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە تەواوەتی هەرێمەکە بەرەو کەناری لاوازی و لە ناوچوون دەبات، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم هەرێمە بەخوێنی دەیان هەزار شەهید هاتووەتە بەرهەم و دەیان هەزاری تر کەم ئەندام و ماڵ وێران بوون، لە پێناو سەربەخۆیی و رزگاریی نیشتیمان، بەڵام کار وابڕوات خوێنی شەهیدەکان و رەنج ماندووبوونی تێکۆشەران و خەڵکی ماندووی ئەم هەرێمە، هەمووی بەفێڕۆ دەڕوات و لە ئایندەدا لێکەوتەکانی وەک کارتێکی فشار بەڕووی کورددا دەدرێتەوە، لەگە‌ڵ ئەوەدا بە هیوام بانگەشەو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەو ماوەیەدا بەڕێوەبچێت. لە هەرێمی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر