یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەساتەوەختی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە جێی متمانەی گەل بووە و بەپێچەوانەشەوە، واتە گەل و یەکێتی دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون.
مێژوو شاهیدی ئەمەیە، چونکە یەکێتی لە قورسترین و هەستیارترین قۆناغی ژیانی حزبایەتیدا دروست بوو کە بریتی بوو لە چەوساندنەوەی توندی نەتەوایەتی و قڕکردن و سڕینەوەی ئاسەواری زمان و کەلتوری کوردی لەلایەن دوژمنانی گەلەکەمانەوە، هەربۆیە ئەوکات نەهامەتی و ماڵوێرانی بەتەواوی باڵی بەسەر گەلەکەماندا کێشابوو.
هەڵبەتە لەدەرەنجامی شکستی شۆڕشی ئەیلول و چۆڵکردنی خاکی کوردستان لەلایەن سەرۆک و سەرکردەکانی ئەوکاتی شۆڕشەوە، ئەگەرچی بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی لەپێش ئەو رووداوە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و شۆڕشگێڕیان هەبوو لە شۆڕشی ئەیلولدا، بەڵام لەوکاتەدا بەهۆکاری تاکڕەوی و قۆرخکارییەوە سەرکردەکانی یەکێتی لە دەسەڵاتدا نەبوون و گۆڕەپانی سیاسی بەدەست سەرکردە تاکڕەوەکانەوە بوو، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو کە شۆڕشی ئەیلول لەسەردەستی کۆمەڵێک سەرکردەی تاکڕەو شکستی هێنا، ئیتر شتێک نەما بەناوی شۆڕشەوە.
جێی ئاماژەپێدانە ئا لەوکاتەدا یەکێتی پڵنگ ئاسا هەرزوو شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی مێژوویی و لەسەر دەستی حەوت سەرکردە کە مام جەلال رێبەرایەتی دەکرد لەساڵی 1975 دامەزرا و بۆ ساڵی دواتریش، چەخماخەی بڵێسەی شۆڕشی نوێ هەڵگیرسا.
لەو ساتەوەختەوە هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکاندا یەکێتی سەرمەشق و براوەی گشت قۆناغەکان بووە، هەرئەمەش وایکردوە جێی باوەڕ و ئومێدی خەڵکی کوردستان بێت، هەڵبەتە وەک هەمووان دەزانین یەکێتی هەوراز و نشێوی زۆر بڕیووە و داستانی زۆر گەورە و مێژوویی تۆمارکردووە ئەمە سەرەڕای پیلانی زۆر و هەوڵی نەزۆکانەی زۆر کەس و لایەنی تێپەڕاندووە چ لە ئاستی نێوخۆی و چ لە ئاستی دەرکی، بەڵام یەکێتی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێتە جێی باوەڕ و ئیرادەی خەڵک و باوەڕیان بەرامبەر یەکتر پتەوتر دەبێت.