ئەوان و درۆی دەستکرد

10:44 - 2024-10-15
نەرمین عوسمان محەمەد
109 خوێندراوەتەوە

سیاسەت هونەری مومکینە و لە هەموو جیهاندا باوە کە کاتی هەڵبژاردنەکان لەپێناوی بانگەشەدا، چەند شێوازێکی رکابەری لە نێوان لایەنەکاندا دەکرێت، دەکرێت ئەمانە هەمووی ئاسایی بن، بەڵام ئەوەی کە نائاساییە و بە دیاردەیەکی ناشیرینی هەڵبژاردن هەژمار دەکرێت ئەوەیە کە لایەنێک باش بزانێت کە چاودێریکردنی بانگەشەکە و داڕشتنی یاساکانی هەڵبژاردن ئەمجارە تەواو جیاواز دەبێت و لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە و لە چوارچێوەی عیراقدایە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم زانیاریانەشدا ئەم لایەنە هەستێت لەسەر ئاستێکی باڵای نێو حزبەکەی بە دروستکردنی ڤیدیۆیەکی ژیری دەستکرد بە قەبارەیەکی بچووک و  ئاستێکی نزم کە هەر کەسێک خاوەنی زانیاریەکی زۆر سنوورداریش بێت لە بواری ژیری دەستکرددا دەزانێت کە ئەم  ڤیدیۆ دەنگییە بە بەرنامەیەکی زۆر سادەی ئەو بوارە دروستکراوە کە هەر لەگەڵ نمایشکردنی ڤیدیۆکەدا، یەکسەر چەند گەنجێکی بە توانای شاری سلێمانی لە بواری ژیری دەستکرددا کۆی لایەنەکانی ئەم موفاجەئە ناشیرینەیان خستەڕوو کە زۆر دڵنیام ئەم خستنەڕووە لەلای پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرگیز ئاسایی نەبووە، چونکە ئەوان لە مێژە ئاگاداری دۆخی سلێمانی نین و نایانەوێت بزانن کە گەنجەکانی ئەم شارە و گەنجانی گەرمیانیش لە گەڵیاندا تا چەند پێشکەوتوون لە گشت بوارەکاندا و لەبواری ژیری دەستکرددا بە تایبەتی.
دەکرێت ئەمانە هەمووی باس کرابێت لەسەر ئەو ڤیدیۆ و موفاجەئە ناماقووڵەی بانگەشە و هەڵبژاردن، بەڵام ئەوەی نەوتراوە ئەوەیە کە ئەم کارە بە تاوانی ناو زڕاندن هەژمار دەکرێت لەڕووی یاساییەوە، چونکە لایەنی بکەر، زانراوە و بەڵگەی ماددیشی لەسەرە و بەڵگەی هونەری بۆ سەلماندنی درۆبوونی ئەم بابەبەتە هەیە، دواتر روونکردنەوەی تاوانکاری ئەم بڵاوکردنەوەیە هەیە و دواجار لەبەر هەموو ئەو هۆکارە یاساییانە دەکرێت سکاڵا لای دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمار بکرێت، بەو پێیەی کە لە عیراقەوە چاودێریی بانگەشە و هەڵبژاردنەکان دەکرێت.
 دەبێت سزای یاسایی هەبێت لەسەر ناو زڕاندن و خراپکردنی سومعەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەخالەت کردنی تایبەتمەندێتی لایەنێک کە هەموو ئەمانە دەکرێت بە پێی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە111ی ساڵی 1969 و بەپێی مادەی 433 ی ئەم یاسایە، ئەو لایەنە سزا بدرێت تاوەکو نەتوانن دەست بۆ شکۆی سەرکردەکانمان بەرن، چونکە نەیانتوانیوە کاریگەرییان هەبێت لەسەر خۆشەویستی جەماوەر بۆ سەرۆکی ی.ن.ک.  

وتارەکانی نوسەر