جینۆساید و ڤێستیڤاڵی ئەدەبی

10:23 - 2025-01-05
تەها سلێمان
116 خوێندراوەتەوە

جێگای خۆشحاڵی نییە کە کورد و کوردستان؛ خاوەنی زۆرترین تاوانەکانی جینۆسایدە لەهەر چوار پارچەکەی و دەتوانین بڵێین هیچ گەل و نەتەوەیەکی تری ناوچەکە هاوشێوەی کورد و کوردستان نەکەوتوونە بەردەم پەلاماری تاوانی جینۆساید، نەک تەنیا لەڕووی مرۆیی بەڵکو خاک و ژینگە و کەلتور و تەواوی سێکتەرە کۆمەڵایەتییەکانیشی لەگەڵدا. 
پرسیارێک کە پێشووتر و ئێستا و داهاتووش؛ راستی و رەوایەتی تێدایە ئەوەیە: ئایا ئێمەی کورد بەدیار یادکردنەوەی وێستگەکانی تاوانەکەوە دانیشتووین و دۆشداماوین یان نەخێر بەردەوام کاری جددی و لێبڕاوانەمان ئەوە بووە چۆن لە چوارچێوەی دانیشتن و دۆشدامان و گریان دەربچین و تەواوی سێکتەر و کاریگەرییەکانی تاوانەکان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و نووسین بەگشتی و تەواوی ژانرەکانی ئەدەب و هونەر، بکەینە کەرەستەی لێکۆڵینەوە و داهێنان، لەپێناوی دەرکردنی تاوانەکە لە جوغزی لۆکاڵییەوە بۆسەر سەکۆی نێودەوڵەتی؟.
لە دهۆکەوە تا هەڵەبجە و کەلار، پچڕپچڕ کۆنگرە و کۆنفرانسی تایبەت بە تاوانەکانی (جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال) کراون، مرۆڤ ناتوانێ بڵێت هەموو ئەوانەی کراون هیچ نەبوون، بەڵکو لە سادەترین پێناسەدا دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک هەوڵی خەمخۆرانە و کوردانە بوون، بەڵام حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە هیچ کام لەو کۆنگرە و کۆنفرانسانە لە ئاستی پێویست نەبوون، خۆ ئەگەر قسەیەک یان پێشنیاز و بیرۆکەیەکی باشیش تیایاندا خرابێتەڕوو، ئەوە هەر زوو مردار کراوەتەوە!
 کارێک کە لە کۆتایی مانگی 11ی 2024 (شوێن شارۆچکەی ڕزگاری-گەرمیان) کە سەرنجی منی ڕاکێشا، یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید (یەکەمین ڤێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید)ی لە خەیاڵەوە کردە واقیع و ئەنجامیدا و سەرباری تێبینیەکان دروشمی کارەکەیان ( وشە وەک شاهیدحاڵی جینۆسایدەکان) بوو، کە پێشووتر کۆنگرە و کۆنفرانس هەبوو تایبەت بە جینۆساید، شیعر و چیرۆکیان تێدا خۆێنراوەتەوە، بەڵام وەک ئەم کارە تایبەت بە ئەدەب نەکراوە و وەک هەنگاوی یەکەم هەقی نرخاندنی ئەرێنییە. 
یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید هەنگاوە کردارییەکەیان نا، دەمێنێتەوە بە سینگێکی فراوانەوە لێمان وەربگرن، ساڵی داهاتوو ڤێستیڤاڵی دووەم بکەنە (دووەمین ڤێستیڤاڵی ئەدەبی و هونەری جینۆساید)، ئەوکاتە دەتوانن لە جیاتی تەنیا (وتار و شیعر و چیرۆک)، (لێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبی و هونەری، شیعر و چیرۆک، فیلمی سینەمایی) جێبکەنەوە و باوەڕیشمان وایە هەنگاوێکی تری کرداری لە ئامانجەکە نزیک دەبنەوە و بڕواش ناکەم کارێکی وا قورس بێت و نەتوانرێت جێبەجێبکرێت.

وتارەکانی نوسەر