باج لەسەر کرێکارانی بیانی

10:05 - 2025-01-06
نەرمین عوسمان محەمەد
119 خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان محەمەد


لەم ساڵانەی دواییدا دەستی کاری بیانی بووەتە یەکێک لە پێداویستییە گرنگ و بەهێزەکانی کۆمەڵگەی کوردی و یەکێکە لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا وەک نەخۆشی، چاودێریی مۆڵە گەورەکان و خاوێن راگرتنیان، لە ساڵانی سەرەتادا هاتنیان بەلای کۆمەڵگەی کوردییەوە نامۆ بوو، بەڵام ئێستا بووە بە پێداویستییەکی حەتمی و کاریگەر.
بێگومان هێنان و بە گەڕخستنی ئەم هێزە وەک هەر بابەتێکی دیکە پێویستی بە هەندێک ئیتیکی تایبەت و رێکاری یاسایی خۆی هەیە، کە پێویستە لەلایەن سەرپەرشتیاران و رێکخەرانییەوە رەچاو بکرێت، لەوانەش یاساکانی ڤیزا، پەیماننامەی کار و باج، لە ساڵی 2021 دا باجی سەر ڤیزای هەر کرێکارێکی بیانی کرا بە یەک ملیۆن و 175 هەزار دینار بە ناونیشانی ڤیزای سەردان و تائێستا هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە، هاوکات رسوماتی دەرهێنانی مۆڵەتی کار بۆ هەر یەکێک لەو کرێکارانە 500 هەزار دینار و دواتر ساڵانە 100 هەزار دینار کە پێویستە کۆمپانیاکانی هێنانی ئەو دەستی کارە بیدات، ئەم باجانە بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانی ئەگەر بە وردی لێی بکۆڵینەوە، چۆن؟
رێژەی ئەو کرێکار و کارمەندە بیانییانەی بە رەسمی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و بەشێوەی یاسایی هێنراونەتە هەرێم، دەگاتە 8000 کەس، بەم شێوەیە لە هەرێم کاردەکەن، 40 % خزمەتی نەخۆش، 40 % کەرتی پەروەردە و چاودێریکردنی منداڵان، رێژەی 20 % یان لە راپەڕاندنی کاروباری ناوماڵدا کار دەکەن، ئەمە بۆمان رووندەکاتەوە لە کارکەوتنی ئەم هێزانە و دابڕاندنیان لە ئەرکەکانیان چ جۆرە فشارێکی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگە و ئەو خێزان و شوێنە گشتییانە دروست دەکات کە پشت بەم کارمەندانە دەبەستن.
دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بەم بابەتە ئەوەیە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانی رایگەیاند: ئەگەر بابەتی باج و رسوماتەکانی سەر هێنانی کارمەندانی بیانی پێداچوونەوەی بۆ نەکرێت لەناو هەرێمدا، ئەوا بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی لەلایەن ئەو خێزانانەوە لە سەریانە کە ئەو کارمەندانە کاریان بۆ دەکەن، روو دەکەنە دادگای فیدراڵی بە مەبەستی چاو پیاخشاندنەوە بە یاساکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کارمەندانی بیانیدا لە هەرێم.
بە هۆکاری ئەوەی ئەو خێزانانە بە کۆمەکی نێوان دووسێ ئەندامیان دەتوانن کرێ و تێچووی بەشێک لە باجەکانی هەر کامەندێک کە لەگەڵیاندا کار دەکات بیدەن، کەواتە دەتوانین بڵێین لەپێناو پاراستنی هێزی کارێک کە پاڵپشتێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگەکەمان، دەکرێت لایەنی بەرپرس پێداچوونەوە بە یاساکانی باج و رسوماتی سەر مامەڵەی کارمەندانی بیانیدا بکات بە ئامانجی کەمکردنەوەیان.   

وتارەکانی نوسەر