بۆ لە بەرەی راستكردنەوەی حكومڕانیی دەمێنینەوە؟!

11:10 - 2025-01-06
دڵزار حەسەن
155 خوێندراوەتەوە

دڵزار حەسەن/ هەولێر


پێشگوتار
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای هەڵبژاردنی 19/5/1992 ئەوە دووەم هەڵبژاردنە، كە لە 20/ 10/ 2024 ئەنجامی دەدات. واتا یەكێتیی راستەقینە، لە مێژووی حكومڕانیی هەرێمی كوردستاندا تەنها دوو هەڵبژاردنی وەك یەكێتیی، وەك بوونێكی راستەقینە بەڕێوەبردووە. هیچ یەكێك لەو هەڵبژاردنانەی پێشوو ناتوانین بڵێین هی یەكێتیی نەبووە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی ورد و لۆژیكی دیسپلینیی، رێكخراوەیی و حزبییانە خوێندنەوەی بۆ بكەین، جگە لەو دوو هەڵبژاردنە ئەوانی دیكە تەعبیری لە یەكێتیی وەك یەكێتیی راستەقینە نەكردووە. ئەو راستییە هەموو لایەك دەیزانێت و هۆكارەكەشی لای هەموومان ئاشكرایە، بەڵام لێرەدا وەك بیرهێنانەوەیەك بە داتا ئاماژەی پێدەدەم، كە چۆن یەكێتیی ئەوە دووەم هەڵبژاردنە بەشداریدەكات.

 

خەریكە هەمووشتێكی نیشتمان دەدرێت بە كەرتی تایبەت، كەرتی تایبەیتیش هی بەرپرسەكانە، ناكرێت تۆ لە حكومەت و دەسەڵات بیت و لەملاوەش بازرگانی بە گیرفانی خەڵك بكەیت، دەبێ ئەو دۆخە تێپەڕێنین

هەڵبژاردنی خولی دووەم
لە دوای شەڕی ناوخۆ و ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتیی و واژووكردنی رێكەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان، لە 30 كانوونی دووەمی ساڵی 2005 خوولی دووەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. ئەمەش یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی بوو، كە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە كوردستان و عیراق ئەنجام بدرێت. لەو پرۆسەیەدا دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە یەككاتدا دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی 3 ئەنجوومەنی جیادا ئەوانیش: ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان – عیراق. كە لە سنووری پارێزگاكانی(سلێمانی، هەولێر، دهۆك ) بێ دەنگی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان (كەركوك، نەینەوا، دیالی) ئەنجامدرا، بە هۆكاری ئەوەی چارەنووسیان بۆ سەر هەرێم یەكلایی نەكرابۆوە، رێگەیان پێنەدرا دەنگ بە پەرلەمانی كوردستان بدەن. هاوكات لەگەڵ ئەوەش، دەنگیان بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش دا. لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 105 كورسییەوە كرا بە 111 كورسی. بە سیستەمی(نوێنەرایەتی رێژەیی) تیادا(1753919) ملیۆنێك و حەفت سەد وپەنجا و سێ هەزار و نۆسەد و نۆزدە كەس، لە كورد و توركمان و كلدوئاشووری و ئێزیدی لە سنووری پارێزگاكانی(هەولێر و سلێمانیی و دهۆك) بەشدارییان تێداكرد. لە كۆی(13) لیستی ركابەر،(3) لیست توانییان بگەنە پەرلەمانی كوردستان. لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان – پارتی و یەكێتیی وەك دوو هاوپەیمان/ 104 كورسی) لیستی(كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان – عیراق/ 6 كورسی) لیستی(زەحمەتكێشانی كوردستان و سەربەخۆكان/ 1 كورسی) یان مسۆگەر كرد.

یەکەم پرۆسەی دەنگدانی هەرێمی کوردستان 1992

هەڵەی یەكێتیی لەو قۆناغەدا
دوای رووخانی رژێمی بەعس دۆخی هەرێمی كوردستانیش گۆڕا، نێوان یەكێتیی و پارتیش زۆر باشبوو. توانیان زۆر شت بە یەكەوە بكەن، هەرچەندە سەركردایەتیی سیاسیی ئەوكاتەی یەكێتیی، تێبینییان لەسەر نزیكبوونەوە لە پارتی هەبوو، بەڵام رەوانشاد مام جەلال و مەسعود بەرزانی ئاشتەوایی ماڵی كوردیان لە هەمووشتێك پێباشتربووە، كە دواجار رێكەوتنی ستراتیژی نێوانیانی لێبەرهەم هات. هەڵەی یەكێتیی لەو رێكەوتنە ستراتیژییە دوو شت بوو، نەدەبوو بە یەك لیست لەگەڵ پارتی بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكات، هەڵەی دووەم دەبوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و ناوەندی راگەیاندن بهێنێتەوە شاری هەولێر، چونكە قورسایی سیاسییەكە لەسەر هەولێر بوو نەك سلێمانی. هەرچەندە دۆخی پارتی لەو قۆناغەدا گەلەك لە یەكێتیی باشتر بوو، بەڵام دەكرا یەكێتیش بە ئەندازەی رووداوەكان خوێندنەوەی وردی بۆ هاوكێشەكان هەبووایە. بەتایبەتی ئەجێندای پارتی دیار بوو، كە تەنها و تەنها تەركیزی لەسەر گەیشتن بە دەسەڵات و جومگە سەرەكییەكانی حكومڕانییەتی بوو، چونكە پارتی دوای وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمان لە 1992، ئیدی تێگەیشت پەرلەمان هیچ نییە، ئەوەی گرنگە وەرگرتنی سەرۆكی حكومەت و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتە، بۆیە هەموو هەوڵێكی ئەوەبوو لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.
 
سەرەتای كێشەكان
پێش‌4/6/2009، كه‌ رۆژی كۆتایی هاتنی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بوو، عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له ‌نامه‌یه‌كدا، كه‌ رۆژی 5/1/2009 ده‌رچوێنراوه‌و ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، تیایدا پێشنیازی رۆژی 19/5/2009ی كردبوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌و رۆژه‌شی بۆئه‌وه‌ گه‌ڕاندبۆوه،‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ كوردستان له‌ 19/5/1992 ئه‌نجامدراوه‌.
له‌ نووسراوێكی تریشدا كه ‌ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقی كردووه‌و مێژووی 26/3/2009 ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خولی دووه‌م، جارێكی تر ته‌ئكیدی له‌سه‌ر رۆژی 19/5 كردۆته‌وه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردنی تیا ئه‌نجام بدرێت، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ‌نووسراوه‌كه‌دا داوای له‌ كۆمسیۆن كردووه‌ بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن ته‌نسیق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. دوای تاوتوێكردنی ئه‌و پێشنیازه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له‌ عیراقدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ‌نامه‌یەكدا، كه‌ مێژووی 11/4/2009 ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كردووه‌، تیایدا ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه كه‌ له‌به‌ر ته‌رخان نه‌كردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ كۆمسیۆنی باڵا له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵ و نه‌بوونی پلانی دارایی روون و توانای ته‌كنیكی پێویست كۆمسیۆن ناتوانێت له ‌رۆژی 19/5/2009 هەڵبژاردن ئه‌نجام بدات. دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق رۆژی 2/5/2009 سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان ئاگادار كرده‌وه،‌ كه‌ له ‌20/7/2009 به‌دواوه‌ ئاماده‌ن هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ببه‌ن. ئه‌وه‌بوو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ‌رۆژی 5/5/2009 له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ 9ی خولی دووه‌می ساڵی چواره‌می له‌ خولی دوومی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بوو، له‌ وتارێكدا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی 25/7/2009 ی دیاریكرد وه‌ك رۆژی هەڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هه‌رێمی كوردستان و داواشی كرد هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش راسته‌وخۆ ئه‌نجام بدرێت. له‌هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا 24 لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كرد، بۆ كێبركێ له‌سه‌ر111كورسی و تیایدا 11 لیست توانیان رێژه‌ی یاسایی به‌ده‌ست بێنن و بێنه‌ ناو په‌رله‌مان.
مەسعود بارزانی بە هۆی ئەو رێكەوتنەوە، كە بووە پاڵپشتییەك بۆی بە رێژەی 69.60 % دەنگی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسۆگەر كرد، هەروەها(لیستی كوردستانی) كە پارتی و یەكێتیی نوێنەرایەتییان دەكرد رێژەی 57.37 % دەنگەكانی پەرلەمانی كوردستانیان بەدەستهێنا. بزووتنەوەی گۆڕان، كە لەهەناوی یەكێتیی جیاببۆوە رێژەی 23.72 % كورسییەكانی بردەوە.لەم قۆناغەدا گرفتی یەكێتیی چەند شتێك بوو، نەدەبوو درێژە بە مانەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدا، ئەوە پۆستێكی تەشریفاتی خراپ بوو، بارقورسی بوو بەسەر دەسەڵاتداریەتی هەرێمەوە و ئێستاش نازانین چۆن لێی دەرچین و ئەو پۆستە نەهێڵین، باشترین شتێكیش بۆ نەهێشتنی ئەو پۆستە لە خولی شەش دا، دەنگ بە دەستووری هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەوە خۆی زامنی قەوارەی هەرێمە. خاڵی دووەم هیچ پێویستی بەوە نەدەكرد، دوو خول لەسەر یەك وەك هاوپەیمانی پارتی و بەیەك لیست بەشداری پەرلەمانی كوردستان بكات، چونكە پارتی زۆر سوودی لە دۆخی خراپی ناوخۆی یەكێتیی بینیبوو، بوون بە سەرۆك كۆماری عیراقی مام جەلال و دواجار نەخۆشكەوتنی، پارتی گەیاندە لوتكەی دەسەڵات. 
لەو دۆخەدا سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی ببوون بەچەند بەشێكەوە، هەندێکیان بە رۆحی یەکێتیانە کاریان نەدەکرد و ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەبوو. جارێک تیمی حكومی یەكێتیی، لەو كابینەیەدا كە دوو ساڵی وەك سەرۆك وەزیران بەركەوت، هەندێك كاری زۆر نایابی كرد، وەك بیمەی هاوسەرگیری و بیمەی كار و تواناسازی خوێندن، بەڵام نەیتوانی تەرویج بۆ یەكێتیی بكات و ئەوانە بە دەستكەوتی یەكێتیی بناسێنێ.

خولی چوارەم: سەرەتای بە خۆهاتنەوە
به‌ر له‌واده‌ی كۆتاییهاتنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، د. ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له ‌نووسراوێكدا به ‌ژماره‌ 4/3/6298 له‌ رۆژی 5/12/2012 داوایه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان–عیراق كردووه‌ تیایدا داوای دیارییكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستانی كردووه ‌و ده‌قه‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه‌ هاتووه‌:له‌ 7/9/2013 دا په‌رله‌مانى كوردستان ماوه‌ى چوار ساڵى خولى سێیه‌مى هه‌ڵبژاردن ته‌واو ده‌كات، به‌ پێى بڕگه‌ى دووه‌مى یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌(1)ى ساڵى 2005 هه‌مواركراو، پێویسته‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌رسومێكى هه‌رێمى ده‌ربكات بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان پێش ته‌واوبوونى ماوه‌ى یاسایى دیاریكراو، له‌ ماده‌ى ئاماژه‌پێكراو تیایدا ئاگادارى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ تایبه‌تى، كه‌ كۆمسیۆن ماوه‌ى(6) مانگى پێویسته‌ بۆ ئاماده‌كارى.
دواتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌(50) له‌ (18/4/2013) رۆژی 21/9/2013 دیاریكرد وه‌ك كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان – عیراق و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، چونكه‌ خولی سه‌رۆكی هه‌رێمیش له‌هه‌مان واده‌ كۆتای دێت. رۆژی 21/9/2013 پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان به ‌سیستەمی نیمچه‌كراوه‌ به‌رێوه‌چوو، تیایدا(31) لیست به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كردوو سه‌ره‌نجام(17) لیست توانیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن.
پارتی: 38 كورسی، گۆڕان: 24 كورسی، یەكێتیی: 18 كورسی.
هەرچۆنێك بێت، ئەو 18 كورسییەی یەكێتیی، بە شێوەیەك لە شێوەكان دوای جیابوونەوەی گۆڕان و دووجار هاوپەیمانییەتی پارتی، ئەمجارە ئەگەر وەك پێویستیش یەكێتیی راستەقینە نەبووبێت، بەڵام بە سەربەخۆ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی ئیجابی بوو، بۆ جەماوەری یەكێتیی.
 
خولی پێنجەم: نزیكبوونەوەی یەكێتیی لە خۆی
بەپێی ماددەی یەکەم بڕگەی یەکەم لەیاساى ژماره‌(2)ى ساڵى 2017 ى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کودرستان بە مەرسوومی ژمارە1ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاریکرد وەک وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. بەپێی راگەیەنراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارەی 3085461 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ژمارەیە 1845979 هاووڵاتی بەشداری پڕۆسەی دەنگدانیان کردووە، کە رێژەی بەشداری هاووڵاتیان دەکاتە 59 ٪. لەو هەڵبژاردنەدا. 29 لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کردوو، لە ئەنجامدا 16 لیست توانیان کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
پارتی: 45 كورسی، یەكێتیی: 21 كورسی، گۆڕان 12 كورسی.
لەو دۆخەدا پارتی تووشی غرورێكی سەیر بوو، یەكێتیی باش لەو غرورە گەیشتبوو، بەڵام گۆڕان غرورەكەی بۆ گەیاندە سەر، لەملاوە یەكێتیی بەهۆی نەبوونی بە مەعارەزەیەكی بەهێز، نیوەی جەستەی لەناو ئەو غرورەی پارتی سووتاو نیوەكەی دیكەی بەسەلامەتی دەرچوو.
دەتوانین بڵێین: لە سەردەمی د. رێواز وەك سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و راوێژكار و ستافی پەرلەمانی یەكێتیی لە ئاستێكی زۆر باشبوون، بەڵام تیمی ئیداری یەكێتیی لە ناو حكومڕانییەتی هەرێمدا، وەكو پێویست ئەجێندای تەكنۆكراتییانەی یەكێتیی بۆ خەڵك روون نەکردەوە، بۆ ئەمەش هۆكاری خۆیان هەبووە.

خولی شەشەم: یەكێتیی راستەقینە.
پارتی: 39كورسی، یەكێتیی: 23 كورسی
ئەم هەڵبژاردنە شتێكی پێگوتین، لە زاخۆوە تا خانەقین هەر كوردستانە. دەبێت كار بۆ پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی عادیل و شەفاف بكەین و هاوسەنگی رابگریین و ئیرادەی حزبی و شەخسی كۆتایی پێبهێنرێت. بێگومان سەركەوتنی كابینەی(10) تەنها و تەنها لەوەدایە.

یەكێتیی و پارتی وەك دوو كەلتور
ئەم دوو حزبە، هەرچەندە مۆدێلەكەیان جیاوازە، بەڵام ئەگەر فۆرمێكی بنەماڵەییشیان هەبێ دواجار بوونەتە بە بەشێك لە ژیانی ئێمە. ئەوان بەس حزب نیین، سەرچاوەی خۆشیی و نەهامەتی ئێمەشن، بنەمای بیركردنەوە و جیهانبینیمانن. چەندی دووربكەوییەوە، ئینجا لێیانەوە نزیكی. نزیكییەكەشت بە شێوەیەك لە شێوەكان، دووركەوتنەوەیە. سیحری ئەو دوو كەلتورە لەوەدایە، لێمان نابێتەوە.

بۆ ئەوی دیكە هەڵدەبژێرین؟
كاتێك جۆرێك لە هاوبەشی لەنێوان تێگەشتنی خۆت و ئەوی دیكە دروست دەبێ، پێتخۆشە جۆرێك لە پێكەوەیی و كاركردنیش لە نێوانتان دروست ببێت. من باوەڕم بەوە هەیە هەموو گۆڕانێك، كارێك، بە باشی و خراپییەوە دەسەڵات دەیكات، هەڵبەتە دەسەڵات بە هەموو جۆرەكانییەوە. هەر دەسەڵاتە دەتوانێت بە باش، بە خراپ، كۆمەڵگە ئاڕاستە بكات. هەر دەسەڵاتە دەتوانێت وڵاتت بۆ بكات بە بەهەشت و هەر ئەویشە دەتوانێت بۆت بكاتە دۆزەخ، تۆش و منیش لە نێوان هەردوو دەسەڵاتدا ئەوەی یەكەم هەڵدەبژێرین. دیارە لە هیچ شوێنێكی ئەو جیهانەدا، ئەو بەهەشتە بۆ تەواوی مرۆڤەكانیش نادۆزیتەوە. هەرچی هەیە رێژەییە، شتێك نییە بەناوی هەقی موتڵەق، بەڵكو هەمووی رێژەییە. كەس راستی رەها و باشی بێهاوتای لا نییە.

 

ئەم هەڵبژاردنە شتێكی پێگوتین، لە زاخۆوە تا خانەقین هەر كوردستانە. دەبێت كار بۆ پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی عادیل و شەفاف بكەین و هاوسەنگی رابگرین و ئیرادەی حزبی و شەخسی كۆتایی پێبهێنرێت. بێگومان سەركەوتنی كابینەی (10) تەنها و تەنها لەوەدایە

بۆ یەكێتیی
ئێستا دروشم و پرۆژە و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر شەفاف و روونە، بە راشكاوی پێمان دەڵێت: چیتر بەو فۆرمە خۆسەپێنییە بەشداری لە حكومەتی هەرێم ناكەین. ئەمە ئەجێندایەكی زۆر دەقیق و وردە، كە بەرە و ئەو تێگەیشتنەمان دەبات، ئاخۆ بۆچی حكومەتی هەرێم بەرەو ئەو دۆخە رۆیشتووە. بە پێی ئەو داتایانەی لە پێشتردا خستمەڕوو، پارتی دەمێكە كار بۆ ئەو خۆسەپێنییە دەكات. بەشێك هەقی خۆیەتی، چونكە هەموو حزبێك و دەسەڵاتێك هەر بەو تەكنیكە كار دەكات، بەڵام ئەوەی پارتی شتێكی دیكەیە، بەڵكو مەترسیشە. یەكێتیی باش لەو تارماییە گەیشتووە، بۆیە هاوار دەكات: دەیوەستێنین.
باشە كێ رادەگرێت؟ بۆ قبوڵی ئەو خۆسەپێنییە ناكات؟ دیارە لە شەش ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی(نۆ)، كە یەكێتیی بەشداربووی ئەو كابینەیەیە، شێوازێكی دیكەی لە حكومڕانییەتی پەیڕەو كرد، كە برینە ئیدارییەكانی نێوان هەولێر و سلێمانی قووڵتركردەوە. جیاوازی لە ئاوەدانكردنەوە، لەنێوان شارەكاندا دروستكرد یانی بە یەكچاو سەیری شار و ناوچەكانی كوردستانی نەكردووە، كە لە زاخۆوە تا خانەقین بەیەك چاو سەیریان بكات و پرۆژە و پارەیان بۆ تەرخانكرابێت. لێرەدا داوایەك لە بەشی پرۆژەكانی كابینەی(نۆ)دەكەم، لەم شەش ساڵەدا هەرچی پرۆژەیەك كە حكومەتی هەرێم، یاخود حكومەت لەگەڵ كەرتی تایبەت یان كەرتی تایبەت لەگەڵ حكومەتدا ئەنجامی دابێ بیخاتە بەر دەستی خەڵك، تا بزاندرێت رێژەی پرۆژەكان چەندە و چەندی هی حكومەتە و چەندی هی كەرتی تایبەتە. ئاخۆ چەندی بۆ شاری هەولێر و دهۆك و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران تەرخانكراوە. چەندیش بۆ شاری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیداری گەرمیان و ڕاپەڕین جێبەجێكراوە. چەندێك لەو پرۆژانە تەنها بەردی بناغەیە و چەندی بودجەی بۆ تەرخانكراوە و بودجەكەی چەندی تەنها ژمارەیە و چەندی سیولە و كاشە!؟ بێگومان لە حكومەتی شەفافدا، هەموو تاكێك مافی خۆیەتی ئەوەبزانێ. نیگەرانی یەكێتیی جگە لەوە، عاجزە لە مامەڵەی ئەمنیی و پۆلیسیانەی حكومڕانییەتی لە ناو دامەزراوەكانی هەرێمدا. ئاراستەكردنی رەوشی گوزەرانی خەڵكە بەرەو زیادكردنی باج و قورسكردنی ژیانیان. حكومەت لێرە بۆتە فەرمانبەری حزب، دەبێ ئەوە نەمێنێت و حكومەت هی خەڵك بێت. خەریكە هەمووشتێكی نیشتمان دەدرێت بە كەرتی تایبەت. كەرتی تایبەیتیش هی بەرپرسەكانە، ناكرێت تۆ لە حكومەت و دەسەڵات بیت و لەملاوەش بازرگانی بە گیرفانی خەڵك بكەیت، دەبێ ئەو دۆخە تێپەڕێنین.

بۆ لەبەرەی راستكردنەوەی حكومڕانییەت دەمێنینەوە؟
دوای هەڵبژاردنی 2018 یەكێك بووم لەوانەی داوام لە پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، تۆ كە خاوەنی 45 كورسی و بە 11 كۆتاكانیش دەتوانی بە بێ یەكێتیی و ئەوانی دیكە حكومەت پێكبهێنی. ئەوە بۆ چوونی من بوو لەسەر ئەو بنەمایەی با تاكحزبیش تاقیبكەینەوە و بزانین تاكە حزبی براوەی هەڵبژاردن چمان بۆ دەكات! بە قەناعەتەوە ئەوەم باسكردووە، پێشموابووە ئەوكاتە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا و لەم چوار ساڵەدا چاودێرێكی باشی حكومەت بێ، بەڵام دۆخەكە گۆڕا و پارتی و یەكێتیی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكە، كابینەی نۆیان دامەزراند، بەڕاستی لەو كابینەیەدا ئەوەی بەلای منەوە جێگەی نیگەرانی بوو، ئەوەی لەم شەش ساڵە بینیمان، ئیدارەدانی حكومەتێكی هاوبەش نەبوو، بەڵكو ئیدارەیەكی تاكحزبیی و تاكجەمسەری بوو. بە ئاراستەی دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی هەنگاوی دەنا. ئەوكات تێگەیشتم كورد بەكەڵكی برا گەورایەتی نایەت، هێشتا ئەقڵییەتی دیوەخانی تێنەپەڕاندووە. كاتێك تۆ دەیكەی بە برا گەورە، ئیدی لەخۆی دەردەچێ و هەرچی هەیە بۆ خۆی دەبات. ئەوە دیاردەیەكی ناشیرینی كۆمەڵایەتی ناو بەشێك لە خێزانی ئێمەیە، كە بەداخەوە پەڕیوەتە نێو سیاسەت و كاری حزبی و حكومەتەوە. لەناو خێزان یەكێك دەبێ بە برا گەورە دەبینی غەدر لە خوشكەكەی یان برا بچووكەكانی دەكات! ئەو دەسەڵاتەش هەروایكردووە، شارێك و ناوچەیەك چراخانە و شار و ناوچەكانی دیكەش تاریكستانن. لەسەر بنەمای دوو زۆنی جیاواز كاری دەكرد، هەرچەندە زۆر رقم لە بەكارهێنانی زۆنی زەرد و سەوزە تا ئەوەش تێنەپەڕێنین، ناتوانین نیشتمانێكی ئارام و وڵاتێكی ئاوەدانی بێ جیاوازیمان هەبێت.
پێویستە لەوە بگەین، كە ئێمە لەسەر ئەم خاكە پێكەوەین، چارەنووسمان یەكە، كوردستان هی هەموومانە. خۆشمان دەوێ، بەس نیگەرانین لە ئیدارەدانی ئەو هەرێمە. وڵات دەبێت بێ جیاوازی هی هەموومان بێت. دەبێت تاكێكی هەڵەبجەیی و گەرمیانیی و سۆران و زاخۆ هەست بەوە بكات، ئەو حكومەتە هی ئەوە.

پەرلەمانی کوردستان

وتارەکانی نوسەر