دیاردەی پرشنگدار

09:56 - 2025-01-12
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
80 خوێندراوەتەوە

-38- 

ئەمڕۆ یادی 33 ساڵەی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) یە، وێڕای پیرۆزبایی گەرم و هیوای بەردەوامی، خۆشحاڵم بەم تەمەنەی رۆژنامەکە. لە سەرێکی دیکەشەوە مایەی شانازی و خۆشحاڵییە کە هاوکار بووم تێیدا و بێجگە لەم گۆشە هەفتانەیەی لە ساڵی 2024ەوە دەستم پێکردووە، بۆئەوەی بتوانم خەمی دڵی خەڵکی تێدا بخەمەڕوو، رۆژنامەکەش سەرپشکی کردووم لە نووسینی هەر بابەتێک.
هەروەها مایەی شانازیشە هەر لێرەوە کۆمەڵە بابەتێکم بڵاوکردووەتەوە و دواتر بوون بە کتێب، لە نێوانیاندا (کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا-وەرگیراوە لە ئینگلیزییەوە، ناسیۆنالیزمی کوردی لە روانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە - وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە کە بە دوو بەرگی هەزار لاپەڕەیی چاپ و بڵاوکرایەوە، جینۆسایدی ئەرمەن و رۆڵی کورد تێیدا لێکۆڵینەوە و دواتر بوو بە کتێب، لە گەرمیانەوە بۆ کوێستان کۆمەڵە بابەتێکی نووسین و وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، کۆمەڵێک بابەت و نووسینی دیکە لە میانەی چەندین ساڵدا.
راستییەکەی وەک کورد دەڵێت: نان بەڕووی خاوەن ماڵەوە دەخورێت. بەینی من و برادەرانی سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە و ستافەکانی دیکەی لەم چەشنە بووە، بە درێژایی ساڵانی هاوکاری و هاتوچۆکردنم بۆلایان، هەر لە رەوانشادان مامۆستا مەحمودی مەلا عیززەت و مامۆستا محەمەد نوری تۆفیق تا دەگاتە ئازیزان ستران عەبدوڵڵا و محەمەد کەریم و د.عەدالەت عەبدوڵڵا.
لە ناخمدا هەستم کردووە کە ئەم رۆژنامەیە هی خۆمە و چی دەنووسم کەس رێگریم لێناکات، کە هەندێکیشیان پێچەوانەی راوبۆچوونی(ی.ن.ك)یش بووە کە خاوەنی رۆژنامەکەیە.
سەردەمی سەرنووسەریی کاك ستران عەبدوڵڵا بۆ من زێڕین بوو، فرەجار هەفتەی جارێک دۆسێیەکی چوار لاپەڕەییان بۆ بڵاودەکردمەوە لەو بابەتانەی کە باسم کردن و دواتربوون بە کتێب.
بابەتەکانی(جینۆسایدی خەڵکانی رەسەنی ئەمریکا یان هندییە سورەکان)کە بە نیازم لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپی بکەم، یادی بەخێر سترانی برام کە سەرباری ئەوەی ئەو هەموو بابەتە درێژانەی بۆ بڵاودەکردمەوە، هەمیشە بۆڵەم بەسەردا دەکرد و بەردەوام ناکۆک بووین. کاتێک د.عەدالەت عەبدوڵڵا ئەرکی سەرنووسەری پێ سپێردرا رووی لێنام گۆشەیەکی هەفتانەم هەبێت و منیش ناوم نا(دیاردە دزێوەکان)و لەو دەمەوە هەرچی دەنووسم هەموو راوبۆچوونێکم وەک خۆی بڵاودەکرێتەوە، ئەگەرچی کەمێکیش دەست دادەگرم و هەندێک لە داخی دڵی خەڵک دەخەمەڕوو، کە بێگومان ئەم دۆخەی تێیکەوتووین پڕە لە دیاردەی دزێو.

وتارەکانی نوسەر