دیاردە دزێوەکان

دەعوەت و دەعوەتکاری

09:53 - 2025-01-19
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
80 خوێندراوەتەوە

-39- 

هیچ کەسێک لە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، نێر و مێ، خۆی پێناگیرێت ئەگەر رۆژی 100 جار تەماشای مۆبایلەکەی نەکات و بە دوای هەواڵە جۆراوجۆرەکانی سۆشیاڵ میدیادا نەگەڕێت کە زۆریان درۆ و پووچیشن. هەندێک تەواو ئالوودەی بوون، بەشێکی بەرچاوی ئەم هەواڵانە مەسەلەی زۆر شەخسی و تایبەتیی ژیانی خەڵکن و بە هەر مەبەستێک بێت دەیکەنە هەواڵێکی بێ زەوق و بێتام و دەیخەنە فەیسبووک و ئینستاگرامەوە و تا رادەی نەخۆشیی دەروونی خۆیانی پێوە بادەدەن. یەک لە بێتامترینی ئەو هەواڵانە، مەسەلەی نمایشکردنی خواردن و دەعوەت و دەعوەتکاریی تاک و خێزان و پێڕی برادەرانە. خێزانێک دەعوەت دەکات و مەنجەڵە یاپراخی پڕ لە گۆشت و دووگی چەوری سەر سفرە و خوانی نمایشکردووە و هەزار کەس بۆی دەنووسێت نۆشی گیانتان بێت.
ئاغایەک و سەرۆک خێڵێک و تازە پیاکەوتوویەکی ئەم چەرخ و زەمانە دەعوەتێکی شاهانە لە باخەکەی یان ماڵە رازاوەکەیدا دەکات و وێنەی خوانی رازاوە و میوانانی بانگهێشتکراو واڵەکەی فەیسبووکی پڕ دەکات و بە خەروار شاباشی بە سەردا دەبارێت، چەشنی: خوا بەرەکەت بخاتە ماڵیەوە و ئەمشەو لە باخەکەی خۆیدا کۆیکردینەوە، خواردەیە و پیاوەتی هەر لە خۆی دێت و چەندین قسەی ئاست نزمی لەم بابەتە. هەندێکیش هەر بەوەوە ناوەستن و وێنە و ڤیدیۆی شایی و تلیلانی دوای دەعوەتەکەیان بۆ هەموو دنیا نمایش دەکەن بە (لایڤ میوزیکیشەوە) و دەڵێن خراپتریش. برا کەس لاریی لەوە نییە تۆ لە باخ و ماڵی خۆتدا چی دەکەیت، خۆ کەسیش لێت ناپرسێت ئەمەت لەکوێ بوو؟ تۆ هەتە و خۆتی پێوە بادەدەیت و سەری زمان و بنی زمانت قەل و قاز و نازانم چییە، ئاخر خەڵکێکی زۆری وڵاتەکەت نییەتی و بە مووچە و داهاتێکی کەمەوە هەر رادەکات و فریای هیچ ناکەوێت، بە سکێک تێر و بە سەد برسییە.
ئەی لە تەلەفزیۆنەکەتەوە نابینی زۆرێک لە خانەنشینان و مووچەخۆر و کاسبکاری ئاسایی، نەک کاسپییەکەی تۆ، لە چ حاڵێکدان؟ کە تۆ بۆ خۆت دەخۆیت، ئەمەت لە پای چی؟ لە کاتێکدا تۆ و میوانە ئەربابەکانت نەک هەر لەسەر ئەو خوانە چەورە تێر دەخۆن، بەڵکو ئەوەی لێتان دەمێنێتەوە لە دەعوەتێکدا و فڕێی دەدەنە بەرمیلی زبڵەکەتانەوە دڵنیام بەشی 10  ماڵی هەژار و برسی دەکات، لە کۆمەڵگەیەکدا کە پڕە لە ئاوارە و هەژار و بێکار و سواڵکەر و ماڵوێران. ئاخۆ دەزانی هەر لە وڵاتەکەی تۆدا دەیان هەزار دەرچووی زانکۆ هەن و ئیشی کرێکاریشیان دەست ناکەوێ؟ لە خۆتت پرسیوە چەندین هەزار ژنی بێ هاوسەر و منداڵی بێباوک و کەمئەندام و کێ و کێ هەیە و زووخاوی دەردی هەژاریی و بێکاریی و بێدەرەتانیی خۆیان دەخۆن و کەسیش هیچ لایەکیان لێناکاتەوە و تۆش ئاوا تەخشان و پەخشانی دەکەیت؟ ئاخۆ دەزانیت لە کاتێکدا کە تۆ لەپاش تێرخواردن نیوەی خواردنی سەر سفرەکەت دەکەیتە بەرمیلی خۆڵەوە، ئەو کرێکارە پیرە هەژارەش کە لە ماڵ و باخەکەتی دووردەخاتەوە چاوەزەردێی دوو مانگ جارێکە بۆ مووچەیەکی کەم؟ تۆ کە خۆشت بە مرۆڤ دەزانی، ئاگات لێیە لەم چەرخ و زەمانەی ئێستاشماندا لەم سەر زەوییە ملیۆنان مرۆڤی وەک تۆ لە ئاسیا و ئەفریقا و شوێنانی دیکەدا لەبرساندا دەمرن؟! تەنها داواکاریی لە تۆ ئەوەیە، ئەو تەعامەی لە ماڵ و دیوەخان و باخی خۆتدا دەیخۆیت بۆ خەڵکی نمایش مەکە.

وتارەکانی نوسەر