پرۆفیسۆری یەکەم د.جەزا تۆفیق تالیب *
لە دوای کەوتنی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە 7/12/2024 و دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لەم رووداوە مێژوییەو لە رۆژانی 8-10ی کانونی یەکەمی 2024دا، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و دەستوبردانە، سوپای ئیسرائیل بە هەموو بەشەکانییەوە هێرشێکی ماوەدرێژی چل و هەشت کاتژمێری کردەسەر سوریا، ئەم هێرشە لە رووی ماوە و جۆری چەک و تەکنیکی پێکان و شوێنی بۆردومانەوە، لە مێژووی هێرش و پرۆسەکانی سوپای ئیسرائیلدا بێوێنە بووە، ناوی پرۆسەکەشیان ناوناوە (تیری باشان).
پرۆسەی تیری باشان
ئیسرائیل ئەم پرۆسە گەورە و گرنگەی بە ناوی (تیری باشان)ەوە نا، نازناوەکەش ناوێکی سومبولی تەوراتییە، بە گوێرەی تەورات هەرێم یان ناوچەی باشان دەکەوێتە باشوور و رۆژئاوای سوریا و ناوچەی بانی جۆلان، لەبەر ئەوەش سەرەتای پرۆسە سەربازییەکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە دەستیپێکرد، تاوەکو هاوشێوەی تێکستە تەوراتییەکە لە ئیسرائیلەوە هێرش بکرێت و خاکی باشان کە ئێستا باشوور و رۆژئاوای سوریایە تێکبشکێنرێت و نەبێت بە مەترسی بۆ سەرخاکی ئیسرائیل.
رۆڵی هەواڵگری جوگرافی
لە بواری هەواڵگری و جوگرافیای سەربازیدا، پسپۆڕانی هەواڵگری بە بەردەوامی کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری سەربازیی و هەواڵگری لەسەر لایەنی نەیار و بەرامبەر دەکەن، و لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا زانیاری سەربازی لەسەر شوێن و پێگەی سەربازگەو فڕۆکەخانە و عەمباری چەك و تەقەمەنی و پێگە ستراتیژییەکانی لایەنی بەرانبەر کۆدەکەنەوە و لە کاتی پێویستیدا سوود لەم زانیاریانە وەردەگرن، ئیسرائیلیش لە بواری کۆکردنەوەی هەواڵگری جوگرافیدا کارامە بووە و لە ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵی رابردووی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەددا بە وردی دابەشبوونی جوگرافی و پێگەی سەرجەم دامەزراوە ستراتیژی و سەربازیییەکانی سوریای لای خۆی جێگیر کردبوو، تا لە کات و هەلێکی وەک 8-10ی کانونی یەکەمی 2024دا بە چڕی بۆردومانیان بکات، تەنیا لە ناوچەی سنوریشەوە کە بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچەی جیاکەرەوەی نێوان سوریا و ئیسرائیلە چەند کیلۆمەترێک بچێتە نێو خاکی سوریاوە، کە ئیسرائیل بە خاکی باشانی تەوراتی دادەنێت.
جیۆستراتیژی پرۆسەی تیری باشان
ئیسرائیل داتا و زانیارییە هەواڵگرییە جوگرافییەکانی ئامادە بوو، ئەوەبوو لە ماوەی 8-10ی کانونی یەکەمی 2024دا و لە ماوەی چل و هەشت کاتژمێردا، لە رێگەی هەردوو هێزی ئاسمانی و وشکانی ئیسرائیلەوە، بە دوو میکانیزم، دوو هێرشی بەم شێوەیەی ئەنجامدا:
یەکەم: ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەموو بنکە و سەربازگە و دام و دەزگا ستراتیژییەکانی سوریا، کە نزیکەی (300 فڕۆکە)ی ئیسرائیلی، بەشداربووە و نزیکەی 300 ئامانجی سوریایان کردۆتە ئامانج و دەکرێت شوێن و پێگە و ئامانجە سەرەکییەکان بەم شێوەیە دەستنیشان بکەین، کە زیاتر فرۆکەخانە سەربازییەکانی وەک (فرۆکەخانەی T4) و بنکەی (بلی) لە باشووری رۆژئاوای سوریا و پۆلی فرۆکەکانی جۆری (Su 22)و Su 24)) سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی جۆری (S200) و (S300) و (بانتسیری S1) بوون.
هەروەها لە هێرشەکەدا دامەزراوەو بنکەکانی چەکی کیمیایی و رۆکێتەکانی سکۆدی لە بنکەی (مەسیاف) لە حەما و بنکەکانی لێکۆڵینەوە و فرۆکەخانەی هێلیکۆپتەر و عەمباری چەک و تەقەمەنی لە نزیک دیمەشق کرانە ئامانج، بڕوانە نەخشەی ژمارە (1)، ئەم پرۆسەیە فرۆکەخانە دورەکانی وەک فرۆکەخانەی قامیشلیشی کە نزیکەی 650کم لە ئیسرائیلەوە دوورە گرتەوە.
هێرشە ئاسمانییەکانی تیری باشان، هەردوو بەندەری لازقییە و تەرتوسیشی لەسەر دەریای ناوەڕاست گرتەوە و بنکە سەربازییە دەریاییەکانی سوریا کرانە ئامانج و نزیکەی 15 پاپۆڕی سەربازی تێکشکێنران، ئەوەی دەزگای هەواڵگری و سەربازییەکان ئاماژەی پێدەکەن نزیکەی 85 % ی توانا سەربازییە ستراتیژییەکانی سوریا لە نێوبراون و تێکشکێنراون.
دووەم: هێرشکردنی زەمینی بۆ نێو قوڵایی خاکی سوریا و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکە لە نێو قوڵایی سوریادا، هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانیەکاندا سوپای ئیسرائیل ناوچەی جیاکەرەوەی نێوان سوریا و ئیسرائیلی داگیرکرد، ئەم ناوچە جیاکەرەوەیە لە ساڵی 1974 بە شێوەیەکی پراکتیکی رۆڵی هێڵی سنووری بینیوە لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا، بەڵام لە پرۆسەی تیری باشاندا، ئیسرائیل بەشێکی زۆری ئەم رووبەرە جیاکەرەوەیەی داگیرکرد، کە لە شاخی ئەلشێخەوە لە باکورەوە دەستپێدەکات بۆ باشوور، لە نزیک سنووری ئوردن لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ئاماژە بە رەهەندێکی سەربازی ئەم پرۆسەیە بکەین، ئەویش گۆڕانی بڕوای سەربازی (العقیدة العسکریة) ئیسرائیلە، لە هێرش و گورزی سنووردار و پێشکاتەوە بۆ بڕوای وەشاندنی گورزی پێشکات و بەردەوام و دوورمەودا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سەربازی و سنووری ئیسرائیل، ئەم پرۆسەیەش (تیری باشان) بۆ ئیسرائیل بووە ئەزموونێکی سەربازی، کە خەسڵەتی ستراتیژی دوورمەودای لێدەخوێنرێتەوە و هاریکاری نێوان دەستەی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلیش (ئەمان) لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا لە پلەیەکی باڵادا بوو.
* پسپۆڕی جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی