پرژە زاهیر جەلال
هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە زمانی هاوبەشی نێوان میللەتانی جیهانە، چ گۆرانی بێت یاخود سینەما و شانۆ، وێنەکێشان و پەیکەرتاشی، شیعر و میوزیک، جیاوازی نییە، زۆرینەی کەلتور و رەسەنایەتی و چیرۆکە ئەدەبی و سۆزدارییەکانی شارێک یاخود وڵاتێک لە رێی هونەرەوە بەرجەستە دەکرێت، دەما و دەم و دەستا و دەست دەچێتە نێو وڵاتانی هاوسێیەوە و بەم شێوەیە زیاتر دەناسرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا هونەر هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ پەرەسەندنی بواری گەشتیاریی هەر وڵاتێک، لەبەرئەوەی لە رێیەوە جوانی سروشت و هونەری تەلارسازی و پێشکەوتنی وڵات و ئاستی باڵای هونەریی پیشان دەدات.
جێی شانازییە میللەتی کورد هەمیشە لە پێشەنگەکانی بواری هونەر و ئەدەبدا ماوەتەوە، ئەگەر بە تایبەت باسی هونەری گۆرانی کوردی هەر چوار پارچە بکەین، لە خانمان و پیاواندا لە کۆنەوە تائێستا، کورد خاوەنی چەندین هونەرمەندی مەزنە، هەر یەکێکیان چێژێکی رۆحی جیاواز لەوەی ترمان پێدەبەخشێت، لەگەڵ ئەو کەم و کوڕییەی لەو سەردەمانەدا هەبووە، لە رووی ئامێری میوزیک و ستۆدیۆ و ئامێری دەنگ پاراستن، بەڵام مێژوویەکی دەوڵەمەند و پڕ شکۆیان بۆ هونەر و ئەدەبی کوردی بەجێهێشت، لەبەرئەوەی هونەر لە ناخ و رۆحیانەوە هەڵقوڵابوو، پێویستی بە کلیپی نیمچە رووت و دەنگی کۆمپیوتەری و رەقس و سەما نەبوو، لەبەرئەو هۆکارانە بۆ هەمیشە ئەو هونەرە رەسەنەیان بە نەمری مایەوە کە تا ئەمڕۆش ئەلف و بێی مەقام و گۆرانین، وەک قوتابخانەن بۆ خۆمان و میللەتانی دیکە.
جێی داخە ئێستا فەوزایەک تووشمان بووە لەژێر ناوی گۆرانی و کۆنسێرت و کەرنەڤاڵ.!
کۆمەڵێک کەسی بێ هونەری دەنگ ناساز ستەیجەکانی کوردستان بۆ مەرامی تایبەتی و کێشەی نیشتمانی بەکاردەهێنن، حاشا هیچ کاتێک ئەم رەقس و سەما بێزراوانە یەکێک نەبوون لە کەلتورمان، جا چ رەقسێکیش وەک ئەوەی تەزووی کارەبا لێی یابێتن، بەڵکو تەنیا شاییەکی جوانی کوردیمان هەیە کە دەلالەتە لە پاکی و دڵخۆشیمان.
پێویستە ئەو چالاکییه هونەرییانەی دەکرێن زۆر بە وردی سەرپەرشتی بکرێن لەلایەن کۆمەڵێک هونەرمەندی رەسەنی کوردەوە، هەر لە هەڵبژاردنی هونەرمەندی گونجاوەوە تا دابینکردنی پۆشاک، دیکۆر، شایی، میوزیک و هۆنراوەی کوردی، زەرورە هێندە مەرج و یاسا هەبێت چوونە سەر ستەیج ببێتە خەون، نەک بکرێته شێتخانەی مەرکەزی، لەبەرئەوەی ئامانجی کۆنسێرت و کەرنەڤاڵ ناساندی کەلتور و رەسەنایەتییە، نەک ئەم شتەی ئێستا دەگوزەرێت، دەبێت چیتر رێگە نەدرێت پرۆدەکشنە بیانییەکان یاخود ئەو بەناو گۆرانیبێژە کوردانەی نا کوردانه دێنە سەر ستەیج ئاهەنگ بگێڕن، گرنگە لیستی رەش بکرێتەوە بۆ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان چالاکی دەکەن، بەڵام خودی چالاکییەکە لە دژی رەسەنایەتی کوردە و خزمەتە بە نەیارانی.