پرژە زاهیر جەلال
ئاشکرایە ژن هێنان و شووکردن پرۆسەیەکی گرنگ و پیرۆزی مرۆڤایەتییە، کە لە رێیەوە ژمارەی دانیشتوان زیاد دەکات بە شێوەیەکی شەرعی و یاسایی، دوور لە پێشێلکاری کۆمەڵایەتی و بەها ئاینییەکان، نێر و مێ بە تێگەیشتنەوە ئامانجەکانی خۆیان دیاری دەکەن بۆ ژیانێکی دوور و درێژی خێزانی، تەمەنی یاسایی هەردوو رەگەز بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی (18)ساڵییە، لە خوار تەمەنی یاساییەوە پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی، پێویستی بە ئامادەبوونی سەرۆکی خێزان یاخود ئەندامانی پلە دوو یان پلە سێ هەیە، جێی خۆشحاڵییە کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا خولێکی خێزانی سێ وانەیی کە سێ سەعات دەخایەنێت بەڕێوەدەچێت، ئامادەبوونی کوڕ و کچ لەم خولەدا کراوەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ وەرگرتنەوەی پشکنینی خوێن و گرێبەستی هاوسەرییان، وانەکانی ئەم خولە بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی هاوسەران لە لایەنی پزیشکی و یاسایی و ئاینییەوە، تا دووچاری هیچ گرفتێکی کۆمەڵایەتی و سەرجێیی نەبنەوە.
تا ئێرە هەموو شتێک تەواوە، بەڵام لێرە بە دواوە هەندێک لە هاوسەران کاتێک دەچنە نێو ئەم پرۆسە هەستیارەوە بە ویست و بێ ویست هەر زوو منداڵ دەهێننە دونیا، لە کاتێکدا ئەگەری ئەوەی بە یەکەوە بەردەوامبن یان جیاببنەوە هیچ روون نییە، لەم نێوەندەدا منداڵێکی بێ ئاگا و بێ تاوان باجی ئەم ژیانە پەرتەوازە بێ شیرازەیە دەدات، کە زۆرجار دایکەکە لەژێر کاریگەریی بێ هەستی و ناپاکی هاوسەرەکەیدا، یاخود باوکەکە لە ژێر گوشاری بێ پارەیی و زۆریی خواستی ژنەکەیدا..هتد سەدان کێشەی دیکە ژیان بەڕێدەکەن، جگە لە ئاژاوە و نەگونجان هیچ بەختەوەرییەک لەم ماڵەدا بوونی نییە، بەڵام دەبینین زیاتر لە منداڵێکی باجدەر بوونی هەیە، لە کاتێکدا ئەو ژینگەیە هیچ سەلامەت نییە بۆ دەروونیان، لەبەرئەوەی ئەم منداڵانە بەبێ پلان و بیرکردنەوەی دایک و باوکەکە هاتوونەتە دنیا، تەنیا هۆکار یان قسەی خەڵکی بووە، یان ئارەزوویەکی کاتی، کاتێک ئەم خێزانە هەڵدەوەشێتەوە، یەکەم زەرەرمەند منداڵەکانن، بە هەموو شێوازێک ژیانیان ئاوەژوو دەبێتەوە، خانەی بێ سەرپەرشتان پڕ پڕن لە منداڵانی بێ تاوان کە بەرهەمی دوو مرۆڤی نا کامڵ و بەپەلە بوون لە هاوسەرگیریدا، خۆ ئەگەر سەیری دەرەوەی خانەی بێ سەرپەرشتانیش بکەین بە سەدان منداڵ و هەرزەکار هەن کە نەچوونەتە ئەو خانەیە بە هۆکاری بەخێوکردنیان لەلایەن ماڵە خزمێک یان کەسێکی نزیکیانەوە، ئەمانیش زۆرینەیان وەک بێ سەرپەرشت هەژمار دەکرێن، لەبەرئەوەی بەخێوکارەکان نزیک لە تەمەنی باڵق بوون لە خوێندن دووریان دەخەنەوە و فڕێیان دەدەنە دەرەوە بۆ کارکردن، کارەساتەکە لێرەوە دەست پێدەکات، تکام وایە هاوسەران تا بە تەواوی رێز و خۆشەویستییەوە یەکتر پەسەند نەکەن بیرۆکەی منداڵ لە مێشکیان دەربکەن.