هـێزی نه‌رم

گەنجانی ئێستا، پیرەكانی ئایندەن

12:02 - 2025-01-20
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
629 خوێندراوەتەوە

ململانێی نەوەكان چەمكێكی كۆنی هەمیشە نوێیە، بەوەدا كە ناچێتە خانەی لەبیرچوونەوە و فەرامۆشكردنەوە، كەواتە هەیە و بەردەوامیشە. رقلێبوونەوە لە پیریی و پیرەكان لەلای زۆرینەی گەنج حاڵەتێكی دەروونییە زیاتر لەوەی بیروباوەڕ بێت، گەنج وادەزانێت بە فەرامۆشكردنی بەتەمەنەكان و بەقسەنەكردنیان و لادانیان لەسەر رێگەی ژیانیان، دەتوانن لە قەدەری پیربوونیان هەڵبێن و ئەو حەتمییەتە نەیەتە دی كە دەڵێت: گەنجانی ئێستا، پیرەكانی ئایندەن، خۆ پێچەوانەكەیشی هەر راست و رەوایە كە پیرەكانی ئێستا رۆژێ لە رۆژان گەنج بوون. یاریی كردنی هەر هێزێك لەسەر پەتی ئەم ململانێ پەنهانە یارییەكی دۆڕاوە، لەبەرئەوەی لە هەموو كایەكانی سیاسەت و داهێنان و ژیانیشدا تەمەن هەرگیز پیوەر نەبووە و نییە بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی سەركەوتوو، وەك چۆن ژنبوون بەتەنیا و پیاوبوون بەتەنیا بنەمانین بۆ هۆكاری چەوساندنەوە یان سەردەست بوون و زاڵبوون و زوڵم و زۆر. جیاوازییەكان نەك هۆكارنین بۆ ململانێی سڕینەوەی یەكتر، بەڵكو دەبێت وا سەیر بكرێن كە هۆكارن بۆ تەواو كردنی یەكتر، نموونەیش بۆ ئەمەیان پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوە. د.جۆن گرەی پێی وایە ژن و پیاو لە دوو ئەستێرەی جیاوازەوە هاتوون، پیاوان لە مەریخ و ژنان لە ڤینۆسەوە، بۆیە نابێت هەوڵی گۆڕینی یەكتربدەن بەڵكو یەكیان قبوڵ بێت بە جیاوازییە زۆرەكانیانەوە. بۆ گەنجان و بە تەمەنەكانیش هەروایە و بۆ پەیوەندیی نێوان منداڵان و گەورەكانیش هەر واترە. ئەو دایك و باوكانەی دەیانەوێت منداڵەكانیان نوسخەیەك بێت لە خۆیان، ئەو داپیرە و باپیرانەیش كە خوازیارن نەوەكانیان شوێن پێیان هەڵبگرن مافی هەڵبژاردنی شێوازی كەسێتی و ستایلی ژیان لە بەرانبەرەكەیان وەردەگرن و رێگە بە بەهرەی خۆدۆزینەوە و هەوڵی خۆدروست كردن بە ریتمی دڵخوازی خۆیان، لە رۆڵە و نەوەكانیان تێكدەدەن، خۆ لەوانەیشە منداڵ و نەوەكانیان لە كۆتاییدا شوین پێی پێشینەكانی خۆیان بە باشترین شێوە هەڵبگرن، بەڵام ئەمجارەیان بە خواست و ئیرادەی خۆیان. لە سەردەمێكی ئاڵۆزدا كە ململانێ جیهانییەكان لە ترۆپكی تەشەنە سەندندان، واباشە هیچ نەبێت ئارامییەك بۆ ماڵەكانمان و كۆمەڵگە ستەم دیدەكەمان بهێنینەدی و واز لە سێبەری خۆخەریك كردن بهێنین بە ململانێیەكەوە كە رەوتی مرۆڤایەتی بەرەوپێش دەبات وەك ململانێی نەوەكان و نێوان رەگەز و تەمەنە جیاوازەكان، واباشترە لە قەبارەی راستەقینەی خۆیان گەورەتریان نەكەین، لەبەرئەوەی ئەوە حوكمی سروشتە كە جیاوازییەكانمان بكەینە خاڵی هێزێكی نەرم، بۆئەوەی بیسەلمێنین ئێمە باشترینین.

وتارەکانی نوسەر