هـێزی نه‌رم

دەروازەیەک بۆ ئاهی، ژنانی کرێکار

10:17 - 2025-01-27
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
733 خوێندراوەتەوە

لە ساڵانی شەست و حەفتاکانیشدا، داواکردنی مافی کارکردن و خوێندن بۆ ژنان، بە رێگەی ئازادبوون و رزگاربوونی ئەو توێژە لە چەوساندنەوە وێنا دەکرا، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە پێشکەوتنەکانی جیهانیان لە رێی دروشمەوە فۆتۆکۆپی دەکرد و لە کرۆکی گۆڕانکارییەکان تێنەدەگەیشتن، بەڵام بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە. بۆ ئەو سەردەمە و ئێستایش گرنگە و گرنگیش بوو، بە مێینەکان بووترایە هیچ رێگەیەک بە خوێندن و کارکردنیشەوە ژنان بەرەو رزگاربوونی رەها و تەواوەتی نابەن، لەبەرئەوە دەبێت ژنان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ شێوە نوێ و سەردەمیی و پێشکەوتووەکانی چەوساندنەوەکانیاندا دەکەن. ئەو ئەرکەی ئازادیی کارکردن دەیخاتە ئەستۆی ژنان و کچان بەبێ یاسای پاراستن و مافی دابینکردنی پێداویستییەکانی، لە هەوڵی وەکو ئینسان سەیرکردنیەوە دەگۆڕێت بۆ کارەسات، نموونەیش بۆ ئەم خاڵە جەوهەرییە ئەوەیە، ژن و پیاو وەک یەک لە دەرەوە کاربکەن و پیاوەکە موچە و ئیمتیازاتی زیاتربێت، کە بەیەکەوە گەڕایشنەوە بۆ ماڵەوە پیاوەکە لەبەر قسەوقسەڵۆکی کۆمەڵگە، بە هیچ جۆرێک یارمەتیی ژنەکەی نەدات لە ئیشی ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵدا، یان ژن دوو گیان بێت و مۆڵەتی دایکایەتیی لە کاتی پێویستدا پێ نەدرێت، یان کچانی گەنج کە بەهیوای پێکەوەنانی ژیانی شەرەفمەندانە دێنە دەرەوە بۆ کارکردن، گێچەڵی سێکسییان پێ بکرێت، هەندێکیشیان تەعدایان لێ دەکرێت، ئەو کاتە دەپرسن ئەمە چ ئازادییەکی مەترسیداربوو؟ هەر لەبەرئەوە پاراستنی مافی کرێکارەکان و هەموارکردنی یاسای کار بەپێی پێشکەوتنە خێراکانی کۆمەڵگەکەمان هەنگاوێکی پڕ بایەخی پەرلەمانی ئایندەی هەرێمەکەمانە. یاسای کاری عیراقیی ژمارە 71 کە لە ساڵی 1987دا دەرچووە و لە 2015دا هەموارکراوەتەوە، پڕۆژە یاسای کاری پەرلەمانی کوردستانیش هەموو ئەمانە نەیانتوانیووە، یاسای کار بە شێوەیەکی باشتر رێکبخەن لەبەرئەوەی هەندێ دیاردەی وەک هاتنی بەلێشاوی کۆمپانیای کاری کرێکاری بیانیی بۆ هەرێمی کوردستان، چارەسەر نەکراون لەبەرئەوەی بەر لە هاتنی مۆدێلی کارگوزارەکانی ماڵان و شوێنە گشتییەکان ئەم یاسا و پرۆژە یاسایانە خراونەتە روو. هاتنی کرێکاری بیانیی لەرێی قاچاغەوە یەکێکی دیکەیە لەو رێگرییانەی کرێکار نەتوانێت بە دوای وەرگرتنی مافەکانیدا بچێت، هەندێجاریش لەلایەن خاوەنکارەوە دەستدەگیرێت بەسەر ناسنامە و بەڵگەنامە کەسییەکانیدا. کێشەی ئەو ژنە کرێکارە بیانیانە ئەگەرچی نەبۆتە دیاردەیەکی گشتگیر بەپێی ئەوەی کورد میللەتێکی میهرەبانن، بەڵام ئەگەر ژنانی کۆمەڵگەکەمان هێشتا بەدەست بێ مافییەوە بناڵێنن دەبێت حاڵی ئەوانە چۆن بێت کە کۆیلەی کۆیلەکانن؟

وتارەکانی نوسەر