تیۆری ئەسپی تۆپیو

09:32 - 2025-01-22
فەرید دڵشاد
78 خوێندراوەتەوە

فەرید دڵشاد

تیۆری ئەسپی تۆپیو، ئەوە روون دەكاتەوە هەندێك كەس، یان دامەزراوە هەن مامەڵە لەگەڵ كێشەیەكی ئاشكرا و روون دەكەن وەك ئەوەی لە كێشەكان تێنەگەن، لەبری ئەوەی دان بە راستییەكاندا بنێن، لێهاتووانە پاساو دەهێننەوە بۆ كێشەكان. 
 واقیعەكە ئەوەیە، ئەو كەسانەی لەبری ئەوەی چیدی بەهیوای ئەسپی تۆپیوو نەبن و رێوشوێنی دیكە بگرنەبەر، کەچی زینێكی نوێی بۆ دێنن یان ئالیك بۆ ئەسپەكە دەهێنن یان ئەسپ سوارەكە دەگۆڕن، یان مەیتەرەکە دەبێت لە كارەكەی دووردەخەنەوە و كەسێكی نوێ لە شوێنی ئەو دادەمەزرێنن، یان كۆبوونەوە دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رێكارەكانی زیادكردنی خێرایی ئەسپەكە یان پێكهێنانی لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەسپە مردارەوەبووەکە.  لیژنەكەش بۆ چەند مانگێك كار دەكات و دواتر راپۆرت و پێشنیازی چارەسەری بۆ ئەسپە تۆپیوەكە پێشكەش دەكات.
هەرچەندە لیژنەكە دەگەنە هەمان ئەنجام كە هەر لەسەرەتاوە دیار بوو كە ئەسپەكە مرداربۆتەوە، بەڵام بەو هەموو هەوڵ و ئیمكانات و كاتانەی بەفیڕۆ دەدرێن، داننانێن بە راستییەكان و پاساوی بۆ دەهێننەوە، ئەسپەكە بەراورد دەكەن بە ئەسپە مردارەوەبووەكانی دیكەی هاوشێوەی، پێشنیازی ئەوە دەكەن ئەسپەكە مرداربۆتەوە، چونكە مەشق و راهێنانی پێ نەكراوە و پێویستی بە خولێكی راهێنان هەیە و پێویستی بە زیادكردنی بودجە و ئالیك هەیە، لە كۆتاییدا وشەی مردارەوەبوو پێناسە دەكەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان قەناعەت پێ بكەن كە ئەسپەكە هێشتا زیندووە.
تیۆری ئەم ئەسپە، بەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراقدا دەشوبهێنرێت، هەموو مانگێك وەفدێكی هەرێم دەچێت بۆ بەغدا پێیانوایە كێشەكان چارەسەر دەكرێت، هەر جارەو پاساوێك بۆ كێشەكان دەهێننەوە، لە رێگەی راگەیەنراوەوە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت ئەركەكانی سەرشانمان جێبەجێ‌ كردووە، بەڵام دەست ناخەنە سەر برینەكان كە بەغدا داوای داهاتی ناوخۆی هەرێم دەكات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكان، بەڵام وەفدی هەرێم تەنها خەریكی كات بەفیرۆدانن و دەیانەوێت كێشەكە بە سیاسی چارەسەر بكرێت.
 لەدوایین هەوڵیشدا دەیانەوێت كارتی سووتاوی كشانەوە لە حكومەتی عیراق بەكاربهێنن بۆ چارەسەری كێشەكان، بێ‌ ئاگان لەوەی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی زۆر نەرمیی نواندووە بۆ هەرێم لەچاو حكومەتەكانی پێشوو لە ناردنی مووچە و چارەسەری كێشەكان، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات هەرێم نایەوێت داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، بەڵكو دەیەوێت لە ئینكاریی لە واقیعدا بمێننەوە، كات و ماندووبوونیان لە هەوڵە شكستخواردووەكاندا بەفیڕۆ بدەن، ناچن  لەسەرەتاوە دان بە كێشەكەدا بنێن و چارەسەری بكەن داهات رەوانە بكەن.

وتارەکانی نوسەر