پەندوەرنەگرتن لە رووداوەكانی ناوچەكە..!

09:36 - 2025-01-29
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
87 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

  شەڕی ئیسرائیل -غەززە، ئیسرائیل -لوبنان و ئەو تراژیدیا مرۆیی و زیانە سیاسی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی و عیمرانییانەی كە بەدوای خۆیاندا هێنایان، لەگەڵ هەموو ئەو دەرهاویشتانەی كە یەكیەك لێیان كەوتنەوە، وەك زیاندان لە نفوزی روسەكان لە ناوچەكە، سیاسەتی خۆپارێزیی ئێرانییەكان لە شەڕانگێزیی تەلئەبیب، كەوتنی رژێمی ئەسەد، هەڵتەكاندنی پایەكانی حزبوڵڵا، بێدەنگكردنی گروپە چەكدارەكانی عیراق، راگرتنی تەماحی حوسییەكانی یەمەن، كپكردنی هەڵوێستی جیهانی عەرەبی و زۆری تر، ئەو بەڵگەنەویستەیان سەلماند كە ئاسایشی ئیسرائیل، لە سەروو تەواوی دۆسێكانی تری ناوچەكەوەیە، نەك تەنها بۆ ئەمریكا، بەڵكو بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و جیهان بەگشتی.
  ئەو دوو جەنگە و لێكەوتەكانیان، كە زەرەرمەندی سەرەكیی تیایاندا جیهانی عەرەبییە بەگشتی و هێزی تری هەرێمایەتی، قوربانیی گەورەش تیایاندا فەلەستینی و لوبنانییەكان بوون، ئەوەیان بۆ رای گشتیی جیهان ساغكردەوە كە ئەو دۆسێیە، هێڵی سوورە، ئەو جەمسەرگیرییە دراماتیكییەش كە لە دەوری خۆی كۆیدەكاتەوە، گەواهیی ئەوەیە كە ئیسرائیل نەك هەر خۆی یەدەكی خۆپاراستنی كردووە لە هەڕەشەی دەرەكی، بەڵكو سەرەڕای ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، توانیویەتی بچێتە ناو تۆڕی بەرژەوەندی و ئیعتیباراتی ستراتیژیی، ئابووری، جیۆسیاسی، ئەمنیی زلهێزەكانی جیهانیشەوە، لەسەروویانەوە ئەمریكا، بۆیە زۆر بەئاسانی دەتوانێت پاڵپشتیی كۆمەڵێك زلهێز بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بگرە وڵاتگەلێكی عەرەبی و ئیسلامییش بهێنێتە ناو سیاسەتی دوورگرتن لەهەر تێوەگلانێك لە هەڕەشە بۆ سەری، نەك هەر ئەوە، بەڵكو ناچاركردنیان بە هاریكاریی هەواڵگری و بازرگانییش! تا دەگاتە ئیمزاكردنی هەندێ رێككەوتنامەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییش، كە نموونەی دیاریان رێككەوتنامە ئیبراهیمییەكانە.
 باسكردنی ئەم فاكتانە بۆ خۆمان، هەر بۆ بیرخستنەوە نین، بەڵكو بۆ پەند لێوەرگرتنن. بە حیكایەتی گەورەی ئەفسانەیی و ئاینیی جولەكە بێت، ئەوان لەسەر خاكی خۆیانن و لەسەرزەمینی میعاددان، بۆیە بەرگرییان رەوایە و چارەنووسسازە. بە حیكایەتی ئاینی و مێژوویی جیهانیی عەرەبی و ئیسلامییش بێت، قەوارەی ئیسرائیل زادەی بەڵێنی بلفۆر-ە(1917ز) و چاندنی شێرپەنجەیەكی ناكۆتایە لە جەستەی فەلەستیندا. لە دەرەوەی حیكایەتەكانیش واقع ئەوەیە كە ساڵ بۆ ساڵ ئەو قەوارەیە جڵەوی زیاتری چارەنووسی ناوچەكە دەگرێتەدەست، بە ئاشكرا بانگەواز بۆ گۆڕینی نەخشەی جیۆسیاسیی دەكات، نهێنییەكەش تەنها پاڵپشتیی هاوپەیمانە ئەمریكی و رۆژئاواییەكانی نییە، بەڵكو ستراتیژی خۆبەهێزكردنە، بایەخدانە بە ئابووری و بازرگانی، زانست، تەكنەلۆژیا، دیپلۆماسییەت، توانای سەربازی و هەواڵگری، ماركێتینگی سیاسی و میدیایی بۆ(رەوایەتی)ی قەوارەكە. ئەمما كورد لە ناوچەكەدا، كە هیچ حیكایەتێكی دژبەیەكی وای لەسەر نییە و بە دۆست و دوژمنیشەوە دەزانن كە نەتەوەیەكی مافخوراوە، پەند لەم ئەزموونانە وەرناگرێت و ستراتیژێكی نییە. روانگەی سیاسەتكردن و مانۆڕیشی بەرتەسكە، خۆ ئەگەر بە هاندان و فشاری دۆستان نەبێت، هیچ هاوئاهەنگییەكی نەتەوەییش بەخۆوە نابینێت، تەنانەت لە باشووردا بەهۆی هەڵەی سیاسی و ستراتیژی و گوێنەگرتن لە زلهێزەكان، ئەمڕۆ قووت و مووچەی دانیشتووانیش، لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیدایە. 

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر